جیاوازی نێوان جگەرەی ئەلیکترۆنی و جگەرەی ئاسایی بۆ سەر تەندروستی دیاریکرا

جیاوازی نێوان جگەرەی ئەلیکترۆنی و جگەرەی ئاسایی بۆ سەر تەندروستی دیاریکرا

هەرچەندە زۆرێك لە جگەرە كێشان بۆ وازهێنان لە جگەرە پەنایان بردۆتە بەر بەكارهێنانی جگەرەی ئەلكترۆنی كە پێی دەوترێت ڤایپ، بەڵام ناوەندی كۆنترۆڵی نەخۆشیەكان و خۆپاراستن لەئەمریكا لەراپۆرتێكدا هۆشداریی دەدات لە بەكارهێنانی جگەرەی ئەلكترۆنی و ئاماری ئەو كەسانەش دەخاتەروو كەبەهۆی جگەرەی ئەلكترۆنییەوە دووچاری نەخۆشی بوون.

ناوەندەكە ئاشكرای كردووە كەسێك بەهۆی كێشانی ڤایپەوە كە جگەرەیەكی ئەلكترۆنییە گیانی لەدەستداوەو 193 كەسیش دووچاری نەخۆشییەكانی سی بوون،  بەپێی پشكنینەكان، نەخۆشەكان زیاتر دووچاری تەنگە نەفەسی و ئازاری سنگ دەبن، هەندێك كاریگەری لاوەكی وەك هێڵنجدان و سكچوون و هیلاكی و سەرئێشەیان تیادا دەردەكەوێت.

بەپێی لێكۆڵینەوەكان ئەو حاڵەتانەی دوچاری نەخۆشییەكانی سی بوون بەكارهێنەری جگەرەی ئەلكترۆنی بوون و ئەوەش وایكردووە كە بگەنە ئەو بڕوایەی كەهۆكارێكی توشبوونیان پەیوەندی بەو جگەرەیەوە هەبێت، هەروەها رێكخراوی تەندروستی جیهانی رایگەیاندووە ئەگەرێك هەیە كە جگەرەی ئەلكترۆنی لەجگەرەی توتن سەلامەتترە، چونكە لە %50 ئەوانەی جگەرەی توتن دەكێشن بەو هۆیەوە گیان لەدەستدەدەدن، بەڵام كاریگەریە تەندروستیە درێژخایەنەكانی ڤایپ لەسەر تەندروستی نەتوانراوە دیاریی بكرێت.

توێژەرانی ئەمریكی لەناوەندی چاودێری بەرهەمەكانی توتن لە بەرێوەبەرایەتی خۆراك و دەرمانی ئەمریكا، سەرگەرمی بەدواداچوون و لێكۆڵینەوەو لەو ماددە زیانبەخشانەی كەدەبنە هۆكاری بڵاوبوونەوەی نەخۆشی و هەندێكیان پێیانوایە ئەو كەرەستانەی بۆ مادەی سڕكەر بەكاردەهێنرێن نەخۆشی بڵاودەكەنەوە نەك ئەوانەی بۆ نیكۆتین بەكاردەهێنرێن.

هەروەك ناوەندەكانی تەندروستی ئەمریكی سەرگەرمی كۆكردنەوەی زانیاریین لەسەر بەرهەمی تایبەتی ڤایپ، تا بزانرێت بەشێوەیەكی درووست بەرهەمهێنراون و دڵنیابن لەپێكهاتەی ئەو ماددانەی تێكەڵاوكراون لەگەڵ دیاریی كردنی رێژەی زیانەكانیان، سەرباری ئەوەش لەرێگەی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان لەهەرێمی كوردستان و عێراقدا چەندین حاڵەت ئاشكرا كراون كەبەهۆی بەكارهێنانی جگەرەی ئەلكترۆنییەوە بەكارهێنەران دووچاری زیان هاتوون بەتایبەتی كەباتری هەندێكیان بەهۆی گەرمبوونەوە تەقیون.