بۆمبی دواکات

05/02/2022
2734 جار خوێندراوەتەوە

ڕه‌نگین عه‌بدوڵا

ئەمە ئەو بڕیارە بوو کە زۆربەی دەنگدەران و چاودێرانی سیاسی چاوەڕێی بوون. ئەگەر چی ئەم بڕیارەی موقتەدا جێگەی دڵخۆشی بوو بۆ دەنگدەران و لایەنگرانی تەیارەکەی بەڵام بە ھەمان ئەندازە ئێشی زۆر بوو بۆ ڕکابەرە سیاسیەکانی. 
ڕکابەرەکانی سەدر پێیان خۆشدەبوو ئەم بڕیارە نەدا و ئەندام پەرلەمانەکانی مەجبور بە دەنگدان بۆ کاندیدی پارتی (وشیار زیباری) بدات بۆ ئەوەی لە ڕووی میدیاوە سەرەتا ئیش لەسەر دەسەڵاتە سیمبۆلیکەکەی  سەدر بکەن لەگەڵ شارعی عیراقی تێکی بشکێنن، ھەنگاوی دووەم ئیش کردن لەسەرکۆکردنەوەی شەقامی عێراقی لە دەوری چوارچێوەی شیعی، واتە سەرەتا بە ھۆکاری ئەم فەزیحەتە گەورەیەی وشیار زێباری لەسەر کەیسی گەندەڵی و دەرکردنی لەسەر فەسادی ئیداری و دەست پیسی کە  موقتەدا و سەدر دەستی دەگرێت و نەک وەزیر بەڵکە دەیکاتە سەرۆک کۆمار. لە دواجاریشدا دابڕینی لە شەقامی عێراقی. بەڵام ڕوونە سەدر لە ھەموو ڕکابەر و دۆستەکانی قوڵتر و ژیرانەتر بیری کردووەتەوە. بەم بریارەی ھەم شەقامی عێراقی زامن کرد و ھەم نەیارە سیاسیەکانی نا ئومێد کرد.
ئێستا ڕوونتر دەتوانین سەیری شاشەکە بکەین، دەتوانین ڕێککەوتنی ستراتیژی پارتی و سەدر و سونەکان ئاشکراتر ببینین. چونکە ئەگەر ڕێککەوتنەکەی نێوانیان ستراتیژی و مەبدەئی بوایە لەسەر کۆی پرسەکان ئەوە بێگومان سەدر دەبوو پێشتر حساب بۆ ئەم خاڵە بکات و ڕازی نەبێت پارتی گەندەڵێک کاندید بکات بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار.
ئاشکرایە ڕێککەوتنەکەی بارزانی و سەدر و حەلبوسی ڕێککەوتن بووە لەسەر ھێشتنەوەی قەیرانەکان وەک خۆی. ڕێککەوتن بووە لەسەر  پلە و پۆستەکان نەک چاکسازی و دۆزینەوەی میکانیزمی دیپلۆماسی بۆ چارەسەرکردنی لانیکەم کێشە سیاسیەکان بە تایبەت لەگەڵ کورد، چونکە کورد کێشەی خاک و خوێن و نەتەوەیی لەگەڵ ھەموو حکومەتەکانی بەغدا ھەیە بەم حکومەتەی سەدریشەوە.
ئەگەر ڕووداوەکان وەھا بچنە پێش کە دەبێت لە پێناو لانیکەم چاکسازی بێت ئەوە دوور نییە ئەم ھاوپەیمانیەتیە ئالۆزی و ئەرقەلەی تێنەکەوێت. یەکێتی عاقڵانە و بە ئیرادەیەکی مەزنەوە سیاسەت دەکات و یەک یەک کارتەکانی دەجوڵێنێت.
بە نسبەت یەکێتیەوە ئەوەی وەک دەستکەوتی ئەم گۆڕانکاریانە بە دەستی ھێنا ڕێک ھاوشێوەی سەدر بوو شەقامی کوردی  بۆ ماوەیەکی درێژ زامن کرد. چونکە شەقامی کوردی بۆی ڕوونبووەوە کێ لەگەڵ سازان و ڕێککەوتنی لایەنە سیاسیەکانی ھەرێم بوو گەلی کورد گومانی ئەوەی نەما کە یەکێتی ئەگەر جار جار نەرمی دەنوێنێت لە پێناوی یەکڕیزی و یەکێتی نەتەوەیی گەلەکەمانە نەک نەتوانێت دەستی ڕکابەرە سیاسەکانی بادات و کۆی نەخشەکانیان بەسەردا ئاوەژوو بکاتەوە ..!