زیاتر لە 100 ھەزار کۆچبەر دەبێت ئەڵمانیا بەجێبھێڵن

زیاتر لە 100 ھەزار کۆچبەر دەبێت ئەڵمانیا بەجێبھێڵن
سەرباری رێگرییەکان, قەیرانی کۆچ و ھەوڵدانی ھاووڵاتیانی ووڵاتە نائارامەکان بۆ گەیشتن بە وڵاتانی ئەوروپا و بە تایبەت ئەڵمانیا درێژەی ھەیە.
  لێپرسراوانی ئەڵمانیاش رایانگەیاندووە, زیاتر لە نیوەی ئەو کەسە بیانییانەی پێویستە وڵاتەکە بەجێبھێڵن ئەو کۆچبەرانەن کە داواکاری مافی پەنابەرییان رەتکراوەتەوە, ئەوەش لەکاتێکدایە  تا ئێستا رێژەی ھێرش و پەلامارە رەگەز پەرستییەکان لەو وڵاتە لە ئاستێکی بەرزدایەو  لە ٩ مانگی ئەمساڵیشدا زیاتر لە ٢٠٠ پەلامار کراوەتە سەر شوێنی مانەوەی کۆچبەران.
راگەیەندراوێکی حکومی ئەڵمانیا ئاشکرای کردووە کە, تا مانگی حوزەیرانی رابردووی ئەمساڵ ژمارەی ئەو کەسانەی پێویست بوە وڵاتەکە بەجێبھێڵن گەیشتۆتە ٢٢٦ ھەزار کەس.
 لە نێویشیاندا ١١٥ ھەزار کۆچبەر ھەیە کە داواکاری پێدانی مافی پەنابەرییان رەتکراوەتەوە. 
لە ساڵی ٢٠١٤ەشەوە, کۆی گشتی ئەو کۆچبەرانەی داواکارییەکانیان رەتکراوەتەوە, گەیشتۆتە ٣٣٧ ھەزار و ٤٠٠ داواکاری.
 تا ئێستاش نزیکەی ٩٣ ھەزار و ٥٠٠ کەس لە خاکی ئەڵمانیا ماونەتەوە.
ھاوکات رۆژنامەیەکی ئەڵمانی ئاشکرای کردووە, ھەرچەندە پەلاماردانی شوێنی مانەوەی کۆچبەران لە ئەڵمانیا کەمبۆتەوە, بەڵام تا ئێستا ئەو جۆرە رووداوانە بە شێوەیەکی رۆژانە تۆمار دەکرێن و لە ٩ مانگی ئەمساڵدا ٢١١ دەستدرێژی و پەلامار بۆ سەر شوێنی مانەوەی کۆچبەران تۆمار کراوە. زۆربەی ئەو پەلامارانەش بەھۆی رەگەزپەرستییەوە بوون. 
سەرباری ئەوەش, بەڵام ئامارەکان ئەوە دەسەلمێنن کە پەلامارەکان چوار ھێندە بە بەراورد بە ھەمان ماوە لە ساڵی رابردوودا کەمبوونەتەوە, بەوپێیەی لە ٩ مانگی سەرەتای ساڵی رابردوودا, ٨٦٦ پەلامار لە ئەڵمانیا بۆ سەر کۆچبەرانی نایاسایی تۆمار کراوە.
زۆرترین ئاستی پەلامارەکانیش بەھۆی رەگەزپەرستییەوە بۆ سەر کۆچبەران لەگەڵ دەستپێکردنی قەیرانەکەدا لە ساڵی ٢٠١٥دا تۆمار کراوە, بەشێوەیەک لەو ساڵەدا ھەزار و ٣١ حاڵەتی پەلاماردان لە ئەڵمانیا روویداوە.