ئێران رۆژانە ٧ ملیۆن مەتر سێجا گازی سروشتی ھەناردەی عێراق دەکات

ئێران رۆژانە ٧ ملیۆن مەتر سێجا گازی سروشتی ھەناردەی عێراق دەکات
دوای رێککەوتنی لەگەڵ عێراق, ھەناردەکردنی گازی سروشتی ئێران زیاد دەکات و بڕیاریشە ھەفتەی داھاتوو  وەزیری نەوتی عێراق سەردانی روسیا بکات. 
"حامد رەزا عراقی" سەرۆکی کۆمپانیای گازی نیشتمانی ئێران رایگەیاند، دوای دەستپێکردنی ھەناردەکردنی گاز بۆ عێراق, ئاستی ھەناردەکردنی ئێران لە گازی سروشتی رۆژانە گەیشتۆتە ٤٢ ملیۆن مەتر سێجا. وڵاتی ئێران لە مانگی حوزەیرانی رابردووەوە, رۆژانە ٧ ملیۆن مەتر سێجا لە گازی سروشتی ھەناردەی عێراق دەکات، دوای لابردنی سزا نێودەوڵەتییەکانیش, بەرھەمھێنان و ھەناردەکردنی گازی سروشتی ئەو وڵاتە زیادیکردووە. 
ھاوکات بڕیارە ھەفتەی داھاتوو " جەبار لعەیبی" وەزیری نەوتی عێراق سەردانی مۆسکۆ بکات و لەگەڵ "ئەلکساندەر نۆڤاک" وەزیری وزەی روسیا و "لوک ئۆیل" سەرۆکی کۆمپانیای نەوتی روسیا کۆببێتەوە و تاوتوێی ھەماھەنگی نێوان بەغدادو مۆسکۆ لە بواری وزەدا بکرێت.