راپۆرت: نەفرەتی كۆتینیۆ ، ستەمی ماڵكوم ، پشت گوێخستنی لاماسیا

راپۆرت: نەفرەتی كۆتینیۆ ، ستەمی ماڵكوم ، پشت گوێخستنی لاماسیا


یانەی بارسێلۆنا، لە ئێستادا بە بارودۆخێكی خراپدا گوزەردەكات، بەتایبەت دوای دەستپێكردنی وەرزی نوێی لالیگا بە شكست، رۆژنامەكانیش، هۆكارەكانی ئەم بارودۆخە ناهەموارەی بارسا دەگەڕێننەوە، بۆ هەڵەی یانەكە لەماوەی رابردوودا، كە دەستبەرداری چەند یاریزانێكی بەتوانای بووە، بەبێ‌ ئەوەی پێشووتر سودیان لێ‌ وەرگرتبێت.

لە ئێستادا ، سێ‌ ئەستێرەی یەكەمی یانەكە ، كە رۆڵی هێرشبەریان هەیە پێكراون، ئەوانیش لیۆنێل مێسی و لویس سوارێز و عوسمان دیمبلی، ئەمەش وایكردووە، كێشەكانی پێكهاتەكەی ڤاڵڤێردی زیاتر بن.
 

نەفرەتی كۆتینیۆ


لەماوەی رابردوودا، فلیپ كۆتینیۆی بەرازیلی هاتە نێو كێشەكانی یانەی بارسێلۆنا، یانەی لیڤەرپوڵ بەبڕی 145ملیۆن یۆرۆ، ئەم ئەستێرەیەی بە بلاوگرانا فرۆشت، كە بەیەكێك لە گرانترین گرێبەستەكانی مێژووی یانە كەتەلۆنیەكە دادەنرێت.

لەو ماوەیەدا، بارسێلۆنا بەتەواوی تواناكانی كۆتینیۆی شاردەوە و لە پێكهاتەی سەرەكی دورخرایەوە، ئەوەش وایكرد، یاریزانی ناوبراو هیچ هیوایەكی بەوە نەمێنێت لەم یانەیە گەشە بەتواناكانی بدات، هەربۆیە بارسا بڕیاریدا كۆتینیۆ بۆ یەك وەرز بەشێوەی خواستن بە یانەی بایرن میونشنی ئەڵمانی بفرۆشێت.
 

ستەمی ماڵكۆم
لە بازاڕی هاوینەی رابردوودا ، ماڵكوم زۆری نەمابوو لەیانەی بۆردۆی فەڕەنسیەوە، روو لە یانەی رۆمای ئیتاڵی بكات، بەڵام بارسێلۆنا لەدواساتدا خەونی ئەو یاریزانەشی لەناوبرد، كاتێك گرێبەستی لەگەڵدا ئیمزاكرد، كاتێك ماڵكوم درێسی بارسای پۆشی، ئیتر ئەم یاریزانە شوێنێكی لەپێكهاتەی بارسێلۆنا نەبوو، زۆربەی كات لەلایەن ڤاڵڤێردی راهێنەرەوە لەسەر كورسی یەدەك دادەنرا و پشتی پێ‌ نەدەبەسترا.

لەماوەی وەرزێكی تەواودا، ماڵكوم هەزار و 76 دەقیقە بەدرێژایی وەرز یاری بۆ بارسا كرد، لەو ماوە كورتەشدا توانیبووی 6 گۆڵ تۆماربكات و 2 گۆڵی تریش دروست بكات، بەڵام هاوشێوەی كۆتینیۆ بەرپرسانی بارسا پارێزگاریان لەم ئەستێرەیەش نەكرد و هەلی ئەوەیان پێ‌ نەدا، زۆرترین یاری لە پێكهاتەی یانەكەدا بكات، بۆیە بڕیاریاندا بە یانەی زینت سان پیترسبۆرگی روسی بفرۆشن.
 

پشت گوێخستنی لاماسیا


ماوەیەكی درێژە ، یانەی بارسێلۆنا گرنگی بە ئەكادیمیای لاماسیا نادات، كە ئەم قوتابخانەیە بە یەكێك لە قوتابخانە گەورەكانی تۆپی پێ‌ دادەنرێت، پێشتر چەندین ئەستێرەیە لەم قوتابخانەیە پێگەیشتوون و ناو و ناوبانگیان دەكردووە، ئێستاشی لەگەڵدا بێت ئەم قوتابخانەیە چەندین ئەستێرەی لاوی تێدا هەڵكەوتووە بەڵام بارسا پشتیان پێ‌ نابەسێت و زۆربەی كات هەوڵ بۆ گواستنەوەی یاریزانانی یانەكانی تر دەدات.

هەموو ئەمانەش وایكردووە، كێشەكانی بارسا روو لەزیادبوون بكەن، نەبوونی یاریزانی بەتوانا بۆ شوێنی یاریزانە پێكراوەكان، یەكێكە لە كێشە دیارەكانی ڤاڵڤێردی و یانە كەتەلۆنیەكە.