لە ڕۆژی جیھانیی ژینگەدا؛ بوژانەوەی مێزوپۆتۆمیا بۆ ژینگە و ژیانێکی باشتر

05/06/2021
577 جار خوێندراوەتەوە

د. بەرھەم ساڵح

بەڵگەکانی زیادبوونی مەترسییەکانی گۆڕانکاری کەش و ھەوا لەگەڵماندا دەژین، وەک بەرزبوونەوەی بەرچاوی پلەکانی گەرما، وشکەساڵییەکی سەخت و دووبارەبوونەوەی زۆری خۆڵبارین. بیابانبوون کاریگەری لەسەر ٣٩٪ لە ڕووبەری عیراق ھەیە، لە ٥٤٪ خاک بەھۆی سوێرییەوە لە بەردەم مەترسی ئەوەدایە چیتر بۆ کشتوکاڵکردن دەست نەدات. بونیادنانی بەنداو لەسەر چەم و سەرچاوەکانی ھەردوو ڕووباری مێژوویی دیجلە و فورات کە سەرچاوەی ژیانی وڵاتن، ھەڵقوڵانی ئاویان کەمکردووەتەوە و بووەتە ھۆی ھەڵکشانی زمانە ئاوی سوێر بەرەو شەتولعەرەب.

بونیاتنانی ئەم بەنداوانە، بووەتە ھۆی کەمبوونەوەیەکی بەرچاوی ئاو کە ھەڕەشەیە لەسەر بەرھەمی کشتوکاڵیمان و تەنانەت لەسەر ئاوی خواردنەوەش لە شار و لادێکاندا. بە گوێرەی وەزیری سەرچاوەکانی ئاوی عێراقیش تا ساڵی ٢٠٣٥، ساڵانە  ١٠.٨ ملیار مەتر سێجا ئاو لە دەست دەدات.

کاریگەرییە مرۆییە مەزەندەکراوەکانی گۆڕانکاری کەش وھەوا زۆر گەورەن. حەوت ملیۆن ھاووڵاتی عێراق زیانمەند بوون و بەھۆی وشکەساڵییەوە جێلەق بوون. لەگەڵ بەرزتربوونەوەی ڕێژەی زیادبوونی دانیشتوانیشدا لە عێراقدا، داتاکان پێمان دەڵێن ژمارەی دانیشتوانی وڵات، لە ٣٨ ملیۆنەوە ئەمڕۆ، ساڵی ٢٠٥٠ دەگاتە ٨٠ ملیۆن. ئەمەش بە بێ دۆزینەوەی چارەسەرێک، مەترسییە ئابوری و کۆمەڵایەکانی گۆڕانی کەش و ھەوا، زیاتر دەکات.

دەبێت بەرەنگاربوونەوەی گۆڕانکارییەکانی کەش و ھەوا، پرسی لە پێشینەی نیشتیمانیی بێت لە عێراقدا و پێویستە ھەرچی زووە دەست بە کار بکەین، کە ئایندەی نەوەکانمان پشتی بە ئێمە بەستووە و لە بەردەم ئەم ئالەنگارییەدا، بەرپرسیاریەتییەکی گەورەمان لە ئەستۆدایە.

بۆیە لە ڕۆژی جیھانیی ژینگەدا، بە پێویستی دەزانم بانگھێشت بۆ داڕشتنی بەرنامەیەکی نیشتیمانیی بکەم لە پێناو بوژانەوەی دۆڵی ڕافیدەین، کە جەوھەرەکەی پێداگریی بێت لەسەر خۆگونجاندن لەگەڵ گۆڕانکاریەکانی کەش و ھەوا، ھەروەھا دەرفەتێکیش بۆ گۆڕینی ئابووری عێراق بەرەو ھەمەڕەنگی و پشتیوانیکردن لە وزە نوێبووەکان و میکانیزمە خاوێنەکان، لەگەڵ چوونە ناو بازاڕەکانی کاربۆن و پشتیوانی ئەو ناوچانەی ئەگەری ئەوەیان ھەیە، گۆڕانکارییەکانی کەش و ھەوا کاریگەری زیاتری لەسەریان ھەبێت و ڕووبەڕووی ھەڵئاوسانی ئابوری سەخت ببنەوە. ئامانجیش لەم ڕێکارانە دابینکردنی ژیانێکی شایستە و دوور مەودایە بۆ ھاوڵاتیان.

مانگی کانونی دووەمی ٢٠٢١ واژۆی بڕیاری ئەنجومەنی نوێنەرانم کرد بۆ ئەندامیەتیی عێراق لە ڕێککەوتنی پاریس بۆ کەش و ھەوا، کە دەرفەتێکی گرنگی ھەسارەکەمانە بۆ بەرەنگاربوونەوەی گۆڕانکارییەکانی کەش و ھەوا لە ڕێگەی ھاوھەڵوێستییەکی نێودەوڵەتی یەکانگیرەوە. ھەروەھا لە شوباتی ٢٠٢١ ئەنجومەنی وەزیران دەنگیداوە لەسەر وەبەرھێنان و دروستکردنی وێستگەی بەرھەمھێنانی کارەبا لە وزەی ھەتاو، پێشوتریش وەزارەتی ژینگە دەستی کرد بە نووسینی بەڵگەنامەی بەشداریی نیشتمانیی بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ گۆڕانکارییەکانی کەش و ھەوا لە وڵاتدا.

ھێشتا زۆر شتمان لە بەردەمدایە، پێویستە نەخشەڕێگایەکی گشتگیر لە دەسپێشخەرییەکی لەم شێوەیەدا دابنرێت، ژینگە بۆ دوور مەودا بەھێز بکات و سەرچاوە سروشتییەکان بپارێزێت و ئابوورییەکی سەوز دابمەزرێنێت. ئەمەش بۆ ئەوەی ببێتە دەسپێکی بەرنامەیەکی دوور مەودا و خوازراو، پێویستی بە ژمارەیەک ھەنگاوی خۆگونجاندنی بەرچاو ھەیە، وەک گرنگیدان بە بەکارھێنانی زەوی، پاراستنی ئاو و توانای وزە. بەرنامەکانی دواتریش کە ئومێد بەخشتر و درێژخایەنتر دەبن.
بەھۆی زۆریی سەوزایی و خاکە بە پیتەکەی کە بە داخەوە ئێستادا بەرەو بیابانێکی وشک دەڕوات، خاکی ڕەش و بەھەشتی عەدن، کۆنترین ئەو پێناسانەن کە مرۆڤایەتی پێیان ئاشنایە بۆ وەسفکردنی خاکی ڕافیدەین.

جیاوازیی ئەوەیە کە چاومان لەسەر داھاتوو، گەڕانەوە دەخوازێت بۆ ڕابردووی سەوزی نزیکمان، ئەویش لە ڕێگەی ھەڵمەتێکی نیشتمانیی بۆ سەوزکردنەوەیەکی فراوانی باشور و ڕۆژئاوای وڵات، کە گرنگی بدات بە دارخورما وەک ناسنامەی کولتووری و شارستانیی میزۆپۆتامیا، ھەروەھا بوژاندنەوەی دارستانەکان و شاخ و شارەکانی کوردستان. ئەمەش بە تەنھا ڕێگە لە بڵابوونەوەی کاربۆن ناگرێت، بەڵکو پاڵپشتی بەروبوومی کشتوکاڵی دەکات و خاکەکەش دەپارێزێت. ھەڵمەتێکی لەم جۆرەش گونجاو و تەواوکەری دەسپێشخەریی سعودییەیە بۆ ڕۆژھەڵاتێکی سەوز.

جگە لەم ھەوڵانەش، پێویستمان بە دەسپێشخەریی نوێ ھەیە لە پێناو تازەکردنەوەی ڕێگەچارەکانی ئاودێری و ئاو و ستانداردەکانی بیناسازی و چاککردنی ئامرازەکانی ڕزگاربوون لە پاشەڕۆکان و دووبارە بەکارھێنانەوەیان، لەگەڵ گرتنی گازی سووتاو.

ئەم خەسڵەتانە بەسەریەکەوە، لە دەیەی داھاتوودا سوودی ئابووری بەرچاویان دەبێت، ئەوەش لە ڕێگەی دروستکردنی ھەلی کاری نوێ لە کەرتەکانی کشتوکاڵ و بنیادنان و پیشەسازیی سووکدا. ھەروەھا پاڵپشتیی لە پێشخستنی پیشەسازی نوێ لە بواری پلاستیک و پێداویستییەکانی بنیادنان و بەرھەمھێنانی خۆراک و یارمەتیدانی کەرتی تایبەت و ھاندانی وەبەرھێنانی بیانیی؛ لەگەڵ پشتیوانیی ڕۆڵی گەنجان لە گەشەی ئابووریدا.

بەھۆی ھەڵکەوتە جوگرافییەکەیەوە لەناو دڵی ناوچەکەدا و ھەمەجۆریی ژینگەیی لە دارخورما و زۆنگاو و چیاکانی کوردستان، عیراق دەتوانێت ببێتە سەکۆی کۆکردنەوەی ھەموو وڵاتانی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست.
ڕەنگە جیاوازیی سیاسیمان ھەبێت، بەڵام پێویستە لە بەرامبەر گۆڕانکارییەکانی کەش و ھەوادا  یەکبگرین، چونکە ھەڕەشەیە بۆ سەر ھەمووان، ئەمەش وا دەخوازێت پلانە نیشتیمانییەکانمان بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئالەنگارییە ژینگەیی و ئابوورییەکان ببەستینەوە بە دەستپێشخەرییە ناوچەییەکان. دووبارەبوونەوەی خۆڵبارین، کەمئاویی، بەرزبوونەوەی پلەی گەرما و بیابانبوون و کەمبوونەوەی سەرچاوەکانی دارایی بەھۆی لاوازیی خواست لەسەر نەوت، پێویستی بە کۆششێکی فراوانە لە پێناو کەمکردنەوەی کاریگەری گۆڕانکارییە بێسنوورەکانی کەش و ھەواو بەڕێوەبردنی ئاو بە شێوەیەکی ھاوبەش و دادپەروەرانە.

دۆسیەی ئاو پێویستی بە گفتوگۆی ڕاشکاو و بنیاتنەرانە ھەیە لە نێوان عێراق و تورکیا و ئێران و سوریا، ئەویش لەسەر پرانسیپی نەگەیاندنی زیان بە ھیچ لایەنێک و ھەڵگرتنی بەرپرسیاریەتی ھاوبەش و یەکخستنی کۆششی ھاوبەش لە پێناو بەڕێوەبردنێکی دوور مەودای ئاو.

پڕۆژەی بوژاندنەوەی مێزۆپۆتۆمیا پێویستی بە ھەڵمەتێکی نیشتیمانیی ھەیە لە ھەموو ئاستەکاندا، بە حکومەت و ھەموو دەزگا و فەرمانگەکانیەوە، تا ئەنجومەنی نوێنەران و ڕۆڵی گرنگیی لە یاسادانان و پشتیوانییدا. کۆکردنەوەی ئیرادەی سیاسی پێویست بۆ ئەم پڕۆژەیە حەتمییە و، وەزارەتەکان پێویستیان بە تواناسازییە، ھەروەھا دامەزراندنی دامەزراوەی تایبەت و شۆڕشێک بۆ یاسادانان و یاسا و لیستی نوێ. ئەمە جگە لە ڕۆڵی جڤاکی کۆمەڵایەتی و مەدەنیی گەنجانە.

بۆ پاڵپشتی ھونەری و پلاندانان و گواستنەوەی تەکنۆلۆژیا لەم بوارەدا، عێراق پێویستی بە ھاوکاری دۆستەکانیەتی لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی. یەکێک لە ئەرکە سەرەتاییەکان بۆ پێشخستنی کۆششەکانمان، ڕێکخستن دەبێت لەگەڵ ئاژانسەکانی تایبەت بە کەش و ھەوا. لە پێناو یارمەتی و تەمویلکردنی وەبەرھێنان لەم بوارەدا، کاری دەکەین بۆ گەیشتن بە سندوقی سەوز و بازاڕی سەرمایە و دەوڵەتانی بەخشەر.

ئێستا کاتی کارکردنە و ئەرکێکی قورسمان لە پێشە، کاتی ساردبوونەوە نیە لە بەردەم ئالەنگاریی گۆڕانکارییەکانی کەش و ھەوادا، کە لە ھەمان کاتدا دەرفەتێکە بۆ عێراق و ناوچەکە بۆ چارەسەرگەلێک لەسەر بنەمای پتەو بۆ بەرەنگاربوونەوەی دەیەکانی داھاتوو.