ھۆڵەندا ھاوکاریی کەرتی کشتوکاڵی ھەرێم دەکات 

ھۆڵەندا ھاوکاریی کەرتی کشتوکاڵی ھەرێم دەکات 

سەنتەری بازرگانیی ھۆڵەندی لە عێراق و ھەرێمی کوردستان پڕۆژەیەکیان بۆ پەرەپێدانی کەرتی کشتوکاڵی و بوژاندنەوەی بەربوومی ناوخۆیی لە ھەرێم راگەیاند. 

حکومەتی ھۆڵەندا لە رێگەی کۆمپانیا و شارەزایانی کەرتی کشتوکاڵییەوە ئامادەیە و دەیەوێت بایەخێکی زیاتر بەو کەرتە بدات. 

ڤیلم کۆزاین، کونسوڵی ھۆڵەندا لە ھەرێم لە لێدوانێکیدا بۆ کوردسات نیوز راگەیاند: وڵاتەکەم ئامادەیە ھاوکار بێت بۆ پێشخستنی کەرتی کشتوکاڵ لە ھەرێمی کوردستان، وەک یەکێک لە پایە گرنگەکانی بەھێزکردنی کەرتی ئابووری.

راشیگەیاند: ئێمە ئەزموونی ھەرێمی کوردستان و ھۆڵەندا پێکەوە گرێدەدەین بۆ ئەوەی بتوانین کەرتی کشتوکاڵ لە کوردستان پەرەپێبدەین.

رزگار حەمە خدر جێگری بەڕێوەبەری کشتوکاڵی سلێمانیش لە لێدوانێکیدا رایگەیاند: کشتوکاڵ لە ھەرێمی کوردستان بووەتە جێی سەرنجی ھۆڵەندییەکان، بەھۆی ئەوەی زیاتر لە 18 ملیۆن دۆنم زەویی کشتوکاڵی و 3 سەرچاوەی گرنگیی ئاوی ھەیە، لەگەڵ بوونی کەشوھەوایەکی چواروەزیی گونجاو.

ئازاد محەمەد جووتیارێکی نموونەیی ھەرێمیش ئاماژەی بەوەکرد، ئەگەر پشتی جووتیار بگیرێت، کەرتی کشتوکاڵ لە ھەرێمی کوردستان بەرەوپێشەوە دەڕوات، بە چەشنێک، دەتوانرێت کارێک بکرێت لە پێویستیی خۆمان زیاتر بەرھەمە کشتوکاڵییەکان ببرێتە دەرەوە.