لە باوەکەوە بۆ کوڕ، دیپلۆماس و سەرکەوتوو ...

29/03/2022
989 جار خوێندراوەتەوە

بەشدار عبدالرحمن

باسکردن لە سەروەرییەکانی یەکێتی بۆ ھەمووان جێگای شانازییە و پێویستە دەست بە مێژووی پڕ لە دەستکەوتی بگیرێت، بەڵام شەڕی داھاتوو و مانەوەیەکی بەھێزی وەک ئێستا ئەرکە و دەبێت بکرێت.

ئەو جووڵە سیاسییانەی ئەم دواییەی وەفدی باڵای یەکێتی نیشتمانی کوردستان بە سەرۆکایەتی بافڵ جەلال تاڵەبانی لە پرسی یەکلایی کردنەوەی پۆستی سەرۆک کۆمار لە ھەموو ڕوویەکەوە وەک کار و کردەوە ھۆکارێکی بەجێن و جێگەی شانازین، بۆ ئەوەی جارێکی دی حەق بدرێتەوە بە خەرمانەی دەسکەوتەکان و بپارێزرێن و، شانازیش بە پێگە و سەنگی یەکێتی لە ھاوکێشە و ڕووداوەکان بکرێت، یەکێتییەک بۆ پاراستنی ئایندەی گەلەکەی لەسەر دەستی بافڵ جەلال تاڵەبانی ھەنگاوی کردەیی نا بۆ داڕشتنی پلانێکی دوور مەودا، ئەو دەزانێت چی دەکات خوێنی باوکی لە لەشیدایە و سەنگ و پێگەی یەکێتی لەگەڵدایە، مێژوو، کوردایەتی، دەسکەوت، خەبات، خەرمانەن و دەبێت شانازیان پێوەبکرێت.

لە پرسی ھەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار یەکێتی بە خوێندنەوەی دۆخی ناوچەکە و سیاسەتی دوور مەودا و ھەڵبژاردنی ڕێگەی ڕاست بە ئەنجامدانی دەیان دیدار و کۆبوونەوەی پڕ لە دەسکەوت جێبەجێکاری دیسپلینی حزبی خۆی بوو، توانی ژمارەیەکی قوڕس و خوێندراوە بێت، بگرە لەو یارییە یاریزانێکی سەرەکی و وەک ھەمیشەش سەرۆک و وەفدە یاوەرەکەی یاریکەری لێزانن و زانیوویانە چی دەکەن و لە پێناو گەلەکەیان چی بەدەستدێنن، بۆیە پێویستە ئێستا لە ھەموو کات زیاتر پشتیوانی ئەو سەرکردایەتییە بکرێت و ھەوڵەکانیان بەرز بنرخێندرێت و لەو شەڕە ئیرادەیەی کە تا ئێستا کردوویانە و دەیکەن جێنەھێڵدرێن.

لامان ڕوونە کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان چاوەڕوانی زیاتر لە یەکێتیی و سەرۆک و سەرکردایەتییەکەی دەکەن، بینرا لە ڕابروودا و بە ئێستاشەوە زۆریان ھاتن و خۆیان تاقیکردەوە تەمەنی سیاسیان درێژ نەبوو و درێژ نابێت، بەڵکو وەک ھەمیشە دەرکەوتەوە کە ئاسۆی ڕوونی دواڕۆژی گەلەکەمان لە دەست حزبەکەی مام دایە و لە ئێستاشدا بە باشترین شێوە بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرکردایەتی دەکات و تواناکانی نیشانی ھەموو لایەک داوە، بۆ ئەمەش وتە بە نرخەکەی جەنابی مام جەلال ھەمیشە لەسەر زاربێت کە دەیفەرموو: (مانەوەمان، سەروەریمان، گەشەسەندنمان، بەندە بە یەکێتی نیشتمانی کوردستان)ەوە.