دیداری یەکێتی... بۆچی؟

24/02/2022
2211 جار خوێندراوەتەوە

قوباد تاڵەبانی

ساڵی ١٩٧٥  کە سەرۆک مام جەلال و ھەڤاڵانی دەستیان بە خەباتی نوێی کوردایەتی کرد و یەکێتی نیشتیمانی کوردستانیان دامەزراند، بە ئامانجی روونەوە ھێڵە گشتییەکانی بیڕوڕای یەکێتییان داڕشت. ئەو کاتە، گفتوگۆی چڕی ھەڤاڵانی دەستەی دامەزرێنەر بۆ ئەوە بوو کە یەکێتی بگاتە گەڵاڵەی ستراتیجێکی پێشکەوتنخواز و دیموکرات و کوردانە لە پێناو خزمەتکردنی گەلی کوردستان و روبەڕووبوونەوەی ستەم و تاوانەکانی دەسەڵاتی  عێڕاق، بەجۆرێک کە لە توانایدا بێت گەلی کوردستان لە نائومێدییەوە بگوازێتەوە بۆ سەردەمی نوێی و تێکۆشان، بەم ھیوایەوە لە شەوەزەنگی نائومێدیدا چرای ئومێدی ھەڵکرد. 

سەرۆک مام جەلال لە نامیلکەی (یەکێتی نیشتمانی کوردستان بۆچی؟) کۆبەندی ھیواو ئاواتەکان، پرسیار و وەڵامەکانی کردە رێنوێنی یەکێتییەکان و نامیلکەی گیرفانی پێشمەرگەو کادیران و ئەندامانی یەکێتی، ھەر لەم نامیلکەیەدا شوناس و ئەرکی تێکۆشەرانی ناو یەکێتیشی دیاری کرد. 

دیارە لە ھەموو قۆناخێکی سیاسیدا، پرسیاری نوێ دێتە ئاراوەو وەڵامی یەکێتییانەش ھەر دەبێ پڕ بەپێستی ئەرکەکانی ھەلومەرجی نوێ بێت.  قۆناخی تازەی کۆمەڵگەی کوردستان پێویستی بە پرسیاری تازەو وەڵامی تازەش ھەیە.

لە ھەموو وێستگەکانی کەمپینی ھەڵبژاردنەکانی کوردستان و عێڕاق و بۆنەکانی تری جەماوەریدا، لە کاتی کۆبونەوە و گفتوگۆی ھەڤاڵانەشم لەگەڵ کادیر و دڵسۆزانی یەکێتی، رووبەڕوی ئەم پرسیارانە دەبمەوە: یەکێتی چی پێیە بۆ دواڕۆژی کوردستان؟ پلان، ستراتیج و دیدگای چییە بۆ پرس و بابەتە ھەمەجۆرەکان؟ راستە یەکێتی مێژوویەکی پڕ شانازی و دەسکەوتی دیاری ھەیە، کاروانێکی دورو‌درێژی شەھیدان و خەباتێکی ھەمەلایەنی فیکری و سیاسی ھەیە لە سەرخستنی پرسی رەوای گەلەکەماندا، سەرکردەی مەزنی وەک مام جەلالی پێشکەشی کوردستان کردوە، لە چەندین بواری سیاسی و کۆمەڵایەتی و کلتوریدا دەستپێشخەر بووە، بەڵام ھێشتا پرسیاری زۆر ماون کە یەکێتی چی پێیە بۆ دوارۆژ و ئایندەی نەوەکانی داھاتوو؟ لەھەمان کاتدا لە واقعی ئێستادا کێشە راستەقینەکانی بەردەم یەکێتی چییە و چۆن بتوانێ لە ھەموو ئاستەکاندا دونیابینی خۆی نوێ بکاتەوە؟ یەکێتییەکان دەپرسن و ھەقیشیانە، ئاخۆ ئیتر بە چ دڵنیایی و متمانەیەکەوە پڕۆژەی یەکێتی و ستراتیجمان بۆ(ئاشتی، دیموکراسی، مافی مرۆڤ و چارەی خۆنوسین) سەربخەن؟

پرسیارەکان کە لێمان دەکرا و خۆشمان لەناوخۆمان تاوتۆی دەکەین، پرسیاری راست و  رەواو بەجێن. یەکێتییەکانیش ئەم پرسیارانە لە خۆیان دەکەن و بەدوای وەڵامدا دەگەڕێن کە ھەم درێژەی رێگای تێکۆشانی چوار دەیەی رابڕدوو بێت و ھەمیش ئاسۆی روونی دواڕۆژی گەلەکەمان نیشان بدات. لەم پێناوەدا ‌ ئێمە دیالۆگ و دیداری چڕوپڕمان پێویستە بۆ ئەوەی پێکەوە بیر لە گەڵاڵەیەکی پڕو دەوڵەمەند و کاریگەر بکەینەوە. تا سەرەنجام شوناسی سیاسی و کۆمەڵایەتی یەکێتیش رونترو جیاوازییەکانی بەرچاوتر بێ بۆ ھەمووان.

بەشانازییەکی زۆرەوە ھەڤاڵانم لە مەکتەبی سیاسیی و ئەنجومەنی سەکردایەتی ئەم ئەر‌کەیان پێ سپاردم کە دیداری یەکێتی ساز بکەین و سیاسەت و دیدی یەکێتی لەم قۆناغە نوێیەدا دیاری بکەین لە ھەموو بوارەکاندا، بەندەش داوادەکەم ھەموو ھەڤاڵانم ھاوکار بن بۆ ئەوەی پێکەوە شان بدەینە بەر ئەم ئەرکە حزبییە و جێبەجێی بکەین.

(دیداری یەکێتی) کە بە پەرۆشییەوە ‌دەستمان داوەتێ و مەبەستمانە لە فراوانترین و بەرزترین ئاستدا سەرپێی بخەین. لەم روانگەوەیەوە دەبێتە دیداری خەمخۆری و ھەوڵی یەکێتییانەیە بۆ نوێبونەوەو چاکسازی و بەھێزکردنی پێگەی یەکێتییە لە ھەموو ئاستەکان. 

ھەڤاڵان! راستە لە کۆنگرەی چوار کە ناوی ((کۆنگرەی نوێبوونەوە ))بوو، گۆڕانکاری و نووێبونەوە لە پێکھاتەو ھەندێ لە کاراکتەرەکان کرا، بەڵام بەداخەوە لەبەر چەندین ھۆ، کۆنگرەی چواریش نەبووە ھۆی نوێبوونەوەیەکی جەوھەری و راستەقینە لە فکر و دیدی سیاسیمان بۆ ئایندەو دواڕۆژی  یەکێتی و وڵاتەکەمان. بۆیە پێویستە ئەم دیدارە نوێبوونەوەی جەوھەری و راستەقینە بکاتە ئەرکی سەرەکی خۆی و پەرەی پێبدا، ئەم ئەرکەش بەلای منەوە چەند حیزبییە ئەوەندەش نیشتیمانی و ئەخلاقییە. چونکە بوونی یەکێتییەکی بەھێز گرەنتی پاراستنی ئازادییەکان و بەدیھێنانی خواستی کۆمەڵانی خەڵکە، کە ئەوەش نیشانەی وەفاو پێزانینە بۆ خەباتی شەھیدان و ئەوانەی لە رابڕدوی خەباتی یەکێتی و کوردایەتیدا رەنجیان داوەو ماندو بوون.

ئەم دیدارە بانگەوازێکی ھەڤاڵانەو نیشتمانییانەیە بۆ تاوتوێ کردنی واقعی ئێستای یەکێتی و ناسنامەکەی، بۆ نوێکردنەوەی گوتاری سیاسی و کۆمەڵایەتی و گەشەپێدانییەتی، بۆ ئەوەی بە دیدگایەکی نوێوە ئامادەبێت ئەرکەکانی سەرشاشنی جێبەجێ بکا و سەرەنجام باشتر خزمەتی کۆمەڵانی خەڵک و خاکی کوردستان بکات، بۆ سبەینێیەکی باشتر کوردستانێکی ئاوەدان بۆ ھەمووان، بێ جیاوازی، فەراھەم بکات.

لەم چواچێوەیەدا( دیداری یەکێتی) دەیەوێ چەندین تەوەری جێی بایەخی ئێستاو ئایندەی حزبەکەمان، پێداویستی و کێشەو پێشھاتەکانی کۆمەڵگەکەمان، ئەزموونی سیاسی گەلەکەمان تاوتوێ بکات، چونکە پێشھات و گۆڕانکارییەکانی کۆمەڵگا و سەردەم لە ئاستی کوردستان و دەرەوەشدا ئەم ھەوڵ و کۆششە تازەیە دەخوازێت. پێویستمان بەوەیە لەھەموو سێکتەرەکاندا، دیدی نوێ و دەسپێشخەری یەکێتییانە بێنینە کایەوە.

ھەڤاڵان! با راشکاو بین ‌و بە کراوەیی قسە بکەین، ئێمەی یەکێتی دەمێکە تووشی چەندین کێشەو گرفتی ھەمەجۆر بوینەتەوە، کە زۆر جار باجی قورسمان لەسەری داوە، ئەگەر بۆ داھاتوش بە جدی ودڵسۆزانە ھەوڵی چارەسەرو تێپەڕاندنیان نەدەین، دوور نییە توشی کێشەو گرفتی گەورەتر نەبین. جگە لەوەش دۆخی تازەی کۆمەڵگاو ھەلومەرجی ئابوری و سیاسی وکۆمەڵایەتی نوێ، پرسیارو کێشەو ئەرک و پێداویستی نوێی ھێناوەتە کایەوە، کە وا دەخوازێ دوودڵ نەبین لە گفتوگۆو راگۆڕینەوە بۆ دەستنیشانکردنی کەموکوڕیەکان و دۆزینەوەی چارەسەرەکان. بۆیە پێمان وایە دیالۆگ و گفتوگۆیەکی ڕاشکاوانەی ھەڤاڵانی یەکێتیی لەنێوخۆمان ، ھەم گیانی ھەڤاڵێتیمان گەرموگوڕ دەکاتەوە و ھەمیش جوانترین و بە کەڵکترین بیروباوەڕەکان دەخاتە خزمەت دەسپێکردنەوەیەکی نوێی تێکۆشانمان.

ھەڤاڵان! ئەم وتارە بۆ ناساندنی سروشتی دیدارەکەو لەھەمان کاتدا داواکارییەکە لە ھەمو‌و ھەڤاڵانمان لە ناوەوەو دەرەوەی وڵات  بۆ ئەوەی بەشدارێکی کارا بن لە دەوڵەمەندکردنی و سەرەنجام لە گەشەپێدان و نوێکردنەوەی گوتاری سیاسیی و فیکری یەکێتی لە دەیەی سێیەمی ئەم سەدەیەدا: سەدەی بیست و یەک.

ھەڵبەت زیاتر لە پەنجەرەیەک و پتر لە رێوشوێنێکی کراوە ھەیە تا بیروڕاکان لە خزمەت دیدارەکە گەڵاڵە دەبن و پێکەوە بیربکەینەوە بۆ خزمەتی  دیدو ستراتیجی نوێی یەکێتی. 

بەو ئامانجە،‌ پیرۆزانەوە ھیوادارین رێوشوێنی پێویست بگرینە بەر بۆ ئەوەی دیداری یەکێتی ببێتە دیداری گشت یەکێتییەکان.
 ھەڤاڵانی خۆشەویست.

فەرمون لەم وتارەوە ھەڵمەتێکی فراوان دەسپێبکەین، پێکەوە کەسوکاری سەربەرزی شەھیدان،  پێشمەرگە وتێکۆشەرانی حزبایەتی و خەباتی پیشەیی و دیموکراتی خوێنکاران و لاوان، کچان و کوڕانی ئایندەخواز، رۆشنبیران و نوسەران و ئەکادیمیانی ئەندام و دۆستی یەکێتی، کەسایەتییە ئایینی وئابوریناس و وەر‌زشوانی خەمخۆری کوردستان، کارێک بکەین دیدارەکە بکەینە بۆنەیەک بۆ جۆشدانەوەی حزبایەتی راستەقینە لە پێناوی ئامانجە دوورمەوداکانی حزبەکەی مام دا. دەمەوێت ھەموو ھەڤاڵان بەشدار بن لە دیاریکردنی سیاسەت و دیدی یەکێتی.

ھەروەھا لەم وتارەوە دەمەوێت سەکۆی دیداری یەکێتیتان پێ بناسێنم. جگە لە کۆڕو کۆبونەوەکانمان، ئەم سەکۆیەش دەکەینە پردێکی پەیوەندی نێوانمان و زۆرترین دیدو پڕۆژەو بۆچونەکان کۆکەینەوە و ئامادەی بکەین بۆ رۆژی دیداری یەکێتی کە لە ئایندەیەکی نزیکدا کات و شوێنەکەی دیاری دەکرێن.

ماڵپەڕی دیداری یەکێتی
تا رۆژی دیداری یەکێتیی، بە ھیوای دیدار... بۆ پێشەوە

قوباد تاڵەبانی
سەرپەرشتیاری مەکتەبی سکرتارییەتی سەرۆک مام جەلال