ژنانی پێشەوا شاژنی فڕۆکەوانیی

11/06/2021
463 جار خوێندراوەتەوە

کنێر عەبدوڵڵا

ئیمیلیا، (١٨٩٧-١٩٣٧) دەڵێت: « کاریگەرترین رێگە بۆ کردنی شتێک ، ئەوەیە کە ئەو شتە بکەیت»
ئیمیلیا ئیرھارت، یەکەم فڕۆکەوانی ئەمریکییە لە مێژوودا کە ساڵی ١٩٢٨ توانی وەک گەشتیار؛ گەشتێک بەسەر ئۆقیانووسی ئەتڵەسیدا بکات و پاشان ساڵی ١٩٣٢بە تەنھا وەک فڕۆکەوان کە بەیەکێک لە باشترین فڕۆکەوانەکان وەسفدەکرێت لەجیھاندا؛ لەکاتێکدا ئەم جۆرە وەزیفانە تەنھا بەھی نێرینە دەزانرا؛ بۆیە ئیمیلیا بە یەکێک لە بەناوبانگترینی ژنەکان دادەنرێت لە مێژوودا.

ساڵی ١٩٣١ ژمارەی پێوانەیی جیھانی بەدەستھێنا کە دەگەیشتە ١٨١٥ پێ. بایەخەکەی بە فڕۆکەوانی بەردەوام بوو تا ئەو کاتەی بوو بە ئەندام لە کۆمەڵەی فڕۆکەوانیی ئەمریکی لە بۆستن، پاشان وەک جێگری سەرۆکی کۆمەڵەکە ھەڵبژێردرا.

فڕۆکەوانێکی سەرکێش بوو، پاش تەواوکردنی خوێندنی ئامادەیی وەک پەرستار کاریکرد لەکاتی جەنگدا، پاشان ساڵی ١٩٢٠ لەگەڵ باوکی گەشتێکی کرد و بووە ھۆی گۆڕینی ژیانی بەشێوەیەک وتی: «تەنھا بە بەرزبوونەوەم لەسەر زەوی ٢٠٠ یان ٣٠٠ پێ، زانیم کە دەبێت بفڕم»
لە چەند وەزیفەیەکی جیاوازدا کاریکردووە تا بتوانێت بۆ خوێندنی فڕۆکەوانی پارەکۆبکاتەوە لەوانە؛ یاریدەدەری پەرستار، چاکەرەوەی تەلەفۆن، مامۆستای تایبەت و بەرگدروو،. جگە لە کاری خۆبەخشی، یەکەم وانەی ساڵی ١٩٢١ بوو، ساڵی ١٩٢٣ مۆڵەتی وەرگرت بۆ ئەوەی ببێتە ژنی فڕۆکەوانی ژمارە ١٦.

یەکەم فڕۆکەی خۆی لە ماوەی شەش مانگدا کڕی و ناویلێنا کناری. دایکی ھاندەری بوو، بۆیە بەشێک لە میراتەکەی پێدا بۆ کڕینی فڕۆکەکە. بەپێی رێکەوتنی دوولایەنە زەماوەندی لەگەڵ بوتنام کرد، بەشێوەیەک گەر پاش ساڵێک خۆشبەخت نەبوون بێ ھیچ فشارێک ئازادبن و جیاببنەوە، لە ژیانیاندا بەختەوەر بوون تا کاتی دیارنەمانی. ساڵی ١٩٢٨ وەک نووسەر لە گۆڤاری Cosmopolitan دامەزراو چەندین وتاری لەوێ بڵاوکردەوە لەوانە؛ ئایا واز لە کچەکەت دەھێنیت بفڕێ؟ بۆچی ژنان لە فڕۆکەوانیی دەترسن ؟

یەکەم ژن و یەکێک بوو لەو کەسە مەدەنییە کەمینانەی مەدالیای شانازی بەدەستھێنا. لە گەشتێکیدا بەدەوری جیھاندا لە ساڵی ١٩٣٧ دیارنەما؛ بەشێوەیەک حکومەتی ئەمریکی بە فەرمیی و زیاد لە دوو ھەفتە چوار ملیۆن دۆلاری خەرجکرد بۆ گەڕان بەدوایدا ، ھەندێک پێیوابوو بەھۆی نەمانی سووتەمەنییەوە فڕۆکەکەی تێکشکا، ھەندێکی دیکە دەیانگوت: پاش ھاتنەخوارەوەی لە دوورگەیەک بەھۆی تینوێتی و برسێتییەوە گیانی لەدەستدا یان لەلایەن یابانییەکانەوە لەسێدارەدران و ساڵی ١٩٧٠ دا بانگەشە کرا لە ژیاندایە و بەنھێنی دەژی، بەڵام حکومەت بەفەرمیی ونبوونی لە دەریادا راگەیاند.

ئیمیلیا؛ یارمەتیدەر بوو لە بەھێزکردن و رەخساندنی دەرفەت بۆ ژنان لە بواری فڕۆکەوانیدا تا ئەو رادەیەی رێکخراوێکی نێودەوڵەتی پێکھێنا بەناوی Ninety-Nine و ساڵی ١٩٢٩ یەکەم کێبڕکێی ئاسمانی بۆ ژنان سازکرد و بووە یەکەم سەرۆکی رێکخراوی فڕۆکەوانانی رێپێدراو، کە تا ئێستا ھەیە و لە ٤٤ وڵاتدا بڵاوکراوەی ژنانیان ھەیە، ئەگەرچی دیارنەمانی بۆتە گرێیەکی جیھانی، بەڵام بوێری و ژیان و دەستکەوتەکانی سەرچاوەیەکی ئیلھامبەخشە بۆ خەڵک لە گشت جیھاندا.