تابلۆیەکی جیاوازی جەلەوە

15/04/2024
6447 جار خوێندراوەتەوە

عیماد ئەحمەد

ئەوەندەی یادەوەرییم یارمەرتیم بدات، دەمەوێت قەسر و جەمعی بیرەوەریەکانم بکەم، بە تایبەتی ئەوەی پەیوەندیی بە جەلەوەوە ھەیە، چونکە لە جەلەوەوە دەستم پێکردووە و ھەتا ئێستاش ھەرلەوێ لەنگەر دەگرێت. جەلەوە بۆ من بۆتە عەشقێکی خوایی!
تایبەتمەندی جەلەوە لەوەدایە کە لە رووی ھەڵکەوتەوە  کەوتۆتە نێوان ڕوباری ئەڵوەن و جۆگەئاوی عالیاوە، باخەکان سحرێکی بێوێنەیان پێداوە،

 پێکھاتەی خەڵکەکەی فرە جۆرە، بەشێکی لە خەڵکی دێھاتەکانی باجەڵان و عالیاوە، سونی مەزھەب و بەشەکەی دیکەشی کەڵھور و لەک کە شیعە مەزھەبن و لە ڕۆژھەڵاتی کوردستانەوە ھاتوون، لە دوایدا ھەندی قەڵەوڵسی شیعە مەزھەب و کاکەیی لە مەندەلییەوە ھاتوون، بێجگە لە سوێرەمەری کە ئەوانیش ھەر موسوڵمانی شیعە مەزھەبن.

خانووەکانی لە قوڕ و بە دارەڕا دروستکراون، بەڵام لە شەستەکانی سەدەی رابردو  بە دواوە ھەندێ تەلاری خشت و گەچ و چیمەنتۆ  دروستکراون. ھەندێ لە کۆڵانەکانی وەکو تولەمار باریکن .!

 گۆڕستانە کۆنەکەی جەلەوە لە نزیک ماڵەکان بوو بۆ ئەوەی مردووکانیش بێ بەش نەبن لە بەرەکەتی باخەکان و جوانیی ئەڵوەن لە لایەک و لە لایەکی تریشەوە بۆ ئەوەی بەردەوام لە بەرچاوی زیندووەکاندا بن و یادەوەرییەکانیان لە بیرنەکەن و بشزانن دوا مەنزڵگایان ھەر ئەوێیە.!

  ئەوسا جەلەوە لە (٩٢) خانو و (٣) دوکان پێکھاتبوو، زۆر کەم  ھەبوو خانویەک یەک خێزانی تیا ژیابێت، خانوو ھەبوو وەکو حەوشی گەورە (٧) خێزانی تیادابوو و تەنھا یەک بەلوعەی ئاوی ھەبوو، بەڵام ئاوی ئەڵوەن نزیکەی (١٠) گەز لێیەوە دوور بوو، لە بەرانبەر ئەم حەوشەدا (٣) دارخورمای پڕ پیت و بەرەکەت ھەبوون، مناڵانی گەڕەک بەردیان تێدەگرت بۆ ئەوەی خورماکەی بخەنە خوارەوە. جارێک بەردێک بەر سەری من کەوت و شکا تا ئێستاش شوێنی برینەکە بە سەرمەوە ماوە، ھەروەھا  ھەندێ دارتوو لە قەراخی ئاوی ئەڵوەندا ھەبوون.

ئای ...لە پایزان ئاوی ئەڵوەن چۆن وەکو چاوی قرژاڵ روون و پاک بوو و ھەر ھاژەی دەھات.!!

ئێمەش لە خانوکەی خاڵو موسا لەگەڵ (٦) خێزانی دیکەدا کرێچی بووین، خانووکەش یەک بەلوعە و ئاودەستێکی ھەبوو. لای چەپیشی لە قوڵاییەوە بەتەنیشت حەوشی گەورە بوو.

لەبەر پەیوەندیی کۆمەڵایەتی و خزمایەتی، خەڵکەکە زۆر کەم باریان دەکرد بۆ گەرەکێکی تر، بەدەگمەنیش جەلەوە ئەبوو بە نسیبی خەڵکی تازە،

ھەندێ ناو و کەسایەتی ھەبوون کە بۆ دنیای ئەوکاتی جەلەوە ناسراو بوون، لەوانە میم حەمیدە کە ژنێکی باڵا بەرز، تارادەیەک لاواز، بەدەستوبرد، خاوەن بڕیارو لەناو خێزانەکەیدا قسە لە روو بوو. 

یەکێکی تر، میم ئامینە، ئەمیا ژنێکی ئەسمەری تۆخ و باڵا کورت و چاو ڕەش، بەردەوام جلی رەشی دەپۆشی و خەفەتی لێدەباری! دایکی محەمەد دلگ کە بەخەیاڵپڵاوی ناسرا بوو وەکو دۆنکشوت بەڵام بە بەرگی جەلەوە !.

ئەم دوو ژنە  لە خانووەکەی خاڵو فالح لە بان ئەڵوەن کرێچی بوون، ھەردووکیان دوای مردنی مێردی یەکەمیان ھاوسەری دوومیان ھەبوو، خاوەن مناڵی زۆر و کەم دەرامەتیش بوون.

جاروربار بەیەکەوە ئەچوون بۆ قەسابخانەکەی گەرمگ بۆ کۆکردنەوەی ئێسقانی فڕێدراوی قەسابخانەکە بۆ ژەمێکی خواردن بۆ خۆیان و منداڵەکانیان. جارێک لە گەڕانەوەیان و دابەشکردنی ئێسقانەکان میم ئامینە ئەڵێت: حەمیدە گۆشتەکەت بۆ خۆت برد و ئێسقانەکانت دا بە ئێمە، میم حەمیدەش ئەڵێت ؛ ئەرێ ئامینە، ئێمە بۆ کۆکردنەوەی گۆشت ھاتبووین یان بۆ کۆکۆکردنەوەی ئیسقان؟!

   ساڵی (١٩٧٢) میم ئامینە بەھۆی روخانی ژورەکەیان بەسەریاندا لە حەوشی گەورە، بە کارەساتێکی دڵتەزێن لەگەڵ کوڕە جوانەمەرگەکەیدا خەلیل، کۆچی دواییان کرد. بەیانی بوو بە قیژە و ھاواری دراوسێکانیان بەئاگاھاتین، کاتێک چووین بەسەر ژوورێکی روخاودا کەوتین کە بۆنی مردن و دەنگدانەوەی سیمفۆنیای عەدەمی لێدەھات!

بەھیمەتی خەڵکی گەڕەک بە ھەزار حاڵ لاشەی میم ئامینە و خەلیل-مان دەرھێنا و مەحەمەد دەلاکی ھاوسەری لە قوژبنی چەپی ژوورەکە بە زیندویی مابووەوە. باش بوو مناڵەکانی تریشیان لەم کارەساتە رزگاریان ببوو، چونکە رۆیشتبوون بۆ سەر ئاوی ئەڵوەن بۆ دەموچاوشۆردنی بەیانیان.

  من خەلیلم شۆردو بە ھاوکاری چەند برادەرێک، کفن و دفنمان کرد و لەگەڵ دایکی لە گۆڕستانی ئیمام عەباس ناشتمانن.
ئای خوایە، بەدەم رێگا و شانخستنە ژێر جەنازەی خەلیل چەند خەفەتم بۆ ئەم مناڵە تەمەن (٧-٨) ساڵە خوارد، چونکە لە ژیانیدا تامەزرۆی خواردنی مۆزێک و سێوێک یان کەبابێکی فەیزە یان لە بەرکردنی جلێکی شایستە بوو. لە دڵەوە ئەگریام بۆ ھەژاری و کەساسی ئەم منداڵە بەستەزمانە، بەڵام دڵنیابووم کە نەجاتی بوو لە (دار الغرور )و گەیشتە (دار السرور).!

لەم رووداوەدا لەگەڵ ھاورێکانمدا رۆڵی خۆمم لە بەخاک سپاردن و پرسە و کۆکردنەوەی یارمەتی بۆ مەحەمەد دەلاکی لێقەوماو بینی.

 لەولاشەوە میم حەمیدەش بە تیاچوونی دوو کوڕی گەنجی بە ناوی فوئاد و سەڵاح بە کارەساتی کارەبا جەرگی سوتا، ھەردووکیان کرێکاری کارەبا بوون، قەدەری جەلەوە وا بوو لە ماوەی کەمتر لە (٢٠) ساڵ  چوار گەنجی ھاورێ و نزیک لەتەمەن بە ناوی داود سەلمان، سەلاح ڕحمد نانەوا، فوئاد شەفیق و سەڵاح شەفیق بە کارەساتی کارەبا ماڵئاواییان لە ئێمە و جەلەوە و ژیان کرد!
ھەروەھا میم فەخرییە دایکی عیدانی خێرنەدیو ماوەیەک لە کۆڵانی حاجی مایخان وعەلی سەروەناز لە خانووەکەی سولەیمانی دوکاندار لە ژورێکدا کرێچی بوون، ئەمانیش زۆر ھەژاربون. دایکی عیدان لە ئەسڵا کاکەیی بوو، لەبەر ئەوەی شووی بە خاڵۆ جاسمی باخەوان کردبوو، ببوو بە موسڵمان. زۆر جار عەسران میم فەخرییە بۆ بێستانەکەی خاڵۆ گوڵمرای دەڕۆیشت بۆ وەرگرتنی چەند دەسکە کەوەر و کەرەوز و تەرەتیزەیەک بە خۆڕایی بۆ دابینکردنی ژەمێکی ئێواران. 

 لە جەلەوە، لە ھاویناندا وا باوبوو کە خەڵکەکە لە حەوشەدا سفرەیان دادەخست و نانی ئێوارانیان دەخوارد، جارێکیان سولەیمان سەیری سفرەکەی ماڵی عیدان دەکات و دەبینێت لە سەوزە و نان و ئاو زیاتری لە سەر نییە، بەڵام دوای نانخواردن میم فەخرییە بەسابوون لە سەر بەلوعەکە دەست دەشۆرێ، سولەیمان مووگرژ و دەھری دەبیت و دەڵێت: دایکی عیدان  زۆر باش دەستەکانت بشۆ، چونکە خواردنەکەتان زۆر چەور بوو، خواتان بێت ئەم ھەموو دەست شۆردنەت لەچی؟ ئاخر کوا تەرەتیزەو کەوەر دەسشۆردنی دەوێ؟!

سولەیمان پیاوێکی دڵسۆز و کوردپەروەر بوو، لە شەستەکانی سەدەی رابردوو پارتییەکی عەیار (٢٤) بوو، لە ئازاری ساڵی(١٩٧٤)د ھاتە دەرەوە لەگەل حەبیب ئەکبر لە بەمۆ لە ئیدارەی بەتالیۆنی خانەقی بوون، دوای نسکۆی (١٩٧٥) گەڕایەوە بۆ سەر دوکانەکەی خۆی لە جەلەوە، بەڵام بە دڵشکاوی و بێورەیی و نائومێدی، زۆرجار بە سواری پاسکیل ئەڕۆشت بۆ بازاڕ بۆ شتکڕین و تەکلیفی لەمن دەکرد لەسەر دوکانەکەی بم، متمانەی بە من ھەبوو .

سولەیمان ئەیزانی ئێمە خەریکی رێکخستنێکی تازەین، بەڵام ئەو خۆی لە ئێمە بێ دەنگ کرد، رۆژێک بە چرپە وتی: عیماد ھەست دەکەم ئێوە خەریکی شتێکن، بیکە بەخاتری خوا ئاگات لە خۆت بێت، دایکت کەسی نییە لە تۆ زیاتر.

سولەیمان لە دوایدا توشی نەخۆشی دەرونی بوو، لای خۆشکەکەی شوکریە لە شعێبە مایەوە، ھەر لەوێش کۆچی دوایی کرد و لە غەریبیدا سەری نایەوە. گۆڕستانی شعێبەی پارێزگای بەسرە بوو بە نسیبی، دوای کۆچی دوایی، روحی سولەیمان و یادگاریەکانی تێکەڵ بەخۆشەوستی ئەڵوەن و باخەکان بوون!

تابلۆی ئەم جارەی یادگاریەکانی جەلەوە جیاوازە لەوانیتر، چونکە وەکو ئاوێک بە سروشتی ڕێڕەوی خۆیان دۆزیەوە و تێکەڵی ڕوباری یادگاریەکان بوون، ئەگەرچی ھەرخۆشی مەڵۆی رووداوەکانیش پەرش و بڵاوبوون و دواتر خەرمانەیان کرد، کە ئەمەش وایکرد لەم تابلۆیەدا فڵچە و رەنگەکان بە ئارەزوی خۆیان سەما بکەن و یادەوەری و رابردوی بەشێکی شاری خانەقی رەنگڕێژ بکەن.