لە عێراق حکومەتی کاربەڕێکەر ھەیە؟ دادگای فیدراڵی وەڵامی چیە؟

16/05/2022
428 جار خوێندراوەتەوە

هاوڕێ تۆفیق

پاش ئەوەی ژمارەیەک پەرلەمانتار داوایەکیان بۆ سەرۆک کۆمار بەرزکردوە کە تیایدا داوا لەسەرۆک کۆمار دەکەن بەپێی ئەو دەسەڵاتەی کە دەستور پێی بەخشیوە داواکەی ئەمان کە خۆی ئەبینێتەوە لە پرسیارێک لەسەر چەمکی کاری رۆژانە لە  حکومەتی کاربەرێکەر بۆیان بنێرێت بۆ دادگای فیدراڵی، ئەویش لەلای خۆیەوە داواکەی بۆ دادگای فیدراڵی ناردوە.

ئاشکرایە پرسیارکردن لەسەر تەفسیری ماددە دەستورییەکان لە پسپۆری سەرۆک کۆمار و سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران و سەرۆک وەزیرانە .

پرسیارەکە تایبەتە بە تەفسیرکردنی دەستەواژەی کاری رۆژانە بەپێی ماددەی٦٤ برگەی دووەمی دەستور، ماددەی ٦٤ باسی ھەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان دەکات بە سێ یەکی دەنگی ئەندامان یان بە پێشنیاری سەرۆک وەزیران و رەزامەندی سەرۆک کۆمار، ئەو کاتە بە دەنگدانی زۆرینەی رەھای ئەندامان پەرلەمان ھەڵدەوەشێتەوە .

لە برگەی دووەمی ماددەی ٦٤ باسی ئەوە دەکات لەو کاتەدا پێویستە لە ماوەی ٦٠ رۆژدا ھەڵبژاردن بکرێتەوە ، کاری حکومەتیش بۆ رایکردنی کاری رۆژانە دەبێت، پرسیارەکەی ئەم پەرلەمانتاراتە لەسەر ئەو برگەیەی کاری رۆژانەیە، ئەیانەوێت بزانن ئەم حکومەتەی ئێستا، کاربەرێکەرە، یان نا؟ مانای کاری رۆژانە چیە؟ 

ئاشکرایە باسی حکومەتی کاربەرێکەر بە روونیی و بەئاشکرایی لە دەستوردا باس نەکراوە، دەرئەنجام دادگای فیدراڵی بریاری خۆی بۆ شیکردنەوەی ئەو مادە دەستورییە روون کردۆتەوە. بەڵام ئەمجارەش وەکو باقی جارەکانی تر ھەندێک برگەی بریارەکەی دادگا تێکەڵاو و لاستیکی و فرە رەھەند و فرە مانایە!

بە کورتی ئەم خاڵانە برگەی سەرەکی بریارەکەن؛

یەکەم:
مانای حکومەتی کابەرێکەر،  ئەو مانایە کە حکومەت کەوتبێتەوە ناوەندی ئەم دوو حاڵەتەوە، حاڵەتی یەکەم، حکومەت دەستی لەکارکێشابێتەوە یان لە حکومی دەستلەکارکێشانەوەدابێت، حاڵەتی دووەم، دروستکردنی حکومەتی تازە، ئاشکرایە بەپێی مادەی ٤٨ دەستور ھەردوو دەسەڵاتی جێبەجێکردن و یاسادانان دوانەییە، پەرلەمان کە دەسەڵاتی یاسادانە لە دوو بەش پێکھاتوە، ئەنجومەنی نوێنەران و ئەنجومەنی فیدراڵ ، دەسەڵاتی جێبەجێکردنیش دوانەییە و لە سەرۆک وەزیران و سەرۆک کۆمار پێکھاتوە، بەپێی دەستور پرەنسیپی جیاکردنەوەی دەسەڵاتەکان لە یەکتری چەسپاوە بە گوێرەی مادەی ٤٧. حکومەت لەلایەن پەرلەمانەوە شەرعیەتی پێ دەدرێت وھەر لەلایەن پەرلەمانیشەوە بەگوێرەی مادەی ٦١ برگەی ھەشتەم متمانەی لێ دەسێنرێتەوە.

دووەم؛
سیستەمی پەرلەمانی بەشێوە زاڵەکەی لە کۆمەڵێک حزبی دژبەیەک و خاوەن رای جیاواز پێکدێت .رێکەوتنی حزبەکان کارێکی قورسە. ھەر بۆیە بەدەستھێنانی زۆرینەی رەھاش بۆ دەنگدان بۆ سەرۆک وەزیران کارێکی زۆر سەخت و دژوارە. حکومەتیش بەھەواو ھەوەسی حزبەکان دەبێت و رووبەرووی دەستلەکارکێشانەوەش دەبێتەوە، بۆ پرکردنەوەی ئەو بۆشاییە ھەتاوەکو حکومەتی تازە پێکدەھێنرێت ،پێویستە ئیشوکار رۆژانەی خەڵک  لەلایەن حکومەتی دەستلەکارێکشاوە رایی بکرێت و خزمەتی گشتی دەوڵەت بەردەوام بێت.

سێیەم؛
بەگوێرەی دەستور ،حکومەتی کاربەرێکەر لە دوو حاڵەتدا دێتە دی؛ ئەوانیش کەبەپێی ماددەی ٦٤ پەرلەمان خۆی ھەڵدەوەشێنێتەوە ،یان حکومەت دەست لەکاربکێشێتەوە. لە زۆربەی دەستورەکانی دونیا بەھەمان شێوە ھی عێراقیش، کاتێک کە پەرلەمان خۆی ھەڵدەوەشێنێتەوە پێویستە بە زووی ھەڵبژاردن بکرێتەوە ،ھەتاوەکو ژیانی پەرلەمانی بەردەوام بێت .ھەر بۆیە بە گوێرەی دەستور پێویستە لە ماوەی ٦٠ رۆژدا سەرۆک کۆمار داوای ھەڵبژاردن بکات و بەپێی مادەی ٦٤ برگەی دووەم لەم حاڵەتەدا و لەو ماوەیەدا حکومەت بە دەستلەکارکێشاوە حسابەو ئیشوکاری رۆژانە رایی دەکات.

چوارەم:
بەھەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان، ئیتر کاری رەقابی پەرلەمان بەسەر حکومەتەوە تەواو دەبێت. بەمەش حکومەت لە حکومەتێک کە خاوەنی دەسەڵاتی تەواوە، دەبێتە حکومەتی کاربەرێکەر.  بەمەش حکومەت لە حوکمی دەست لەکارکێشاوەدا دەبێت. چونکە ئەسڵەکەی کە متمانەی پێ بەخشیوە کە پەرلەمانە ئەو دەستی لەکارکێشاوەتەوە.  بۆیە ئەمیش ھاوتای پەرلەمان حوکمی دەستلەکارکێشاوەی بەسەردا دەسەپێت. ئەمە وەکو قۆناخی یەکەم، بەم پێیەش لەو ماوەیەدا نابێت حکومەت بریاری گەورەو گرنگ دەربکات ،کە کاربکاتە سەر داھاتوی نەتەوە.

قۆناخی دووەم، ئەو کاتەیە کە دەکەوێتە نێوان پەسەندکردنی ئەنجامی ھەڵبژاردن لەلایەن دادگای دەستوریی و سوێندخواردنی ئەندامانی پەرلەمانەوە.لەم حاڵەتەشدا تەسلیمی ئەو رایە نابین کە پەسەندکردنی ئەنجامی ھەڵبژاردن بەمانای سەرەتای ژیانی تازەی سیاسی بێت و حکومەت ھەموو دەسەڵاتێکی ھەبێت. 

پێنچەم:
کاتێک ئەنجامی ھەڵبژاردن پەسەندکرا حکومەتی پێشوو کە بەردەوامەو ھێشتا حکومەتی تازە پێک نەھاتوە لەنێوان دژ بەیەکیدا ،چونکە ئەم پەرلەمانە تازەیە متمانەی بەو ئەو حکومەتەی پێشوو نەداوە، ھەر بۆیە مافیشی نیە متمانەی لێ بسەنێتەوە  ،چونکە ئەم حکومەتەی پێشوو، پەرلەمانی پێشوو متمانەی پیداوە  .تەنانەت لە ئەسڵدا متمانەی لەمان وەرنەگرتوە، ھەتاوەکو ئەمان متمانەی لێ بسەننەوە .بۆیە ئەم حکومەتە چونکە پەرلەمانی پێشوو نەماوە ،کەواتە لە حکومی حکومەتێکی دەستلەکارکێشاوەدایە. 

شەشەم:
پاش ئەو گۆرانکارییانەی کە لە پاش ٢٠٠٣ روویانداوە لە قانونی ئیدارەی دەوڵەت بۆ قۆناخی گواستنەوە لە مادەی ٤٠ بە روونی بیرۆکەی حکومەتی کاربەرێکەرھاتوە. کاتێک دەڵێت ئەگەر کابینەی وەزاری لە ماوەی ٣٠ رۆژدا متمانەی وەرنەگرت، ئەوا دەمێننەوە بۆ راییکردنی ئیشوکارەکان ھەتاوەکو ٣٠ رۆژ لە پێکھێنانی وەزارەتی تازە.  بەمەش بەروونی بیرۆکەی حکومەتی کاربەرێکەر ھاتوەو باسکراوە.

حەوتەم؛
دەقی مادەی ٤٢ برگەی یەکەم لە پەیرەوی ئەنجومەنی وەزیران ژمارە ٢ ی ٢٠١٩ دەڵێت ؛ئەنجومەنی وەزیران بەردەوام دەبێت لەسەر کارەکانی رایکردنی کاری رۆژانەی دەوڵەت ھەتاوەکو وەختی پێکھێنانی حکومەتی تازە لەم حاڵەتانەدا؛
ڕ : تەواوبوونی تەمەنی خولی پەرلەمان
ب: لێ سەندنەوەی متمانە لەسەرۆک وەزیران، یان ئەنجومەنی وەزیران. 
ج. ھەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان . 
ھەر بەپێی برگەی دووەم کە ھەمان مادە دەڵێت ؛مەبەست لە کاری رۆژانە رایکردنی مامەڵەکانە کە بەپەلەن و ناتوانرێ دوابخرێت وکاریگەری خراپی لەسەر خزمەتی دەوڵەت و گشتی دەبێت. بەڵام نابێت دامەزراندن لە پۆستی باڵا بکات، یان قەرزبکات ،یان پێداچونەوە بە پەیکەربەندی دەوڵەتدابکات. 
لە کۆتایدا دادگا ئەمە تەفسیرەکەیەتی بۆ مانای دەستەواژەی کاری رۆژانەی حکومەتی کاربەرێکەر:...
مانای حکومەتی رایکردنی رۆژانە ،ئەو حکومەتە گوێزراوەیە (متەحەول) ە لە حکومەتێکی سروشتی خاوەن دەسەڵاتی تەواو ،بۆ حکومەتێکی دەسەڵاتداری سنوردار.  ئەم بە دوو حاڵەت دێتە دی؛ 

یەکەم؛
لێ سەندنەوەی متمانە لەسەرۆک وەزیران ،ھەتاوەکو پێکھێنانی ئەنجومەنی وەزیرانی تازە، بەگوێرەی ئەحکامی مادەی ٦١ ھەشتەم .

دووەم ؛
لە کاتی ھەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان بە گوێرەی مادەی٦٤  برگەی یەکەم ی دەستور .
لەھەردوو ئەو دوو حاڵەتەی سەرەوەدا حکومەت بە دەستلەکارکێشاوە دادەنرێت و کاری رۆژانە رای دەکات کە خۆی دەبیبێتەوە لە دەرکردنی بریار و گرتبەری رێوشوێنی گونجاو بۆ رایکردنی کاری دەوڵەت کە بەردەوامی بدات بە خزمەتی دەوڵەت و خزمەتی گەل .

نابێت  قەرار دەربکات کە پاڵنەری سیاسی ھەبێت  کە کاریگەری گەورەی لەسەر داھاتوی سیاسی  و ئابوریی و کۆمەڵایەتی عێراق ھەبێت، نابێت پرۆژەی قانون پێشکەشبکات نابێت قەرزبکات و دامەزراندن لە پۆستی باڵادا بکات، یان پێداچونەوە بە پەیکەربەندی دامەزراوەکانی وەزارەت و فەرمەنگەکان بکات. 

رای نوسەر؛
١:لە راستیدا دادگا بەھیچ شێوەیەک توخنی ئەم دۆخەی حکومەتی ئێستا نەکوتوە کە کاربەرێکەرە، یان نا؟ چونکە بەپێی قەراری دادگا لە دوو حاڵەتدا دەبێت بەکار بەرێکەر، کە ھیچ کامیان نیە. ئەوانیش نە سەرۆک وەزیران متمانەی لێ سەندراوەتەوە، نە پەرلەمانیش ھەڵوەشاوەتەوە. کەواتە ئەی ئەم حکومەتی ئێستا چیە؟ وەڵامی ئەم پرسیارە بوونی نیە .چونکە لە بنەرەتدا پرسیاری ئەمەی لێ نەکراوە بەڵکو پرسیار دەربارەی دەستەواژەی کاری رۆژانەی لێکراوە.

٢: دادگا کەوتۆتە ھەڵەیەکی گەورەوە کاتێک دەڵێت بیرۆکەی حکومەتی کاربەرێکەر لە قانونی ئیدارەی دەوڵەت بۆ قۆناخی گواستنەوە ھاتوە. ئەمە لە کاتێکدا لە دەستوری عێراق کۆتایی بەو قانونە ھێناوەو  ھەر نەماوە ئیتر چۆن دەیکەیتە بنەما بۆ تەفسیر!

٣: پرسێکی لەبارەی ئەم حکومەتەی ئێستاوە یەکلایردۆتەوە ئەویش  ئەم پەرلەمانەی ئیستا ،مافی نیە متمانەی لێ بسەنێتەوە ،چونکە ئەمان متمانەیان پێ نەبەخشیوە.

٤: دەقی ناوەرۆکی بریاری دادگا پێکھاتوە لە حەوت قەراری تەفسیریی بۆ وەڵامی پرسیاری ئاراستەکراو.

لە خاڵەکانی پێشوودا دادگا روونکردنەوەی پیویستی نوسیوەو ئەم حکومەتەی ئێستای بە (حکومەتی دەستلەکارکێشاوە )داناوەو حومکی (حکومەتی کاربەرێکەری) بەسەردا سەپاندوە. 

دژ بەیەکی لە دەقی قەرارەکەدا ھەیە قەراری برگەی سێیەم دژی حەوتەمە تەواو ناکۆکە  چونکە بەپێی برگەی سێیەم ئەم حکومەتە کاربەرێکەرەو دەستلەکارکێشاوەیە،  بەڵام بەپێی برگەی حەوتەمی قەرارەکە حکومەت کاتێک دەبێت بە حکومەتی کاربەرێکەر لەم دوو حاڵەتەدا ئەوانیش ھەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان یان لێسەندنەوەی متمانە لەسەرۆک وەزیران بێگومان بۆ ئەم حکومەتەی ئێستا ئەمە رووی نەداوە کەواتە ئێستا کامیان راستە برگەی سێیەم یان حەوتەم واتە ئێستا ئەم حکومەتە ھەڵویستی دەستوریی چۆنە؟ کاربەرێکەرە یان نا؟

وەڵام ؛تەنھا خوای گەورەو دادوەرەکان دەیزانن ،چونکە بریارکە روون و ئاشکرا نیە!