ھێرشەکەی رووسیا بۆ سەر ئۆکراینا، برینە گەورەکەی کورد دەکولێنێتەوە

26/02/2022
874 جار خوێندراوەتەوە

ھێمن مام رەش

دواجار ڤلادیمێر پۆتین-ی سەرۆکی رووسیا ھێرشی سەربازی کردە سەر ئۆکراینا، ئەمە پێچەوانەی ئەو بانگەشانە بوو کە چەندین مانگە جیھانی پێ چاوبەستە کرد گوایا کۆکردنەوەی ھێزەکانیان لەسەر سنووری ئەو بۆ ھێرشکردن نیە بەڵکو تەنھا چەند مانۆڕێکی سەربازیە و بەس، بەڵکو ھەندێکجار ئەمریکا و رۆژئاوایان بە بزوێنەری ماکینەیەکی ئیعلامی چەواشەکار دەدایە قەڵەم کە بێ ھیچ بنەمایەک دەیانەوێت بەو کارانە وێنەی رووسیا ناشیرین نیشان بدەن.

ھەموو جیھان بۆنی ئەو پەلامار و ھێرشەی رووسیای کردبوو، لە ھەمووی نزیکتر روژ دوای رۆژ ئۆکراینیەکان زووتر ھەستیان بەگەرمی جۆشدانی کوورەکە کردبوو، بۆیەش سەرکردەکانی جیھان لە پێش ھەموویانەوە ئەوروپیەکان لەوە تێگەیشتبوون کە شەڕەکە تادێت لەبەردەگایان نزیک دەبێتەوە، زیانێکی مادی و مەعنەوی زۆریان بەردەکەوێت، ئەمەش جووڵە دبلۆماسیەکانی سەرۆک ئیمانوێل ماکرۆن-ی سەرۆکی فەرەنسا و ئۆلاف شۆلتز   راوێژکاری ئەڵمانیا لە نێوان کیڤ و مۆسکۆ لە رۆژەکانی پێش ھێرشی سوپای رووسیا چڕتر و جدیتر کردەوە، ئەمە جگە لەو چەندین سەعات پەیوەندیە تەلەفۆنیانەی کە نووسینگەی سەرۆکایەتی زۆربەی وڵاتانی سەرقاڵ کردبوو.

من پێم وایە، ھەموویان لەوە گەیشتبوون رووسیا بێ ھۆ ئەو سەدان ھەزار سەرباز و چەک و جبەخانە جۆراوجۆرە پێشکەوتووانەی لەسەر سنوور و ناوچەکە کۆنەکردبۆوە.

جۆ بایدنی سەرۆکی ئەمریکا ھەفتەیەک بەر لەوە، لەدەرەنجامی گفتوگۆ تەلەفۆنیە درێژخایەنەکەی لەگەڵ پۆتین بۆی دەرکەوت کە رووسەکان زۆر جدین لە جێبەجێکردنی پلانەکەیان، رایگەیاند کە رووسیا ھێرش دەکات، بەڵام وا بڵاو یکردەوە کە گوایا دەزگای ھەواڵگری ئەمریکا ئەوزانیاریانەی دەستکەوتووە.

ئەگەر سەیرێکی سەعات و رۆژەکانی دوای کۆبوونەوەی ماکرۆن لەلایەک و ئۆلاف شۆڵتز-ی راوێژکاری ئەڵمانیا لەلایەکیتر لە کیڤ و کرملن بکەین، بێ ھیوایەکی زۆر بەدیدەکرا لە ھەوڵەکانیان، لە لێدوانی سەرکردە ئەوروپیەکان بۆ میدیا بۆنی ئەو ھێرشە دەکرا چونکە ھەمیشە ھیوایان دەخواست کە شەڕ روونەدات.

ئێستا کە ھێرش و پەلامارەکان دەستیان پێکردووە، لێرە و لەوێ سەرکردەی ھەندێک لەوڵاتان بەرووکەش ئیدانەی رووسیا دەکەن، بەڵام لە دڵەوە ئەم کارەی رووسیایان پێخۆشە، نا لەبەر ئەوەی رقیان لە ئۆکراینایە، بەڵکو بۆ بەدیھێنانی خەون و ئامانجە لەمێژینەکانیانە، چونکە بەو کارەی رووسیا کە پێشێلکردنی رێکەوتننامە و میساقە نێودەوڵەتییەکانە ھیچ بەھایەک بۆ رێزگرتن لە سەروەری ووڵاتان نامێنێت، دەرگایەکی فراوانی رەوایەتیدان  بە ھێرش و پەلاماری چەندین ووڵاتیتر دەدات بۆ نموونە:

- چین، بەئاشکرا پشتگیری لە رووسیا دەکات بۆ ئەوەی بەیانی ئەویش لە مەسەلەی تایوان و ھۆنگ کۆنگ دا دەستی کراوەبێت.

-تورکیا دەمێکە خەون بەگێرانەوەی ویلایەتی موسڵ دەبینێت بۆسەر نەخشەی وڵاتەکەی، کە ئەمەش راستەوخۆ مەترسی لەسەر ھەرێمی کوردستان و رۆژئاوا و کۆی مەسەلەی نەتەوایەتی کورد و دەستکەوتەکانی دروست دەکات، ئەو برینە گەورەیە دەکولێنێتەوە کە رەنگە بەسەدان ساڵیتر خوێنی لێ بچۆرێت.
زۆر شوێنی تر لە جیھان کە چەندین دەیەیە ھەمیشە وەک قومبەلەیەکی تەوقیتکراو لە ئان و ساتی تەقینەوە و قۆستنەوەی دەرفەتێکی لەو شێوەیەن، ئەو کات ھەموو ئەو وڵاتانەی باسمان کرد لە بەرامبەر کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی پەنجە بۆ رووسیا درێژ دەکەن کە ئایا بۆچی بۆ روسیا (غفورالرحیم) بوو، بۆچی بۆ ئێمە (شدید العقاب) بێت لە گەراندنەوەی ئەو ناوچەی کە ھاوشێوەی روسیا بۆ ئۆکراینا بە ھی خۆمانی دەزانین.

بۆیە بێ دەنگی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەتایبەتی ھاوپەیمانی ناتۆ و ئەمریکا بەرامبەر کارێکی لەم شێوەی رووسیا بابەتەکە لە حالەتەوە دەکاتە دیاردەیەکی مەترسیدار.

پێویستە پارێزگاری لە سەنگ و بەھا و رێزی پرەنسیپ و رێککەوتننامە نێودەوڵەتییەکان بکرێت، ئەگینا ئاشوبێکی گەورەی مرۆڤایەتی بەدوایخۆیدا دەھێنێت کە لەمێژووی دوور و نزیک لەسەر ئەم ھەسارەیە رووینەدابێت.