تورکیا تەنھا سەرقاڵی کێشەی کورد نییە

07/09/2021
1251 جار خوێندراوەتەوە

هیوا محەمەد


چوونە ناو خاکی سوریا و داگیرکردنی عەفرین و سەرێکانی و جەرابلوس و زۆر شوێنی دیکەی سنووریی لە (رۆژئاڤا)، چوونی سوپای بەکرێگیراوی جۆراوجۆر لە تیروریستانی ناوچەکە بۆ لیبیا و بۆ جەنگی نێوان ئەرمینیا و ئازەربایجان، خۆشکردنی ئاگری شەڕی نێوان پێکھاتەکانی ئەو وڵاتە، داڵدەدانی ئیخوانە ھەڵاتووەکانی میسر کە لەدوای گیرانی محەمەد مورسییەوە پەنایان بۆ تورکیا بردبوو و پێدانی مۆڵەت لەلایەن تورکیاوە بەو جەماعەتە ئیخوانییە (کە تێیاندا ھەیە لەلایەن دادگای میسرەوە داواکراوە و سزای قورسیان لەسەر) لەگەڵیدا ناردنی ھێز و سوپا بۆ وڵاتی قەتەر بۆ کەمکردنەوەی مەترسی سعودیە لەسەریان و پارێزگاریی لێیان، لەوێشەوە دابڕانی یان لاواز بوونی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ئیمارات.

ناردنی ھێز بۆ ئەفغانستان لە چوارچێوەی ناتۆدا و دانانی بەردی بناغەی پەیوەندی لەگەڵ تالیبان و دروستکردنی بۆ ئەمڕۆی دوای کشانەوەی ناتۆ.

ھێرشە یەک لەدوای یەکەکانی تورکیا بۆ سەر خاکی ھەرێم و ناردنی ھێز و دانانی چەندین بنکەی سەربازی.

ئەمانە وێنای سیاسەتی تورکیان لە ناوچەکە و درواسێکانی، بەڵام ئەمڕۆ پێدەچێت وردە وردە دەبێت باجی ئەو سیاسەتە چەوتانە بدەنەوە و لەو زەلکاوە دەربچن کە بە ھۆی ئەو دەست تێوەردان و سیاسەتە ھەڵانەوە کردوویانە، رووداوەکان ئاماژەن بۆ راستی ئەم وتەیەمان.

لە لیبیا بەرەنگاربوونەوە و ناڕەزایەتییەکی زۆری لیبییەکان ھەیە لە دژی ھێزە چەکدارە بەکرێگیراوەکانی تورکیا لەو وڵاتەدا و داوای چوونە دەرەوەیان لێدەکرێت. وڵاتانی ئەفریقاش لەسەروویانەوە میسر بە توندی رێگرییان لێدەکات و ھوشدارییان پێدەدات کە بکشێنەوە بەتایبەت لە سرت کە پێی وتن ئێرە ھێڵی سوورە و نابێت پێی تێبخەن.

تورکیا بەو ئامانجە چووە لیبیا کە ھاوکاریی ئیخوانەکان بکات تا جێگە پێ قاییم بکەن و دەست بەسەر حکومڕانیدا بگرن، ئەمەی بەو پلانە بوو کە لە تونسیش ھەمان ھاوکاری و پشتگیریی ھەیە بۆ ئیخوانەکان، بەڵام لەگەڵ ئەو گوشارەی لە لیبیا لەسەریانە، لە تونسیش لە دەسەڵاتی ئیخوانەکان دراو بۆ دواوەیان گەڕاندنەوە.

تورکیا داوا لە میسر دەکات کە لەگەڵیدا لاپەڕەیەکی نوێ ھەڵبداتەوە، ئەوانیش چەند مەرجێکیان ھەیە، لە پێش ھەموویانەوە وەدەرنانی ئیخوانەکانی میسرە کە لەوێ چالاکییەکانیان بەڕێوەدەبەن، لەوانە کادرە ئیخوانییە ھەڵاتووەکان و رادیۆکەیان و بڵاوکراوە و سایتەکانیان، ئەگەر تورکیاش بۆ بەرژەوەندییەکانی خۆی ملکەچی ئەم خواستەی میسر بێت، ئەوە دەبێت ئیخوانەکان چی پێ بڵێن؟

ھەروا میسر داوای کشاندنەوەی ھێزە چەکدارەکانی تورکیا دەکات لە ھەریەک لە عیراق و سوریا و لیبیا.

تورکیا خۆی باش دەزانێت دەبێت لە سوریا بکشێتەوە، چونکە دۆخەکە ھەر بەم شێوەیە نامێنێت، ھەروا لە ئەگەری حکومەتێکی پتەوی لەسەر پێی خۆ وەستاوی دوای ھەڵبژاردنی داھاتووی عیراق، ئەوە ھەڵوێستی عیراق لەبەرامبەر بوونی ھێزی جۆرا و جۆری تورکیا لە ھەرێمی کوردستان و ھێرشە بەردەوامەکانی بۆ سەر ئەم خاکە توندتر لە ئێستا دەبێت، بەتایبەت کاتێک تورکیا خەریکە بەتەواوی رووبارەکانی دیجلە و فورات بە سەر خاکی عیراقدا وشک دەکات، ئیتر لێرەوە عیراق ھیچ ھیوایەکی بە تورکیا نامێنێت، دووریش نییە پێچەوانەکەی بێتە دی و بەغدا بۆ چۆڕە ئاوێک مەسەلەی کوردی لەگەڵدا بگۆڕێتەوە، ئەمەش دەکەوێتە سەر توانا و ھەژموونی کورد لەناو حکومەتی داھاتوو، ھەروا ھەڵوێستی ئەو لایەنانەی کە بەشدار دەبن لە حکومەتدا.

تورکیا دەیەوێت لە لیبیا بکشێتەوە، بەڵام بە جۆرێک ئەمە بکات کە وەک دەڵێن بەحەیای خۆیەوە ھەستێتەوە و مایەباش بێتەوە نەک بە دۆڕاوی بێتەدەر، لە ھەوڵی راستکردنەوەی پەیوەندییەکانیدایە لەگەڵ وڵاتانی کەنداو، بەو مەبەستەی بێتەوە مەیدانەکە، تورکیا لای ئێمەی کورد( وەک نەتەوەیەکی ژێردەستە) بەگرنگ و زەبەلاح دەبیندرێت، دەنا لای وڵاتێکی وەک میسر دەیان مەرجی دەخرێتە بەردەم تەنھا بۆ گەڕاندنەوەی پەیوەندییەکانیان، لەکۆتاییشدا دوای ھەموو ھەڵوێستە خراپ و دوژمنکارییەکانیان لەناو تورکیا و دەرەوە، ھەردەبێت بگەڕێنەوە سەرەتا و مایەباش دەربچن( ئەگەر بۆیان بچێتە سەر)، چونکە ئابووری تورکیا بەو ئیفلیجبوونەوە چیدی ئەم بەردەوامییە ھەڵناگرێت، بەتایبەت دوای ئەو ھەموو ئاگر کەوتنەوانە و زیان گەیشتن بە شوێنە گەشتیارییەکان.