بۆچی دیداری یەکێتی جۆرێکە لە دیموکراسی ڕاستەوخۆ؟

02/06/2022
2090 جار خوێندراوەتەوە

فەرهەنگ فەرەیدون نامدار

فەرهەنگ فەرەیدوون نامدار توێژەر و نوسەری سیاسیە و نوسینەکانی لە رۆژنامە نێودەوڵەتییەکاندا بە چەندین زمان بڵاوبوونەتەوە.

دیداری یەکێتی بازنەی بڕیاردانی لە بازنەیەکی بچوکەوە بۆ بازنەیەکی گەورە فراوان کرد.

فراوانکردنی بازنەی بڕیاردان و بەژداری پێکردنی زانستییانەی ھەموو ئەندامانی یەکێتی و بەشێک لە ئەکادیمیستانی کوردستان و عێراق ھەنگاوێکی گەورەی دیموکراسیە. چوونکە یەکێک لە جیاکەرەوە سەرەکیەکانی دیموکراسی لە سیستەمەکانیتر گەورەی بازنەی بڕیاردانە. سیستەمی دیکاتۆری بازنەی بڕیاردان لە دەستی چەند کەسێکی کەمدا قەتیس دەکات و دانیشتوانی ئەو وڵاتە ھیچ زانیاریەکیان لەسەر پێش و پاشی سیاسەتەکان نابێت، بەم شێوەیە بۆشاییەک و کێشەی جدی دەکەوێتە نێوان خەڵک و دەسەڵات.

ھەچەندە لەم سەردەمەدا بەھۆی زۆر بوونی دانیشتوان و گەورەبوونی شارەکانەوە، دیموکراسی ڕاستەوخۆ یاخود دیموکراسی بێخەوش زەحمەتە، بەڵام دیداری یەکێتی دیموکراسی ڕاستەوخۆیە بەوەی کە توانی بەژداری بە ھەموو ئەندامانی یەکێتی و خەڵکانی دەرەوەی یەکێتیش بکات بۆ داڕشتنی سیاساتی کوردستان و یەکێتی. نەک ئەوەی تەنها لە ڕێگەی نوێنەرەکانییانەوە بڕیار بدرێت. 

بەژداربوونی ھەموو شارەکانی عێراق و کوردستان لە ماوەی شەش مانگدا بۆ داڕشتنی سیاساتە درێژخایەنەکانی یەکێتی ئەوە نیشان دەدەن، بڕیاردان ناکرێت تەنھا لە سەرەوە بێت بەڵکو دەبێت لە خوارەوە پشگیری بکرێت و بەژداریشی تێدابکرێت.

دیداری یەکێتی بەژداریکردنی لەسەر توانا و توێژینەوە دیاری کردوە کە ئەمەش ھاندەرێکە بۆ شەنوکەوکردنی بابەتەکان و دۆزینەوەی چارەسەرەکان کە تا ڕادەیەکی باش و نوێ و خاڵیان دەکاتەوە لە بەرژەوەندیە تایبەتیەکان. بە جۆرێک ھەموو کەسێک چمکێکی پێشنیاز و سیاساتەکان بگرێت خواستی گروپێکی بچوک و تایبەت زاڵ نەبێت.

دیدارەکە ساڵانە و بەم شێوەیە لێپێچینەوە و پێداچونەوە دروست دەبێت. ساڵ بە ساڵ خەوشی بڕیار و سیاساتەکان کەمتر دەبن و زیاتر خزمەتی گشتی دەکەن.

لەم سەردەمەدا پەیوەندیەکان ھێندە فرە و ھەمەجۆر بوون، زەحمەتە ھیچ کەس گروپێک بە تەنھا بتوانێت ھەموو زانیاریەکان کە لە ئەنجمانی ئەم پەیوەندیانەوە دروست دەبن لەیەکبداتەوە و ڕاستی و دروستیان ھەڵسەنگێنێت و پاشان لەو زانیاریانە بڕیارێکی گونجاو دروست بکات.

ھەمیشە خەڵکانی ناوچەیەک یان شارێک باشتر لە کێشە و چارەسەری گونجاو بۆ ئەو ناوچەیە دەزانن وەک لەوەی کەسانێک لە ناوچەیەکی دوورەدەستەوە بڕیار بۆ چارەسەر کردنی کێشەی ئەو ناوچەیە بدەن، دیدارەکە دەسەڵاتی گەڕاندەوە بۆ گوند و شارۆچکە و شارەکان و ئەمەش خەسڵەتێکیتری دیموکراسیە کە دەسەڵات دەبێت لەلایەن گەلەوە بێت. هەروەها، هەر بڕیارێکیش لەو دیدارەدا بدرێت شەرعێتی هەموو ئەندامانی یەکێتی و کۆمەڵانی خەڵکی کوردستانی دەبێت. 

لەم سەردەمەدا سیاسەتوانان لەبەر سیاسەتی ڕۆژانە کەمترین کاتیان بۆ حکومڕانی ھەیە و پێویستە زانستیانە و بابەتییانە پێشنیاز ئامادە بکرێت و ئاراستەی سیاسیەکان بکرێت بۆ ئەوەی جێبەجێ بکرێن و لەگەڵ ژینگە سیاسیەکەدا بگونجێنرێن. بە ھەمان شێوە ئەکادیمیست و شارەزایانی مێژوو و ئابوری و دارای و بوارەکانیتر ھێندە شارەزای ژنگە سیاسیەکە نین و بە تەنھا ناتوانن چارەسەری گونجاو بۆ کێشەکان بدۆزنەوە و یاخود دەستنیشانیان بکەن.

دیداری ساڵانەی یەکێتی ئەو بڕوایە دەداتە ئەندامانی و خەڵکی کوردستان کەوا ئەندامبوون لە حزبدا تەنھا دەستکەوتی ماددی نیە بەڵکو بیروبۆچونیان گرنگە و ھەموو کەسێک دەتوانێت کاریگەری لەسەر کۆمەڵگەکەی ھەبێت و بەم شێوەیە یەکسانی و دادپەروەری و زانست بۆ دروستکردنی بڕیار دەگەڕێنێتەوە.