بڕیارەکەی ئەمریکا بۆ نارندی هێزی زیاتر کاردانەوەی لێکەوتەوە

بڕیارەکەی ئەمریکا بۆ نارندی هێزی زیاتر کاردانەوەی لێکەوتەوە

بڕیارەکەی ئەمریکا لەبارەی ناردنی ھێزی زیاتر بۆ خۆرھەڵاتی ناوەڕاست بە مەبەستی رووبەڕووبوونەوەی ھەڕەشەکانی ئێران، چەندین وڵاتی نیگەرانکردووە و بە ھەنگاوێک بۆ قووڵبوونەوەی ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە ناوی دەبەن. 

ناکۆکییەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران ئاڵۆزتر دەبن و کەنداوی عەرەبی و خۆرھەڵاتی ناوەڕاست بووەتە چەقی ململانێ جیھانییەکان و دەوترێت ئەو ناوچەیە چیتر بەرگەی ئاڵۆزی و پشێویی زیاتر ناگرێت، سەرۆکی ئێرانیش بە زمانێکی نەرمتر پەیامی خۆی دەگەیەنێت. 

لە دوای بە ئامانجکردنی دوو کەشتیی گەورەی نەوتھەڵگر لە کەنداوی عوممان، ئەوانەی پەنجەی تۆمەت ئاڕاستەی ئێران دەکەن لەزیادبووندان، لە دوایین پێشھاتیشدا، پاتریک شاناھان وەزیری بەرگریی ئەمریکا بەوەکالەت لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، نزیکەی ھەزار سەربازی ئەمریکیی تر، لە خۆرھەڵاتی ناوەڕاست بڵاودەکەنەوە، ئەوەش بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەو ھەڕەشەیەی ئێران لەسەر کایەی ئاسمانی و وشکانی و دەریایی خۆرھەڵاتی ناوەڕاست دروستیکردووە. 

شاناھان وتیشی: پەلامارەکانی ئەم دواییانەی ئێران ئەو راستییە دەسەلمێنن کە ھەڕەشە لەسەر سوپای ئەمریکا و بەرژەوەندییەکانی، لە تەواوی ناوچەکە ھەیە.  

پلانەکەی ئەمریکا پێشوازی لێنەکراوە و چەندین وڵاتی نیگەران کردووە، حکومەتی چین ناردنی ھێز بۆ خۆرھەڵاتی ناوەڕاست بە ھەنگاوێکی خراپ دەزانێت و رایگەیاندووە: نابێت ئێران بە ئاسانی لە رێککەوتنە ئەتۆمییەکە بکشێتەوە. 

حکومەتی ژاپۆنیش نیگەرانیی خۆی دەربڕیوە و پێیوایە ناردنی ھێزی ئەمریکی، رەوشی ناوچەکە ئاڵۆزتر دەکات. 

ھاوکات رووسیاش کە جۆرێک لە پشتگیریکردنی ئێرانی پێوەدیارە، لە زاری وەزارەتی دەرەوەی، داوای لە ئەمریکا کردووە، ئەگەر دەیەوێت خۆی لە جەنگ لەگەڵ ئێران بەدوور بگرێت، دەبێت پلانی رەوانەکردنی ھێزی زیاتر بۆ خۆرھەڵاتی ناوەڕاست رابگرێت. 

وەزارەتی دەرەوەی رووسیا پلانەکەی ئەمریکا ئیستفزازێکی سەربازیی ناودەبات و راشیگەیاندووە، لە بڕیارەکەی ئێران بۆ زیادکردنەوەی ئاستی پیتاندنی یۆرانیۆم نیگەرانن، بەڵام لێی تێدەگەن. 

بەپێویستیشی دەزانێت رێگەیەک بدۆزرێتەوە بۆ ئەوەی ئێران نەوتەکەی ھاوردەی وڵاتان بکاتەوە.

ھاوکات فیدریکا موگرینی لێپرسراوی سیاسەتەکانی دەرەوەی یەکێتیی ئەورووپا رایگەیاند: کار دەکەن بۆ ھێورکردنەوەی رەوشەکە و دەستوەردانەکانی ئێرانیشی بە کارێکی نەرێنی ناوبردووە. 

ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەڕەنساش رایانگەیاندووە: پێویستە ئێران زیاتر خۆڕاگر بێت و بەرپرسیارێتی ھەڵبگرێت. 

وتیشی: تا 8ی تەمووز دەرفەتیان لەبەردەمدایە بۆ رزگارکردنی رێککەوتنە ئەتۆمییەکە. 

دوای ئەو بڕیارەی ئەمریکا، حەسەن رۆحانی سەرۆکی ئێران لە وتەیەکدا زمانێکی نەرمی بەکارھێنا بەراورد بە لێدوانەکانی پێشووی و رایگەیاندووە: تاران جەنگ دژ بە ھیچ دەوڵەتێک بەرپا ناکات. 

وتیشی: دوژمنکاریی ئەمریکا کاریگەریی لەسەر ھەموو ئێرانییەک دروستکردووە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ناتوانن بە ئامانجەکەیان بگەن. 

رۆحانی جەختی کردەوە لەوەی، واشنتۆن سەرکەوتوو نابێت لە دوورخستنەوە و گۆشەگیرکردنی تاران و لۆمەکردنی ئەمریکا لەسەر کردەوەکانی، سەرکەوتنێکی گەورەیە بۆ وڵاتەکەی.  

ئێرانیش لەبەرامبەر ئەو رەوشەی رووبەڕووی بووەتەوە تەنیا ھەڕەشەی داخستنی گەرووی ھورمزی بەدەستەوە ماوە و لەوبارەیەوە لیوا محەمەد باقری سەرۆکی دەستەی ئەرکانی ئەو وڵاتە رایگەیاند: ئەگەر بڕیاری داخستنی ئەو گەرووە بدەن، بە تەواوی و بە ئاشکرا بڕیارەکە دەدەن.