لە چوار ڕۆژی ڕابردوودا ٢٠٨ هەزار گەشتیار هاتوونەتە هەرێمی كوردستان

لە چوار ڕۆژی ڕابردوودا ٢٠٨ هەزار گەشتیار هاتوونەتە هەرێمی كوردستان

لە ماوەی چوار ڕۆژی ڕابردوودا ٢٠٨ هەزار گەشتیار هاتوونەتە شارەكانی هەرێمی كوردستان، دەستەی گەشتوگوزاریش ڕایدەگەیەنێت لە بازگەكانی هەرێم كارئاسانی بۆ گەشتیارانی ناوەراست و باشوری عێراق دەكرێت و هیچ بڕە پارەیەكیان لێوەرناگیرێت.

"نادر ڕۆستی" وتەبێژی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێم ڕایگەیاند: لە ٨ی ئابەوە تاكو ١٢ی ئاب زیاتر لە ٢٠٨ هەزار گەشتیارهاتوونەتە شارەكانی هەرێمی كوردستان كە زۆربەیان لە شارەكانی ناوەڕاست و خوارووی عێراقەوە هاتوون.

وتیشی، وەك دەستەی گەشت و گوزار لە بازگەكانی هەرێم بە هیچ هۆكارێك هیچ بڕە پارەیەك لە گەشتیاران وەرناگرن و بە پێچەوانەوە هاوكاری تەواوی ئەو گەشتیارانە دەكەن کە ڕوو لە كوردستان دەكەن. وتیشی، ئەگەر لایەنی تر باج لە گەشتیاران وەرگرێت ئەوا دەستەی گەشتوگوزار لێی بەرپرس نییە.

لەبارەی جیاوازی نرخی خزمەتگوزاریەكان لە ناوچەیەكی گەشتیاری بۆ ناوچەیەكی تری گەشتیاری، وتەبێژی دەستەی گەشتوگوزار ڕایگەیاند: ئەو جیاوازی نرخە پەیوەستە بە جۆری خزمەتگوزاری و خواردنەكانەوە، لە هەوڵدان باشترین خزمەتگوزاری پێشكەش بە گەشتیاران بكەن، ئاشكراشی كرد، نرخی كەپرە گەشتیارییەكان دیاریكراوە و ڕێگەنادەن خاوەن كەپرەكان نرخی زیاتر لە گەشتیاران وەرگرن.