زاناکان رەچەتەی عەترەکەی کلیۆپاترایان دۆزییەوە

زاناکان رەچەتەی عەترەکەی کلیۆپاترایان دۆزییەوە

زانایان توانییان پێکهاتەی عەتری کلیۆپاترا بدۆزنەوە کە مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ 2000 ساڵ لەمەوبەر و لەوبارەیەوە دەڵێن: عەترەکە باشترینی عەترەکانی سەردەمی خۆی بووە.

پرۆفیسۆر رۆبێرت لیتمان و دکتۆر جەی سیلڤێسترن، لەگەڵ تیمێکی شوێنەوارناسیی زانکۆی هاوای، کنە و پشکنینیان لە ناوچەی "تەل تیمای"ی باکووری قاهیرەی پایتەختی میسڕدا کردووە کە لە کاتی شوێنی شاری تیمۆسی فرعەونەکان بووە کە 4500 ساڵ پێش زایین بنیات نرابوو.

تیمەکە توانیویانە لە چاڵەکانی ئەو ناوچەیەدا چەند کەمۆڵەیەک بدۆزنەوە کە لە کاتی خۆیدا بۆ کۆکردنەوە و هەڵگرتنی عەتر بەکارهاتوون و بە تێڕوانینیش بە دەستنووسی رەچەتەکاندا توانیویانە ئەو عەترە بدۆزنەوە کە لەو سەردەمەدا بە باشترین عەتر دانراوە.

رۆژنامەی تایمز بڵاویکردووەتەوە: عەترەکانی ئەو سەردەمە وەکو ئێستا شل نەبوون، بەڵکو کرێمێکی قورس بوون و بۆنەکەشی بۆ ماوەیەکی زۆر بە جەستەوە ماوەتەوە.

تیمەکە بە رۆژنامەی تایمزیان رایگەیاندووە: ئەو عەترە هاوشێوەی "شانێل 5"ی ئەم سەردەمەیە و ئەگەری ئەوەش زۆرە، شاژنە کلیۆپاترا بەکاریهێنابێت، کە پێکهاتەی عەترەکەش لە (هێل، زەیتی زەیتوون و دارچینی) پێکهاتووە.

ئەفسانەکان دەگێڕنەوە، کلیۆپاترا پێش گەشتە دەریاییەکەی کاتێک سەردانی مارک ئەنتۆنیۆی کردووە لە تەرتوس، کەشتییە شاهانەکەی بەڕێکردووە، هەتا بۆنەکەی لە پێش خۆیەوە بگاتە کەنار دەریاکە.