گفتوگۆکان دەربارەی مانەوەی هێزی تورکیا لەعێراق بەردەوامە

گفتوگۆکان دەربارەی مانەوەی هێزی تورکیا لەعێراق بەردەوامە

وەزیری دەرەوەی عێراق رایگەیاند : گفتوگۆكان لەگەڵ توركیا لەبارەی هێزە سەربازییەكەی ئەو وڵاتە كە لە خاكی عێراق جێگیركراوە، بەردەوامە.

محەمەد حەكیم وەزیری دەرەوەی عێراق، لە كۆنفڕانسێكی رۆژنامەوانییدا كە لە بارەگای كۆمكاری وڵاتانی عەرەبی سازیكردبوو، رایگەیاند: بەغداد لەپەیوەندی بەردەوامدایە لەگەڵ ئەنقەرە لەبارەی جێگیربوونی هێزە سەربازییەكەی لەناو خاكی عێراق، وتیشی: لێپرسراوانی توركیا دركیان بە هەستیاریی ئەم بابەتە كردووە.

پێشتر، فاتح یەلدز باڵیۆزی توركیا لە بەغداد رایگەیاندبوو: بوونی هێزە سەربازییەكەی توركیا لە باشیك، لەسەر داوای چەند لایەنێكی باڵای عێراق بووە، باسی لەوەشكردبوو: لێكتێگەیشتنی هاوبەش پرسی كشانەوەی هێزەكانمان لە خاكی عێراق، دیاری دەكات.

وەزیری دەرەوەی عێراق لەبەشێكی تری لێدوانەكانی بۆ رۆژنامەنووسان ئاماژەی بەوەشدا: ئەنقەرەو بەغداد بەنیازن پەیوەندییەكانیان لەسەرجەم بوارەكاندا فراوان بكەن و بۆئەو مەبەستەش، چەند لیژنەیەكی هاوبەش لەنێوان هەردوو وڵات، پێكهێنراوە.