وتار
چەمکی (مردن و ژیان) لای برایم ئەحمد (بلە)
دەلیل جەمال

گەرچی لە دید و تێڕوانینی دینی لەحزەی لەدایکبوون و مردن مرۆڤ تێدا بێ دەسەڵات و دۆشداماوە و بڕیاریان لای خودایە، بەڵام بۆ تەوزیفکردن و دووبارە داڕشتنەوەی ئەم چەمکانە و بەخشینەوەی مانای (مەجازی) بە مردن و ژیان دەبێت لە مەدلولەکانیانەوە بیخوێنینەوە و لێی تێبگەین.

 

مەژی بۆ مردن بمرە بۆ ژیان

چۆن قازانج ئەکەی  تا نەکەی زیان!؟

ئەگەر سەیری ئەم بەیتە شیعرییەی مامۆستا برایم ئەحمد بکەین لە بەیتێکدا پەیامێکی قوڵ و مانایەکی فراوانی لە ناوخۆیدا هەڵگرتووە.

لەم بەیتەدا (کاری ئەمر) هەی بەڵام ئەمرێک بۆ چۆنییەتی مردن و ژیان، واتا هەموو کەسێک دەمرێت بەڵام چۆن مردنێک ؟ هەموو کەسێک مافی ژیانی هەیە بەڵام چۆن ژیانێک؟

هەر بۆیە بلە لە نیوە بەیتی یەکەمدا دەسووڕێتەوە بە دەوری مردن و ژیان

(مەژی بۆ مردن)

مرۆڤ نابێت مەحکومی چارەنووس ببێت نابێت لە پێناوی مردنا بژیت ئەمە هەم هەڵگری فەرمانێکە هەمیش پەیامێکە بۆ مرۆڤ، لێرەدا تێدەگەین برایم احمد دەیەوێت بڵێ مرۆڤ شوناسی لەناو کردە و جوڵە و بیر و خەسڵەتیدایە، مرۆڤ دەبێت بمرێت لە پێناوی سەربەستی و ئازادی و مافی خۆی و گەلەکەی خۆ ئەگەر بە پێچەوانەوە بێت ئەو پرسیارە فەلسەفییە دێتە گۆڕێ مرۆڤ چییە و بۆچی هاتووەتە بوون؟ ئەگەر لە پێناوی مردنێکی سەربەرزانە نەژیت...

(بمرە بۆ ژیان)

بە هەمان فاسیلە و دووری ئیدیۆمی یەکەمە، لێرەدا مامۆستا برایم احمد ڕستەکە تەواو دەکات و مەبەستی سەرەکیشی ئەوەیە بڵێت لە پێناوی ژیانا بمرە ژینێک کە لە ڕووی مەجازییەوە جاویدانییە و مانەوەیە لەناو بۆتەی مێژوو ئازادی و سەربەرزی

(مەژی و بمرە) لە ڕووی مانای دالی وشەکانەوە یەک شت و یەک ئامانجن ئەویش مردن و هەڵگەڕانەوەی ژیانە بۆ مردن

ئەوەی جیا و جیاوازیان دەکاتەوە هێنانی هەمان وشەکانن کە دوای ئامرازی (پریپۆزشن)ی بۆ کەمانی فەرهەنگی وشەکان تێکدەشکێنێت و مانای دیکەیان پێدەبەخشێت کە هەڵگری پەیامی ژیانە لە پێناوی سەربەستی و ئازادیدا.

بۆ تەواوکردنی پەیام و مەبەستەکەی سەیری نیوە بەیتی دووەم دەکەین.

(چۆن قازانج دەکەی تا نەکەی زیان)

فەلسەفەی ئەم نیوە بەیتە دروستکردنی پرسیارە، مرۆڤ پێویستە لە خۆی بپرسێت چی دەبەخشێت و چی وەردەگرێت؟ ئەگەر مرۆڤ ژیانی ببەخشێت لە پێناوی چیایە؟

برایم احمد بەخشینی ژیان و مردن لە پێناوی دووبارە ژیانێک کە خۆت دەتەوێت و چارەنوسی لای خۆتە،

ئەوەی مرۆڤی هێشتووەتەوە لە چوارچێوەی ژیانێکی ژێر دەستەیی و کۆیلەیی ترسە

هەر بۆیە دەڵێت:

(لە زڕەی زنجیر دڵت نەلەرزێ پێوەند بۆ لەشە نەوەک بۆ گیان)

سوقرات لە کاتی زیندانی کردنی بە شاگردەکانی وت من زیندان نیم زیندان ئێرە نیە بەڵکو جەستەیە، مرۆڤ گیان و ڕۆحە هەر بۆیە  پێویستە ڕۆح ئازاد بێت لەم جەستەیەکە زیندانی ڕۆحە

هەر بۆیە برایم احمد دەڵێت ئازار و کۆت و بەند نابێتە زیندانی کردنی مرۆڤ چونکە مرۆڤ گیان و ڕۆحە و ئەویش نە دەمرێ و نە زنجیر دەکرێت

ئەوە ڕۆحە مرۆڤ باڵا پێ دەکات و وای لێدەکات لە هیچ نەترسێت بەڵکو لە پێناوی ژیانێکی سەربەستانە بمرێت

یان بژیت لە پێناوی مردنێکی سەربەستانە، مادام هەمووان دەمرن مرۆڤ پێویستە ئەو مردنە هەڵبژێرێت کە پڕە لە سەروەری و شانازی.

لە کۆتایدا ئەم خوێندنەوەی ئێمە بۆ ساڵیادی کۆچی دوایی ئەو بیرمەند و نوسەر و سیاسەتمەدارە مشتێکە لە دنیای پڕ لە ماناو فکری نوێگەری، مشتێکه لە ئەدەبیات و جوانیەکانی مامۆستا ابراهیم احمد

ئەم بابەتەش بەشێکە لە خوێندنەوەیکی زیاتر و گشگیرتر لەسەر برایم احمد کە کاری تێدا دەکەم، بەڵام لەم ڕۆژەدا کە ڕۆژی کۆچی دوایی مامۆستایە وەک وەفایەک بۆ قەڵەمە پڕ بڕشتەکەی ئەم نوسینەم بڵاوکردەوە

 

دروود بۆ ڕۆحی هەمیشە باڵای مامۆستا (بلە)

دەلیل جەمال

٢٠٢١/٤/٨
ئەم وتارە دەربڕی ڕاوبۆچونی نوسەر خۆیەتی و کوردسات نیوز لێی بەرپرس نیە
4/8/2021 5:04:28 PM
‌‌ بابەتەکانی تری نوسەر ...