داعش روودەکاتە ئەفریقا

داعش روودەکاتە ئەفریقا

دوای کۆتاییهاتنی خەلافەت و لەدەستدانی پانتایی جوگرافی لە عێراق و سوریا، لە ئێستادا چەند ئاماژەیەک هەن کە باس لەوە دەکەن گرووپی تیرۆریستیی داعش روودەکاتە وڵاتانی کیشوەری ئەفریقا.

دوای ئەوەی گرووپی تیرۆرستیی داعش، سەرەتا لە عێراق رووبەڕووی رووخانی خەلافەتەكەی بووەوە و دواتر لە ٢٣ی ئاداری ئەمساڵ لە گوندی باغۆزی دێرەزوور بەڕەسمی كۆتایی پێهێنراو دوایین مۆڵگەی خۆی لە دەستدا، هیچ پانتاییەكی جوگرافی بەدەستەوە نەما. بەڵام بەوەشەوە زۆرێك لە سەركردە سیاسییەكان و چاودێرانی سیاسی پێیانوابوو، ناكرێت بڵێین داعش لەرووی فكرییەوە لە ناوچووە و لە شوێنی تر كار بۆ خۆرێكخستنەوەی خۆی نەكات.

ئێستا وێڕای هۆشدارییەكانی ئەمریكا لە خۆڕێكخستنەوەی داعش لە سوریا و هاوكات جموجۆڵەكانی ئەو گرووپە لە عێراق، بەڵام ئاماژەی تر هەن لەوەی كە داعش بیەوێت روو لە كیشوەری ئەفریقا بكات و پێگەی خۆی لەوێ بەهێز بكات. كە بۆ ئەوەش چەندین هۆكاری جیاواز هەن كە ئاماژەن بۆ بەمەبەستگرتنی كیشوەری ئەفریقا لە لایەن داعشەوە. لە سەرووی هەمووشیانەوە ئەوەیە كە داعش سوود لە گرووپە چەكدارەكانی وڵاتانی ئەفریقا چ لە خۆرهەڵات و چ لە خۆرئاوا یان ناوەندی ئەفریقا وەردەگرێت، وەك "بۆكۆ حەرام، ئەلشەباب، گرووپی تەوحیدو جیهاد"و چەند گرووپێكی تر، جگە لەوەش هەڵكەوتەی جوگرافیای ئەو وڵاتانە بەجۆرێكە كە بۆ خۆحەشاردان و راهێنانی چەكدارانی داعش لە بارە.

یەكێكی تر لە بە ئامانجگرتنی وڵاتانی ئەفریقا لەلایەن داعشەوە، لێدانە لە بەرژەوەندییەكانی ئەمریكا و ئەورووپا لەو وڵاتانە، بەئامانجی ئەوەی داعش قەرەبووی زیانەكانی لە عێراق و سوریا بكاتەوە.

هاوكات داعش دەیەوێت لە ئەفریقا بە سوودوەرگرتن لە رەوشی ژیانی منداڵانی ئەو وڵاتانە، كار بۆ راكێشانیان بكات و بە فكری توندڕەوی پەرەوەردەیان بكات. بۆ ئەوەی كە نەوەیەكی نوێتری تیرۆر بەرهەم بهێنێت.

هەر وەك ئاماژەی تریش هەن لەوەی كە داعش بۆچی دەیەوێت روو لە كیشوەری ئەفریقا و بیابانەكانی ئەو وڵاتانە بكات، كە لە سەرووی هەموویەوە بوونی سەرچاوەی بەرفراوانی ئابووری ئەو ناوچانەیە كە ئێستا لە بەردەستی گرووپە چەكدارەكاندایە، بۆ ئەوەی داعش قەرەبووی ئەو زیانە ئابوورییەش بكاتەوە كە لە عێراق و سوریا بەریكەوت.

بەڵام بە هەموو ئەو پێشبینیانەشەوە هێشتا روون نییە، كە داعش یان گرووپی دیكەی تیرۆریستی بەدیاریكراوی دەیانەوێت كام وڵات و كیشوەر بە ئامانج بگرن، چونكە بواری خۆڕێكخستنەوە و دابینكردنی سەرچاوەی داراییان وەك چەند ساڵی رابردوو بە ئاسانی لە بەردەستدا نییە.