توركیا بەنیازە بنكەیەكی نوێی سەربازیی لە قەتەڕ دابمەزرێنێت

توركیا بەنیازە بنكەیەكی نوێی سەربازیی لە قەتەڕ دابمەزرێنێت

لە چوارچێوەی پتەوكردنی پەیوەندییە سەربازییەكانی نێوانیان و بۆ فراوانكردنی هەژموونی خۆی لە ناوچەكەدا، توركیا بە نیازە بنكەیەكی نوێی سەربازیی لە قەتەڕ دابمەزرێنێت.

لەو بارەیەوە، ڕۆژنامەی حوڕییەتی توركیا بڵاویكردەوە: بڕیاروایە لە وەرزی پاییزی داهاتوودا حكومەتی توركیا بنكەیەكی سەربازیی نوێ لە قەتەر دابمەزرێنێت و سەدان سەربازی سوپای ئەو وڵاتەش، ڕەوانەی بنكە سەربازییەكە بكرێن، باس لەوەشكراوە: بنكە سەربازییەكەی ئەنقەرە لە نزیك بنكەی سەربازیی تاڕیق بن زیادە لە شاری دەوحە.

چاودێرانی سیاسی و سەربازی پێیان وایە، قەتەڕ گرنگی زۆر بە بنكە سەربازییەكەی توركیا لە خاكی ئەو وڵاتە دەدات و بڕیاریشە ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆكی توركیا و شێخ تەمیم بن حەمەد ئال سانی میری قەتەڕ، ئامادەی ڕێورەسمیی كردنەوەی بنكە سەربازییەكە بن.

پێشتر و لە چوارچێوەی هاوكارییە سەربازییەكانی نێوان ئەنقەرە و دەوحە، بە سەدان سەربازیی سوپای توركیا لە مانگی تشرینی یەكەمی ساڵی ٢٠١٥ەوە لە بنكەی سەربازیی تاڕیق بن زیاد لە قەتەڕ جێگیر كراون.

بەپێی ڕاپۆرتی پێگەیەكی نۆردیك مۆنیتۆری سویدیش كە تایبەتە بە چاودێریكردنی جموجۆڵی سەربازیی، ڕێككەوتنی سەربازیی نێوان دەوحە و ئەنقەرە بە مانای داگیركردنی وڵاتێكی بچووكی ناوچەكەیە بەشێوەیەكی ڕێگەپێدراو لەلایەن وڵاتێكی زلهێزەوە.

 پێگە سویدییەكە لە درێژەی ڕاپۆرتەكەدا ئاماژەی بەوە داوە: بە پێی ڕێككەوتنە سەربازییەكەی نێوان ئەنقەرە و دەوحە كە لە ٢٨ی نیسانی ساڵی ٢٠١٦ ئیمزا كراوە، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆكی توركیا مافی ئەوەی هەیە هێزی وشكانی و دەریایی و ئاسمانی لە بنكە سەربازییەكانی سوپای ئەو وڵاتە لە قەتەڕ جووڵە پێبكات.

بە تۆمەتی هاوكاری كردنی گروپە تیرۆریستییەكان و دەستوەردان لە كاروباری ناوخۆی وڵاتانی ناوچەكە، لە ماوەی ڕابردوودا حكومەتی سعودیە و میسڕ و بەحرەین و ئیماڕات پەیوەندییە دیپلۆماسییەكانیان لەگەڵ قەتەڕ هەڵپەسارد، دوابەدوای ئەم هەنگاوەش توركیا و ئێران ئامادەیی خۆیان نیشاندا لەسەرجەم بوارەكان هاوكاری حكومەتی دەوحە بكەن.