هەلی كار بۆ زیاتر لە ٦ هەزار دەرچووی زانكۆ و پەیمانگاكان دەڕەخسێنرێت

هەلی كار بۆ زیاتر لە ٦ هەزار دەرچووی زانكۆ و پەیمانگاكان دەڕەخسێنرێت

بڕیارەكەی وەزارەتی پەروەردەی هەرێم بۆ قەدەغەكردنی دەوامی مامۆستا و فەرمانبەرانی سەر بەو وەزارەتە لە قوتابخانە و پەیمانگا و باخچەی منداڵانی ناحكومی، هەلی كار بۆ زیاتر لە ٦ هەزار دەرچووی زانكۆ و پەیمانگاكان دەڕەخسێنێت.

"ئەحمەد سابیر" جێگری سەرۆكی یەكێتی مامۆستایانی كوردستان بە كوردسات نیوزی ڕاگەیاند: وەزارەتی پەروەردەی هەرێم بڕیاریداوە بە قەدەغەكردنی دەوامی مامۆستا و فەرمانبەرانی سەر بە وەزارەتی پەروەردە لە قوتابخانە و پەیمانگا و باخچەی منداڵانی ناحكومی و ڕێگەیداوە بە قوتابخانە و پەیمانگا ناحكومییەكان تەنها لە ٢٠٪ی مامۆستایان وەربگرن بۆ وانە وتنەوە.

ئاماژەی بەوەشكرد، زیاتر لە ٨ هەزار مامۆستا لە قوتابخانە و پەیمانگا و باخچەی منداڵانی ناحكومی وانە دەڵێنەوە، بە جێبەجێكردنی ئەو بڕیارەی وەزارەتی پەروەردە هەلی كار بۆ ٦ هەزار و ٦٠٠ دەرچووی زانكۆ و پەیمانگا دەڕەخسێت، چونكە هەمان ژمارەی مامۆستا و فەرمانبەری سەر بەوەزارەتی پەروەردە دەستبەرداری قوتابخانە و پەیمانگا و باخچەی منداڵانی ناحكومی دەبن.