چەند کارمەندێکی دەزگای ھەواڵگری تورکیا لەلایەن پەکەکەوە دەستگیرکراون

چەند کارمەندێکی دەزگای ھەواڵگری تورکیا لەلایەن پەکەکەوە دەستگیرکراون
ئەندامێکی کۆنسەی بەڕێوەبەری کەجەکە جەختیکردەوە لەوەی لەماوەی رابردوودا چەند کارمەندێکی دەزگای ھەواڵگری تورکیا "میت"  لەلایەن پەکەکەوە دەستگیرکراون.
"دیار غەریب" ئەندامی کۆنسەی بەڕێوەبەری کۆما جڤاکێن کوردستان (کەجەکە)، لەمیانەی دیدارێکیدا لەگەڵ "ئاژانسی فورات نیوز" رایگەیاند، لەماوەی رابردوودا لەلایەن پەکەکەوە چەند کارمەندێکی دەزگای ھەواڵگری تورکیا "میت" دەستگیرکراون کە بەنیازبوون سنووری ئیدارەی سلێمانی بکەنە جێگەی پیلاندانان بۆ ئەنجامدانی کردەوەیەکی قێزەون و تیرۆرکردنی لێپرسراوانی باڵای پەکەکە. 
"دیار غەریب" لەبارەی بڵاونەکردنەوەی ئەو ھەواڵەش لەکاتی خۆیدا بە(ئاژانسی فورات نیوز)ی راگەیاندووە، بۆیە بڵاونەکرایەوە تا لەلایەن ھیچ کەسێکەوە ئیدارەی پارێزگای سلێمانی و یەکێتی بەبەرپرسیار نەزانرێت.
جێی باسە ھەر لەسەر ھەمان بابەت، رۆژی ٢٣ی ئەم مانگە، حکومەتی تورکیا بەرەسمی (بەھرۆز گەڵاڵی)  نوێنەری یەکێتی لەئەنقەرەی رەوانەی ھەرێمی کوردستان کردەوە، بەڵام تائێستا (یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان) ھیچ راگەیەندراوێکی رەسمی لەو بارەیەوە نەبووە.