هەندێك لایەنی عێراق چاویان لە پۆستەكەی عەبدولمەهدییە

هەندێك لایەنی عێراق چاویان لە پۆستەكەی عەبدولمەهدییە

پەرلەمانتارێكی كورد لە بەغداد رایدەگەیەنێت، هەندێك لایەن ناچار بوون پشتیوانی عادل عەبدولمەهدی بكەن ببێتە سەرۆك وەزیرانی عێراق ئێستاش چاویان لە پۆستەكەیەتی.

بەختیار شاوەیس ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاندوە، سەندنەوەی متمانە لە عادل عەبدولمەهدی پێویستە لێكدانەوەی زیاتری بۆ بكرێت، پێویستە هەمووان لەوە تێبگەن ئەو داواكاریە زۆر و زەوەندانەی كە هەیە بە تەنها كەسایەتیەك جێبەجێناكرێ، بەڵكو ئیرادەی هەموو لایەك و ئیدارەیەكی تۆكمە و بەهێزی دەوێت.

بەختیار شاوەیس رایگەیاندوە، ئەو لایەنانەی داوا دەكەن لە ماوەی ساڵێكدا سەرۆك وەزیران ببێتە فریادڕەسی سێ توخم   ، هەر یەكەیان ئامانجی تایبەتی و جیاوازیان هەیە.

بەشێكیان چاویان بڕیوەتە كورسیەكەی عەبدولمەهدی، بەشێكی تر دەیانەوێت خۆیان لەگەندەڵی و كەموكورتی پاكبكەنەوەكە، بەشی سێیەمیش ئەوانەن كە خۆشیان نازانن بۆ ئەم داوایە دەكەن و لەگەڵ شەپۆلەكە مەلە دەكەن و هیچ خوێندنەوەیەكیان بۆ دەرەنجامەكانی ئەم پڕۆسەیە نییە.