دیداری یەکێتی، مافی ژنان بە ‌نموونە

08/03/2022
642 جار خوێندراوەتەوە

قوباد تاڵەبانی


لە کۆنگرەی چوارەمدا (سەرباری ھەموو تێبینییەکان) توانیمان ھەیکەلی یەکێتی بگۆڕین، بەڵام نەمانتوانی وەک پێویست دید و روئیا و سیاسەتی یەکێتی بگۆڕین، یەکێتی دەمێک ساڵە پێویستی بە بەخۆداچوونەوەیەکی ریشەیی ھەیە، بە درێژایی ساڵانی رابردوو بینیومانە خەڵکێکی زۆر لە سیاسەتی یەکێتی ناڕازین، جەماوەرێکی زۆرمان لەدەستداوە، تەنانەت لەناو خودی یەکێتیشدا ژمارەیەکی بەرچاو لەئەندام و کادر و ئەندامی سەرکردایەتی بە خۆشمەوە لە سیاسەت و رەفتار و ئەدای یەکێتی ناڕازین، بۆیە بەو ئەنجامە گەیشتین. پێویستە چیتر کات بە فیڕۆ نەدەین و دیداری یەکێتی ڕێک بخەین تا بەبەشداری ھەموو ئەو یەکێتییانەی خاوەن فکر و روئیا و بیرۆکەی نوێن، بتوانین یەکێتی بکەینەوە بەحزبی پێشەنگ.

یەکێک لەو پرسانەی کە یەکێتی بەراورد بە لایەنەکانیتر ھەمیشە تیایدا دەستپێشخەر و پێشەنگ بووە پرسی ژنانە.

‌یەکێتی لەبەرەی پێشەوە بووە لە پاراستنی مافی ژنان و لە شەڕکردن لەپێناوی یەکسانی جێندەریی، بەڵام ھەستدەکەین ساڵانێکە ئەو پرەنسیپە وەک زۆر پرەنسیپیتر لەناو یەکێتیدا کاڵبووەتەوە، بۆیە بێ گومان پرسی ژنان و یەکسانی جێندەریی یەکێک دەبێت لەو پرسە سەرەکییانەی لە دیداری یەکێتیدا ھەڵوەستەی جدی لەسەر دەکرێت.

ئەندام و کادر و سەرکردایەتی و جەماوەری یەکێتی دەبێت بزانن، حزبێک کە نەتوانێت روئیایەکی روون و پێشکەوتنخوازانەی بۆ پرسی ژنان ھەبێت، ناتوانێت ببێتە حزبێکی پێشەنگ و پێشکەوتووخواز، بۆیە ناکرێت یەکێتی کێشە و پرسی ژنان وەک پرسێکی لاوەکی و پەراوێز سەیر بکات.

ئەزموونی وڵاتان سەلماندوویانە ئەو کۆمەڵگایانەی کە لە یەکسانی جێندەری نزیک بوونەتەوە و ژنان رۆڵی کاریگەر دەبینن لە سیاسەت و لە بازاڕی کار، لە بوارەکانیتریشدا سەرکەوتووترن و لە گەشەی بەردەوامدان. ھەتا رۆڵی ژنان لە کۆمەڵگا و سیاسەت و ھەموو کایەکانیتردا زیاتربێت، کۆمەڵگاش لەسەر ھێڵی گەشەسەندندایە. پێچەوانەکەشی ھەر راستە، ھەتا ژنان پەراوێزخراوتر و ماف پێشێڵکراوتربن، کۆمەڵگا چەقبەستووترە وەک زۆربەی وڵاتانی رۆژھەڵاتی ناوەڕاست.

ئەو وڵاتانەی رێژەیەکی بەرزی ژنان لە سیاسەت و حکومڕانیدا بەشدارن، رێژەی گەندەڵییان کەمترە، ئەمە بۆ کۆمپانیاکان و کەرتی تایبەتیش ھەر راستە. بۆیە دەبێت ئێمەی یەکێتیش تێگەیشتنێکی نوێمان بۆ پرسی ژن ھەبێت و ئەدا و ھەڵوێستی نوێشمان ھەبێت لەمبارەیەوە، بە دڵنیاییەوە ھەتا رێژەی بەشداری و رۆڵی ژنان لە سیاسەت و بڕیاری یەکێتیدا بەرزتر بێت، یەکێتی زیاتر ھەڵدەکشێت و پێگەی بەھێزتر دەبێت.

ھەربۆیە یەکێتی بۆ پرسی مافی ژنان و یەکسانی جێندەریی، پێویستە پێداچوونەوەیەکی سەرتاسەری بکات لە شێوازی پەروەردەکردنی کادرەکانیدا. دەبێت باوەڕبوون بە یەکسانی جێندەری پێوەرێکی سەرەکی و گرنگ بێت بۆ بوون بە کادری یەکێتی و بۆ وەرگرتنی پۆستی حزبی و پۆستە حکومییەکانی یەکێتی.

یەکێتی ھەمیشە ژنە کادری ئازا و کارای ھەبووە، سەرکردەی ژنی ھەبووە، لەپاڵ ئەوەی دەبێت شانازی بەو ژنە کادر و سەرکردانەوە بکەین، بەڵام دەشبێت لە دیداری یەکێتی و لەدوای دیداری یەکێتییەوە بە کردار زەمینە خۆش بکەین ژنان رۆڵی زۆر زیاتریان ھەبێت لە سیاسەت و بڕیار و بەڕێوەبردنی یەکێتی لەھەموو ئاستەکاندا.

پێموایە لە رابردوودا پەیڕەو کردنی سیستمی کۆتا یارمەتیدەر بووە، لە پێشخستنی ڕۆڵی ژن  لەناو حزب و حکومەت و پەرلەماندا، بەڵام ئەوە چارەسەری بنەڕەتی نییە، چارەسەری بنەڕەتی ریشەکێشکردنی روانینی پیاوسالارییە لەناو حزبدا. ژنانی ناو حزب ناتوانن بە تەنھا رووبەڕووی ئەو ئەقڵیەتە پیاو سالارییە ببنەوە ئەگەر حزبەکە خۆی سیاسەت و روئیا و ستراتیژی روونی نەبێت بۆ پرسی ژن و یەکسانی جێندەری.

پێویستە لە دیداری یەکێتیدا ئەو روانینە جێگیر بکەین، کە ژن نەھاتووەتە ناو حزب بۆ ئەوەی نوێنەرایەتی ژنان بکات، بەڵکو ئەوە یەکێتییە کە دەبێت وەک حزب نوێنەرایەتی پرسی ژنان بکات. ژنانی ناو یەکێتیش دەیانەوێت وەک ھەر ئەندامێکیتری یەکێتی سیاسەت بکەن بۆ کۆی کۆمەڵگا. خۆ ئەگەر ژنانی ناو یەکێتی ھەر خەریکی شەڕی یەکسانی جێندەری بن کاتیان نامێنێت سیاسەت بکەن و توانای خۆیان بخەنەگەڕ بۆ پێشخستنی یەکێتی. بۆیە ئێمە دەبێت وەک حزب ھەر لە بنەڕەتەوە ئەو شەڕەیان لەکۆڵ بکەینەوە، بیکەینە شەڕی ھەموو یەکێتی.

خاڵێکی گرنگی تر کە پێویستە یەکێتی لەمەودوا کاری بۆ بکات، بەتایبەت لەڕێی پەرلەمانتارەکانییەوە، ئەوەیە کە ھەر یاسایەک دەربچێت دەبێت پرسی یەکسانی جێندەری تێدا رەنگ بداتەوە، بۆ نموونە بڕیارە یاسای کار دەربچێت، ئێستا دەبێت لە خۆمان بپرسین دەرفەتی یەکسان ھەیە بۆ ژن و پیاو لەناو بازاڕی کاردا؟ بێ گومان نەخێر، کەواتە ئێستا کە یاسای کار پێداچوونەوەی تێدا دەکرێت دەبێت یەکێتی ھەوڵ بدات یاساکە بەجۆرێک ھەموار بکرێتەوە، کە قەرەبووی ئەو ناھاوسەنگییە گەورەیە بکاتەوە کە لە بازاڕی کاردا ھەیە، بە تایبەتیش لە کەرتی تایبەتدا.

ھەر لەبارەی یاساکانەوە، دەبێت یەکێتی کار بۆ گۆڕینی یاسای بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی خێزانیش بکات، سەرەتا دەبێت ھەرناوی یاساکە بگۆڕدرێت، بۆ تەنھا لەدژی خێزان؟ ژنێک ئەگەر لە دەرەوەی چوارچێوەی خێزان بێت و توندوتیژی بەرامبەر بکرێت، پۆلیس بۆی نییە بچێت رێکاری یاسایی بگرێتەبەر لە دژی ئەو کەسەی توندوتیژی بەرامبەر ژنەکە کردووە! دەبێت پۆلیسی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیمان ھەبێت و تەواو جا توندوتیژییەکە لەناو خێزان بێت، یا لەدەرەوەی خێزان. ئەو کاتە پەیامی یاساکە بۆ ھەموو لایەک روون دەبێت.

بەگشتی ھەموو ئەو گۆڕانکارییانەی لەبارەی مافەکانی ژنانەوە باسی دەکەین، پێویستە سەرەتا لەناو حزبەوە دەستی پێ بکەین. ئەمەش تەنھا بە ژنانی ناو حزب ناکرێت، لەبیرمە بۆ پرسی رووبەڕووبوونەوەی خەتەنەکردنی مێینە، کە دایکم سەرپەرشتی دەکرد، تەنانەت لەگەڵ مەلا و پیاوماقوڵ و کەسانی سەربازی و ریش سپی گوندەکانیش کۆدەبووەوە. کارێکی کرد ئەوانیش بەشداری کارابکەن لە ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو دیاردەیەدا.

لە کۆتاییدا دەڵێم؛ ھەڤاڵان پرسی یەکسانی جێندەری پرسی ھەموومانە، پرسێکی چارەنووسسازی ھەموو کۆمەڵگایە، چونکە تەنھا پەیوەست نییە بە ژنانەوە و پەیوەستە بە ھەموو کۆمەڵگاکەمانەوە، ھەربۆیە جەخت دەکەمەوە لە دیداری یەکێتیدا دەبێت بە ھەموومانەوە یارمەتیدەربین لە داڕشتنی روئیا و سیاسەتی نوێی یەکێتی لەپێناو چەسپاندنی یەکسانی جێندەریی چ لەناو حزب و چ لەناو کۆمەڵگادا.