کانێکی دروستکردنی خەڵوز لە سلێمانی تێکدەدرێت

کانێکی دروستکردنی خەڵوز لە سلێمانی تێکدەدرێت
کانێکی دروستکردنی خەڵوز لە سلێمانی تێکدەدرێت و سەرۆکی لیژنەی ژینگەش ھۆکاری تێکدانەکەی دەگەڕێنێتەوە بۆ بەکارھێنانی موڵکی گشتی بە شێوەیەکی نایاسایی و پابەند نەبوون بە مەرج و رێنماییە ژینگەییەکانەوە.
"تاھیر محەمەد ئەمین" سەرۆکی لیژنەی ژینگە رایگەیاندووە, پاش ئەوەی لیژنە ھاوبەشەکان ئاگادار دەکرێنەوە لە ھەبوونی کانێکی خەڵوز لە گەڕەکی "قڕگە"ی شاری سلێمانی کە پێچەوانەی رێنماییەکان و بەکارھێنانی موڵکی گشتی بە شێوەیەکی نایاسایی خەڵوز بەرھەم دەھێنێت، بەدواداچوونیان کردووە و بە بڕیاری قائیمقامی سلێمانی کانەکە تێکدرا. 
وتیشی, موڵکی گشتی بۆ بەرژەوەندی کەسی بەکار ھێنراوە و، ئەو دارەشی بۆ دروستکردنی خەڵوز بەکارھێندراوە رێگە پێنەدراوە، ئەو کارەش لە سەنتەری شاردا تەواو پێچەوانەی رێنماییە تەندروستی و ژینگەییەکانە.
لیژنەی ژینگەی سەر بە لیژنە ھاوبەشەکانی قائیمقامیەتی سلێمانی, لەماوەی ٥ مانگی رابردوودا و لەکۆی سەردانەکانیان بۆ کارگەو ناوچە پیشەسازییەکانی سنوری شاری سلێمانی,  ٣٢٨ شوێنیان ئاگادارکردۆتەو و بەدواداچوونیان بۆ ٥ شوێن ئەنجامداوە و, بە ھۆی سەرپێچییەوە ١١ شوێن پسوڵەی سەرپێچی بۆ کراوە و ٢ شوێنیش روبەڕووی داخستن بوون.