عەھد و پەیمان شکێنیی پارتی

17/11/2022
1188 جار خوێندراوەتەوە

سەرکۆ ئازاد گەڵاڵی

واڵاکردنی ھەموو ڕێگایەک لەبەردەم یەکێتی

کابینەی نۆی حکومەتی ھەرێمی کوردستان، بە (پەیمان نامە) و رێککەوتنی نێوان پارتی و یەکێتی و گۆڕان دامەزراوە. لە رووی مۆراڵی سیاسییەوە، ئەم کابینەیە تا ئەو کاتە شەرعییەتی ھەیە کە لایەنەکانی ڕێککەوتنەکە، پابەند بن بەعەھد و بڕگەکانی رێککەوتنەکە و ئەرک و بەرپرسیارێتییەکانیان بە دروستی راپەڕێنن. 

لەبەرئەوەی حزبی زۆرینەی موزەیەف لە کابینەی نۆی حکومەتی ھەرێم پابەند نەبوە بە بڕگەکانی رێککەوتنەکەی لەگەڵ بزوتنەوەی گۆڕان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، بە کردەوە ئەو پەیمان و رێککەوتنە ھەڵوەشاوەتەوە. 

ئێستا گەشتوینتە خاڵێک کە تاکڕەوی لە ناو حکومەت و لەلایەن زۆرینەی ناتەندروست بە شێوەیەک پراکتیزە دەکرێت کە نفوزی سەرۆکی حکومەت بە سەر کۆی جووڵە و جومگەکانی حکومەت و تاکلایەنە لە ھەرێمی کوردستان رەنگی داوەتەوە. 

دوای کەمکردنەوەی ڕۆڵی پەرلەمان و سەرۆکایەتی ھەرێم ئێستا لە پێشھاتێکی بێ پێشینەدا، دەسەڵاتی دادوەری  بۆ ململانێ بەکار دێت ، وا دەردەکەوێت کە سەرۆکی حکومەت ھەوڵ دەدات دەسەڵاتی دادوەرییش بخاتەژێر ھەژموونی خۆی. 

ئێمەی نوێنەرانی خەڵکی کوردستان لە پەرلەمان، ئەرکی ئەوەمان لەسەرشانە بەرگری بکەین لە مافی کۆمەڵانی خەڵک و ئاگاداریان بکەین لە راستییەکان و ھەوڵی باشکردنی دۆخی ژیانیان بدەین. بەڵام راستگۆیانە بدوێین، پێناچێت ھیچ کام لە ئامانجانە لە چوارچێوەی رێککەوتن و لە سێبەری کابینەی نۆی حکومەتی ھەرێم دا بێنە بەرھەم.  

 لە سایەی ئەم ئیحتکار کردنە ناشرینەی سوڵتەشدا، سلێمانی و ھەڵەبجە و گەرمیان و راپەڕین زۆرترین زیانیان بەرکەوتووە و ھەزاران گەنج بێکار، و سەدان پرۆژە و کارگە و دەرفەتی ھەلی کار پەکخراون.

ئایا کاتی ئەوە نەھاتووە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و بزوتنەوەی گۆڕان (پیکەوە) ستۆپ بە عەقڵیەتی تاکڕەوی و خۆسەپێنی و  تۆتالیتاری بکەن بۆ بۆ رێگرتن لە کەوتنی دیموکراسیی ھەرێمی کوردستان، قۆناغێکی نوێی خەبات، بە ھاوکاریی نەوەی نوێ و ھێزە ئیسلامییە کوردستانییەکان رابگەیەنن؟

بۆ کۆتایی ھێنان بەم سزادانە مرۆیی و سیاسی و دارایی و ئابورییەی خەڵک و شاری  سلێمانی و ھەڵەبجە وگەرمیان و ڕاپەرین لە لایەن حکومەتە حیزبۆکراتیەکەی ھەولێر , دەبێت یەکێتی ھەموو ڕێگایەک بگرێتە بەر. ئەگەر کوردستانمان دەوێت، دەبێت ستۆپ بە ئاراستە ھەڵەکەی ناو پارتی و حکومەت بکرێت کە دەیەوێت لە سەر عەرشی کەلاوەدا، خودانی ھەمووان بێت !