بافڵ تاڵەبانی: چاکسازییەکان بە ئاڕاستەی ڕاستکردنەوەی ڕێڕەوی حیزبی ئەنجامدراون
کوردسات نیوز
بافڵ تاڵەبانی، ھاوسەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە مەکتەبی سیاسی پێشوازیکرد لە خوان خۆسێ ئیسکۆبار، باڵیۆزی ئیسپانیا لە عێراق.
لە دیدارێکەدا پەیوەندییەکانی نێوان ھەردوولا، پێشھاتە سیاسیەکان و ھەڵبژاردنی داھاتووی عێراق تاوتوێکران و جەخت لە فراوانکردنی ھەماھەنگی و ھاریکاری نێوانیان لە سەرجەم بوارەکان کرایەوە کە خزمەت بە بەرژەوەندییە گشتییەکان بکات.
بافڵ تاڵەبانی لە ژێر ڕۆشنایی پێشھات و گۆڕانکارییەکان خوێندنەوەی بۆ ھاوکێشەکان کرد و ڕوانینی یەکێتی بۆ کۆی پرسەکان خستەڕوو و ڕایگەیاند، یەکێتی لەگەڵ لێکتێگەیشتن و زمانی گفتوگۆدایە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان و ڕەخساندنی زەمینەی لەبار بۆ ئەنجامدانی ھەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد کە وەڵامدەرەوەی خواستی ھەموولایەک بێت و ھاندەربێت بۆ سەقامگیری زیاتری سیاسی، کۆمەڵایەتی و ئابووری.
ڕوونیشیکردەوە وەک یەکێتی و گۆڕان لە چوارچێوەی ھاوپەیمانی کوردستان کار دەکەین بۆ یەکخستنی جیاوازییەکانی نێو ماڵی کورد و دەمانەوێت وەک یەک تیم لە بەغدا داکۆکی لە مافە دەستوورییەکانمان بکەین.
بافڵ تاڵەبانی ئاشکراشیکرد ھاوپەیمانی کوردستان لە پێناو یەکخستنی ھێزەکان، یەکڕیزی نیشتمانی و پارێزگاریکردن لەبەرژەوەندییە باڵاکان دروستبووە. دوای ھەڵبژاردنەکانیش کاری لەپێشینەمان دروستکردنی کۆدەنگی نیشتمانی و بەرەیەکی بەرفراوان دەبێت لە نێوان ھەموو ھێز و لایەنە سیاسییە کوردییەکان.
پەیوەست بە کاروباری ناوخۆیی و ڕێکخراوەیی، ھاوسەرۆک باسی لە گۆڕانکاری و چاکسازییەکان کرد کە بە ئاڕاستەی ڕاستکردنەوەی ڕێڕەوی حیزبی ئەنجامدراون.
دووپاتیشیکردەوە ئێستا یەکێتییەکی نوێ ھەیە و ژیانی سیاسی و ڕێکخراوەیی لەسەر بنەمایەکی تەندروستی مەدەنی بەڕێوەدەچێت و بەستراتیژێکی نیشتمانییەوە درێژە بە خەبات دەدەین.
|