عێراق، سەدەیەک لە نێوان دوو ژندا

04/12/2021
344 جار خوێندراوەتەوە

ئاسۆ فەرەیدون

مس بێڵ: 
گیترۆید بێڵ ١٨٦٨ –١٩٢٦ لە مێژوودا بە دروستکەری پادشاکان ناسراوە، ھەر کە بەشی مێژووی لە زانکۆی ئۆکسفۆرد تەواو دەکات، دەچێت بۆ ئێران بۆلای خاڵی، کە لەو سەردەمەدا ١٨٩٢، کونسوڵی بەریتانی بوو لە تاران. سەرەتای ڕۆژھەڵاتناسیەکەی لەوێوە دەستپێدەکات. دواتر لە سنووری دەوڵەتی عوسمانیدا وەک شوێنەوارناسێکی گەڕیدە، لە تورکیا و سوریا و میسڕ و عێراق دەمێنێتەوە، فێری زمانەکانی فارسی، عەرەبی و تورکی دەبێت، پەیوەندی کۆمەڵاتی و سیاسی لەگەڵ سەرۆک ھۆز و کەسایەتیە دیارەکانیاندا دروست دەکات .
لە دەستپێکی جەنگی جیھانی یەکەمدا، کاتێک بەریتانیەکان ئۆفیسی قاھیرە دەکەنەوە، میس بێڵ وەک  شارەزا لە کاروباری عەرەبی ڕادەسپێرن ببێتە ڕاوێژکاری پیرسی کۆکس و جۆن فیلپی لە عێراق. دواتر دەیکەنە یاریدەدەری حاکمی بەریتانی لە عێراق و تا ڕۆژی مردنەکەی لە بەغدا دەمێنێتەوە و ھەر لەوێش دەنێژرێت.
سیانەی میس بێڵ و لۆرانس و ھۆفارت ، پێکەوە سیاسەتی بەریتانی لە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاستدا دادەڕێژن. بێڵ دەبێتە ئەندازیاری دامەزراندنی دەوڵەتی پادشایی عێراق. لەسەر پێشنیاری ئەو، یەکەم حکومەتی عێراق بە سەرۆکایەتی عەبدوڵرەحمان نەقیب ١٩٢١، ڕادەگەیەنن. دواتر داوا لە ئۆفیسی قاھیرە دەکات، فەیسەڵی کوڕی شەریفی مەککە لە حیجازە بھێنن، بیکەنە پادشای عێراق.
سەرباری بۆچوونە جیاوازەکانی مێژوو سەبارەت بە خاتوو بێڵ کە ھەندێک پێیان وایە جاسوسێکی بەریتانی بووە، بۆ نزیکردنەوەی سەرۆک ھۆز و سەرکردە دیارەکانی ئەو سەردەمە لە بەریتانیەکان، ھاندانیان بۆ بەگژداچوونەوەی دەسەڵاتی عوسمانیەکان، یاخود تاوانبارکردنی بە دابەشکردنی ناوچەکە لە سایکس-پیکۆدا، ھەموو لایەک کۆکن لەسەر ئەوەی بە بێ ئەو خاتوونە، دەوڵەتی عێراقی دروست نەدەبوو.
جینین پلاسخارت :
خاتوو پلاسخارتی ھۆڵەندی، ژیانی سیاسی وەک ئەندامی پارلەمانی یەکێتی ئەوروپا دەستپێدەکات، ماوەیەک وەزیری بەرگری وڵاتەکەی و دواتر نوێنەری ھۆڵەندا بووە لە نەتەوە یەکگرتووەکان. لە ساڵی ٢٠١٨دا، دەکرێتە نوێنەری تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق (یونامی) تا ئێستا لە ئەرکەکەیدا بەردەوامە.
لێکچوونی ئەرک و ڕۆڵی ئەم دوو خاتوونە بە جیاوازی سەدەیەک لە نێوانیاندا، وایکردووە لای ھەندێک لە چاودێرانی سیاسی عێراقی بە مەندوبی سامی بشوبھێنن. لە ڕۆژی دەست بەکاربوونیەوە لە عێراقدا وەک (میس بێڵ) پەیوەندیەکی سیاسی تایبەتی بە سەرکردە جیاوازەکانی عێراقەوە ھەیە. تەنیا کەسایەتی سیاسیە کە بتوانێت سەردانی مەرجەعی باڵای شیعەکان (سیستانی) بکات، لەناو خۆپیشاندەرانی تشرین دەبینرا و سەردانی ماڵی بریندارەکانی دەکرد، پشتیوانی تەواوی خۆی نەشاردووەتەوە بۆیان. لە سەرۆکایەتی کۆمارەوە بۆ پارلەمان، لە بارەگای حیزبەکانەوە بۆ کۆمسیۆنی ھەڵبژاردنەکان بەردەوام لە ھاتووچۆدایە. بە عەڕابی ھەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق ١٠ی ١٠ی ٢٠٢١ دادەنرێت. ئەویش وەک میس بێڵ تووشی بەریەککەوتن و ناکۆکی کردووە لەناو فیرقە جیاوازەکانی گۆڕەپانی سیاسی عێراقدا. بە تایبەتی لەناو باڵە جیاوازەکانی شیعەدا. بە تایبەتی لە پاش ڕاگەیاندنی ئەنجامی ھەڵبژاردنەکان و دروستبوونی ناکۆکی لە نێوان ڕەوتی سەدر و باڵی چوارچێوەی ھەمئاھەنگی (الاگار تنسیق)دا.
ھەردوو خاتوون، مس بێڵ و میس پلاخارست، لە ھەردوو سەردەمەکەدا لەناو شیعەکاندا تۆمەتبارن بەوەی جگە لەوەی پشتیوانی سوننەکان دەکەن تا دەوڵەتیان بەدەستەوەبێت، پشتیوانی باڵێکیش لە شیعە دەکەن کە مەیلی بەلای خۆرئاوادا بێت. میس بێڵ لەو سەردەمەدا پشتیوانی ئایەتوڵا سەید محەمەد کازم یەزدی بووە، لەناو مەرجەعەکانی شیعەدا یەزدی بە لایەنگری بەریتانیەکان ناسراوە. ئێستاش باڵی چوارچێوەی تەنسیق کە خۆیان بە محوەری مقاوەمەت دەناسێنن، پێیان وایە پلاخارست پشتیوانی سەدریەکان دەکات، چونکە سەید موقتەدا سەدر بە لایەنگری سیاسەتی ئەمریکا لە عێراق و نزیک لە سعودیە پێناس دەکەن.
ڕاستی و دروستی ھەرکام لەو ڕەخنانەی ڕووبەڕووی ئەو دوو خاتوونە دەکرێتەوە، لە مێژووی سەد ساڵەی عێراقدا، ناکاتە ئەوەی کە ھەریەکەیان ڕۆڵێکی باڵا و کاریگەری ھەیە لە دامەزراندنی دەوڵەتی عێراقدا. میس بێڵ دەوڵەتی یەکەمی لە ١٩٢١دا دامەزراند و میس پلاخارستیش ھەوڵی دامەزراندی دەوڵەتی دووەمی عێراق  دەدات لە ٢٠٢١دا.