لەیادی سەد ساڵەی دەوڵەتی عێراقدا: بەرەو گرێبەستێکی سیاسی تازە و حوکمڕانییەکی دروست

12/12/2021
9545 جار خوێندراوەتەوە

د. بەرھەم ساڵح


سەدەیەک (١٩٢١-٢٠٢١) بەسەر دامەزراندنی دەوڵەتی عێراقدا تێدەپەڕێت کە پڕە لەوەرچەرخانی مێژوویی جۆراوجۆر کە لە سەرەتای دامەزراندنیەوە جوڵانەوەیەکی نیشتمانی ئازادیخوازی بەخۆیەوە بینیوە ھاوشانی پەرەپێدانی ئابووری و سیاسی و مەدەنی و برەودان بە سیستەمی تەندروستی و فێرکردن و فەرھەنگی و یەکسانی نێوان سەرجەم پێکھاتەکانیی، سەرەڕای دەستەبەرکردنی رۆڵ و پێگەی شیاو بۆ ژنان، سەرنجام ئەم ھۆکارانە وایان کرد عێراق ببێتە وڵاتێکی پێشەنگ لە ناوچەکە و مەڵبەندی پەرەسەندنی فیکری و شارستانی کە لە مێژووی دێرینی میزۆپۆتامیا سەرچاوەی گرتبوو.

بەڵام قۆناغەکانی دواتری بەدەر نەبوون لە لێکترازان و نوشوستی و مەرگەسات و جەنگ و کاولکاری و چەوساندنەوە و گەمارۆ و ھەڕەشەی تیرۆر و تیرۆرستان.

ئێستا خەڵکی عێراق سەبارەت بە بەردەوامی قەیرانەکان و ئەو سیستەمە سیاسییانەی حوکمی وڵاتیان کردووە نیگەرانن، لە دەستتێوەردانی سەربازی لە سیاسەت و کودەتا و دەستوورە کاتییەکان و جیاکاری و سەرکوتکردن و مەرگەساتی ھەڵمەتی کۆمەڵکوژی و شاڵاوی ئەنفال و گۆڕی بەکۆمەڵ و بەکارھێنانی چەکی کیمیایی لە ھەڵەبجە و ووشککردنی ھۆڕەکان.

گەورەترین وانە و پەند کە لە سەد ساڵەی رابردووی دەوڵەتی عێراق فێری ببین ‌بونیادنانی حوکمڕانییەکی دروستە؛ چونکە سەرباری دەرامەتی سرووشتی و مرۆیی و پێگە جوگرافییە گرنگەکەی، تا ئێستا ‌ ئاشتیی و ژیانێکی خۆشگوزەران بۆ ھاووڵاتیانی عێراق دابین نەکراوە.

بۆیە ئێمە لەبەرەم ئەرکێکی نیشتمانی گرنگداین کە بریتیە لە پێکھێنانی حکومەتێکی تازە بە ئاڕاستەی تێپەڕاندنی قەیرانەکان و پارێزگاری لە ئاشتەوایی کۆمەڵایەتی و چەسپاندنی حوکمڕانییەکی دروست،  لەسەر بنەمای پێداچوونەوە بە کەموکورتییەکانی رابردوو.

ئەم ھەنگاوەش پێویستییەکی مێژوویە بە ئاڕاستەی دروستکردنی کۆدەنگییەکی نیشتمانی و سیاسی و کۆمەڵایەتی، چونکە قۆناغی ئێستا قۆناغێکی ھەستیارە و پێویستی بە کارکردنێکی راستەقینە ھەیە بۆ تێپەڕاندنی قەیرانەکان و گرێبەستێکی سیاسی و کۆمەڵایەتی، چونکە ئێستا کەس لە عێراق بە شیعە و کورد و سونە و سەرجەم پێکھاتەکانی تر بەم دۆخە رازی نین و پێیان وایە ناکرێ بەم شێوەیە بەردەوام بێ.

کێشەی کورد لەگەڵ بەغدا کە لەسەرەتای دروستبوونی دەوڵەتی عێراق کە تا ئەمڕۆ بەردەوامە، پێویستی بە چارەسەر و گفتوگۆیەکی جددی ھەیە لە بەغدا کە زامنی شەراکەتێکی راستەقینە بکات لە رێگای چارەسەرێکی بنەڕەتی کە خزمەتی سەرجەم عێراق بکات.

ھەر چەندە ناکرێ دەسکەوتەکانی دوای ٢٠٠٣ بەکەم وەربگرین کە شەش کابینەی حکومەت و پێنج خولی ئەنجومەنی نوێنەرانی بەخۆیەوە بینیوە، بەڵام یەکێک لە کۆسپە گەورەکانی بەردەم حوکمڕانییەکی دروست، قەیرانی سیستەمی حوکمڕانی دوای ٢٠٠٣ یە، چونکە لە ئاستی داخوازییەکانی گەلی عێراق نەبوو و پێویستی بە چاکسازییەکی ریشەیی راستەقینە ھەیە.

ئەم ھەنگاوەش بە گێڕانەوەی متمانەی خەڵک بە سیستەمی سیاسی و پارێزگاری لەسەروەری دەوڵەت و کۆتایی ھێنان بە پێشێلکارییەکان دێتەدی.

وەک دەزانن بۆ کۆتای ھێنان بەم دۆخە ھەڵبژاردنێکی پێشوەختەمان ئەنجامدا، وەکو بەدەنگەوەھاتنێک بۆ داواکارییەکانی شەقام و رێزگرتن لە کۆدەنگی نیشتمانی و ئەنجامدانی چاکسازییەکی بنەڕەتی، ‌چاوەڕوانین رێوشوێنە یاساییەکانی پڕۆسەی ھەڵبژاردن تەواوبن و بە گوێرەی بەرکەوتی دەستووری حکومەتێکی نوێ پێکبێنین.

سەرباری قەیران و ھێرشە تیرۆرستییەکان و ئەو شەپۆلی توندوتیژییەی وڵاتی گرتۆتەوە، مایەی دڵخۆشیە عێراقییەکان لە بری پەنابردنە بەر جەنگ و ململانێ بۆ چارەسەرکردنی گرفتەکان، پەنا دەبەنە بەر میکانیزی ئاشتییانەی ھەڵبژاردن، لە ھەمان کاتیشدا کەمی بەشداری ھاووڵاتییان لە پڕۆسەی ھەڵبژاردندا نادیدە ناگرین، چونکە پڕۆسەی ھەڵبژاردن لە خودی خۆیدا کۆتا ئامانج نییە، بەڵکو ئامانجی سەرەکی و بنەڕەتی دەستەبەرکردنی ئاشتی و ئارامی و بەشداری بەرفراوانی عێراقییەکانە لە پڕۆسەکەدا، تاوەکو لەو رێگەیەوە ھاووڵاتییان بتوانن بژاردەکانی بەردەمییان زیاتر بکەن و لە رێگەی پتەوکردنی پایە سەرەکییەکانی حوکمڕانییەکی تەندروست، خواست و ھیوا و ئاواتەکانیان بێننەدی.

گەندەڵی ئاستەنگێکی دیکەی بەردەم بەر جەستەکردنی حوکمڕانییەکی دروستە، ئافاتێکی مەترسیدارە و پەیوەستە بە توندوتیژی و تیرۆرەوە، سەرچاوەی نەھامەتی پەرتەوازەییە و ئاشتی کۆمەڵایەتی دەخاتە مەترسییەوە و عێراقیش دەخاتە بەردەم جیاکاری و نادادپەروەری. 

دەبێت لە رێگەی دامەزراوە فەرمییەکان و چالاکییە کۆمەڵایەتی و مەدەنییەکانەوە، کاری جددی و پێکەوەیی بکەین بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەم گرفتە، ئەم جەنگە جەنگێکی نیشتمانیە ‌و بێ سەرکەوتن لەو جەنگەدا ناتوانین لەئاست چاوەڕوانی خەڵکدا بین، دەبێت سەرچاوەکانی گەندەڵی ووشک بکەین و پارە بەتاڵانبراوەکانیش بگێڕێنەوە.‌

پێویستە لە قۆناغی ئایندەدا کار بۆ ھەموارکردنەوەی ئەو بەندانەی دەستوور بکەین کە لە ئەزموونی کارکردنەوە دەرکەوتووە کە ھۆکاری ھەندێ قەیران و تەنگژەن و بەربەستن لە بەردەم پڕۆسەی سیاسی، دەبێت شۆڕشێک لە بواری یاسا تەشریعییەکاندا بەرپا بکەین کە وڵامدەرەوەی پێداویستییەکانی ئەم سەردەمە بێت و ھاوسەنگی کۆمەڵگەش بپارێزێت، چونکە ئەو گوڕانکارییە زۆرانەی بەسەر عێراقدا ھاتوون لە چوارچێوەی سیستەمە یاساییەکانی پێشوودا  ھاوتەریب نەبوون لەگەڵ پەرەسەندنە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان، وەک یاسای سزادانی عێراقی بە نموونە.

ئەرکێکی ترمان بریتیە ئەنجامدانی پەرەپێدانی ئابووری چونکە ناکرێت چی دیکە پشت بە ئابووری بەرخۆر ببەستین کە ٩٠%  لەسەر داھاتی نەوت بێت، داتاکانیش ئاماژە بەوە دەدەن کە خواست لەسەر نەوت لە کەمبوونەوە ‌دایە و جیھان بەرە و پشتبەستن بە ووزەی پاک ھەنگاو دەنێت، ئەمەش دوور و نزیک کاریگەری خراپی دەبێت لەسەر ئابووری عیراق.

لە سایەی رێککەوتننەکانی تایبەت بە ژینگە و وەرچەرخانی ئابووری جیھان بەرەو پشتبەستن بە ووزەی تازە، دەبێت پلانی سەراپاگیری پێشوەختەمان ھەبێت، ئەمەش گرێدراوی گەورەترین مەترسییە کە ھەڕەشە لە ئایندەی وڵاتەکەمان دەکات کە گۆڕانی کەشوھەوا و لێکەوتە خراپە ئابوورییەکانییەتی بۆ سەر وڵاتەکەمان.

دیاردەی بەرزبوونەوەی پلەی گەرما و ووشکەساڵی و گەردەلوولە لماوییەکان لە بەرزبوونەوەدان، زەوییە کشتوکاڵییەکانمان بە ھۆی بە بیابانبوونەوە لە مەترسیدان، لە ئەنجامی دورستکردنی بەنداوەکان لەسەر لقەڕژێنەکانی دیجلە و فوڕات، بەشە ئاوی عێراق کەمی کردووە، بۆیە زۆر پێویستە وەک ئەرکێکی نیشتمانی رووبەڕووی گۆڕانکارییەکانی کەشوھەوا ببینەوە، پێویستە لە رێگەی دارشتنی پلانی ستراتیژییەوە خاکی میزۆپۆتامیا ببوژێنینەوە و ھەمەچەشنی ژینگەکەی وەک باخەکانی خورما و زۆنگاوەکان و دەشت و چیا سەرکەشەکانی کوردستان پارێزگاری لێ بکەین.

یەکێک لەو رەخنانەی لە عێراقی تازە دەگیرێت ئەوەیە کە سودی لە پێگە جوگرافییەکەی وەرنەگرتووە کە دەکەوێتە ناوجەرگەی ناوچەکەوە، لەگەڵ دراوسێکانی کەوتۆتە جەنگ و ململانێی بێھودەوە، ئەمەش کۆسیستەمی ھەرێمی ناوچەکەی بەرەو داڕووخان بردووە، ھەر ئەمەش بۆتە ھۆی پەرتەوازەیی و لێکترازان و رەنگدانەوەی خراپی ھەبووە بۆ سەر ناوچەکە ‌و عێراق.

پێویستە سیاسەتی دەرەوەی دوور لە میحوەربەندی و ململانێکان دابڕێژینەوە، پەیوەندییەکی ھاوسەنگ لەگەڵ ھەموواندا بنیات بنێین، عێراق کە پێشتر ناوەندێک بووە بۆ ململانێ و ناکۆکییەکان، دەبێت بیگۆڕین بۆ پردی پەیوەندی و بەیەکگەیشتنی بەرژەوەندییە ھاوبەشەکانی نێوان دەوڵەتانی ناوچەکە، کە لە بەرژەوەندی ئەوانیش دایە عێراق بە رۆڵە میحوەرییەکەی جارانی ھەستێت لە ناوچەکەدا و نەھێڵێت خاکەکەی ببێتە گۆڕەپانێک بۆ ململانێ ئەوانی دیکە، نابێت رێگە بدەین دەوروبەر کێشەکانیان لەسەر خاکی وڵاتەکەمان یەکلایی بکەنەوە، دەبیت بەغدا بکەینە چەقی بەیەکگەیشتنی کەلتوورە جیاوازەکان ھەروەک پێشتر پایتەختی شارستانیەت و مەلبەندی فرەیی و لێبووردەیی بووە.

عێراق لە ساڵوەگەڕی دامەزراندنیدا رووبەڕووی گەلیک ئاڵێنگاری مەترسیدار بۆتەوە، ھەروەھا ئستحقاقی گەورەشی لە بەردەمە، دەستدرێژی بۆ سەر سەروەری دەوڵەت و دەستوور، سەرچاوەی گرفت و کێشە جۆراوجۆرەکانی وڵات و بگرە خودی ناوچەکەشە، لە ئەزموونی ئەو سەد ساڵەوە دەرکەوتووە کە عێراقێکی سەقامگیری خاوەن سەروەری تەواو کە لەگەڵ گەل و دەوروبەرەکەیدا ئاشتییانە ھەڵبکات، دەوڵەتێک دەستوور رێوێنی بێت، دەوڵەتێک بێ خزمەتکاری خەڵکەکەی بێت و یاسا تێدا سەروەر بێت، رێز لە مافەکانی مرۆڤ بگرێت و بنەمای ھاووڵاتیبوون بچەسپێنێت، پشتیوانی بکات لە سیستەمی فێرکردن و گەشەپێدان و پێشکەوتن، دەوڵەتێک بنیات بنێین کە شایستەی ئێستا و ئایندەمان بێت.

نەمری و سەربەرزی بۆ سەرجەم شەھیدانی عێراق کە لە پێناو ئازادی و دیموکراسی و  بەرگری لە نیشتمان گیانی خۆیان بەخشی.