بومەلەرزەکەی ١٨ی دیسەمبەر

26/12/2023
2264 جار خوێندراوەتەوە

مەریوان عەبدوڵا

نوسەر

کێ کەرکوکی لە لێواری کەوتن پاراست ؟ 

لەدوای ئەنجامدانی ریفراندم و رووداوەکانی ١٦ ئۆکتۆبەر کەرکوک بەخراپترین رۆژەکانیدا تێپەڕی و لە لێواری کەوتن نزیک بوەوە، بەجۆرێک رۆژ لە دوای رۆژ رووبەڕویی بارو دۆخێکی دژوار و نەخوازراوتر دەبوو کە ئەمە بۆ ھەر کوردێکی خاوەن ویژدان و ناسنامەی کورد بوون ئەو پەڕی ماییەی ئازار و خەمێکی قوڵ بوو.

‎ماوەی شەش ساڵە کەرکوک چووەتە ژێر چەپۆکی دەسەڵاتێکی  خۆسەپێن و دوور لە ھەناسەی پێکەوە ژیان شارەکە بەڕێوە دەبرێت،  دەسەڵاتێکی نامۆ بەشارێکی زیندوی خاوەن پرسێکی نشتیمانی و نەتەوەیی رەوا، ئەو دەسەڵاتەی کەرکوک لەم چەند ساڵەدا ئەوەی پێیکرا بۆ دژایەتی نەتەوەی کورد دەستی نەپاراست و  بێ دڵی نەکرد لە بچوکردنەوە و لەقاڵبدانی پێکھاتەی کورد لە پارێزگاکەدا، دۆخێک بەتامی سەردەمی رژێمی لەناوچووی بەعس، روونە ئەگەر ئەم ئەقڵێتە بەردەوام بوایە لە شارەکەدا کورد لەسایەیدا چی دیکەی بەسەر دەھات و دۆخی بە کوێ  دەگەیشت !

‎کەم نەبوون ئەوانەی پێیان وابوو ئەستەمە جارێکی دیکە کورد بتوانێت باری لاری کەرکوک راستبکاتەوە و دەسەڵاتی شارەکە وەربگرێتەوە, تەنانەت ھەبوو دەیانوت جارێکی دیکە کورد ناگەڕێتەوە بۆ ئەو پێگەیەی کە لە پێش ١٦ ئۆکتۆبەر ھەیبوو لە کەرکوک، بەڵام بینیمان  لە ئان و ساتێکدا چی روویدا !

‎بومەلەرزەکەی ١٨ دیسەمبەر کە خۆی لە ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێداقدا بینییەوە کۆتایی بەھەموو ئەو  گرەو فاڵگرتنەوانە ھێنا کە شەش ساڵ بوو گوێی ھەمووانی پێ قان درابوو، سەرەتای دەرکەوتنی خۆری ھیوا ھێواش ھێواش کۆتای بەو زوڵمە دەھێنێت کە چەند ساڵێکە لە کەرکوک دەسەڵاتی خۆسەپێن بەردەوامی پێ دەدات بەرامبەر بە پێکھاتەی رەسەنی شارەکە، کورد قۆناغێکی نوێی لە پارێزگاکەدا دەست پێکردوە و وەک ھەمیشە پێکھاتەی ژمارە یەک و خۆی خاوەنی ناسنامەی رەسەنی شارەکەیە. 

‎وەک رۆژی رووناک دیارە کێ جادوی کەوتنی کوردی لە کەرکوک بەتاڵ کردەوە؟ بۆ مێژوو ئەو ھێزە بەتەنیا یەکێتی بوو کە دووبارە ھیوا وئومێدو ئیرادە ومتمانە و توانا و پێگەی بۆ کەرکوک گەڕاندەوە و نەیھێشت کەرکوک بۆ ھەمیشە بکەوێت، چونکە پێی وابوو کەوتنی کورد لەکەرکوک واتا کەوتن و کۆتایی پرسێکی رەوای خاوەن ھەزاران شەھید و قوربانی، کەوتنی کورد واتا کەوتنی خەبات و شۆڕشی رەوای گەلێک کە زیاتر لە سەدەیەکە لەپێناو کەرکوکدا خەبات دەکات، ھەڵکشانی بەرچاوی دەنگەکانی یەکێتی لە پارێزگاکەدا بۆ ھەمیشە ئەو خەونەی نەیارانی کوردی کردە خۆڵەمێش و  ھەموانی توشی شۆک و بێ ھیوای کرد. لە کاتێکدا ئەگەر ئەم جارە کورد لە شارەکەدا پێگەی لاواز ببوایە نزیک بوو بۆ ماوەیەکی دوور مەودا ئەم پارێزگا کورد نشینە گرنگە لە دەست بدەین و بە ئاسانی نەتوانین بەدەستی بھێنینەوە ، چونکە ھەڵبژاردنەکە نەخشەی  داھاتووی شارەکە دووبارە بنیات دەنێتەوە.

‎زۆر ھۆکار ھەبوون وایکرد یەکێتی لە کەرکوک دەنگەکانی بۆ دوو ھێندە زیاد بکات بەبەراورد بە ھەڵبژاردنی ٢٠٢١، کە دیارترینیان لە دوای رووداوەکانی ١٦ ئۆکتۆبەر یەکێتی کەرکوک و خەڵکی شارەکەی بەتەنیا بەجێ نەھێشت و لەپاڵ داوا و ئازار و خەمەکانیاندا مایەوە و ھیچ فشارێکی ناوخۆیی و ھەرێمایەتی نەیتوانی ئەم حزبە لە کەرکوک وخەڵکەکەی داببڕێت بەڵکو ھەموو کاتێک کەفشارەکان زیاتر دەبوون یەکێتی توندتر دەستی بەوپەتەوە دەگرت کە ئەوی لەگەڵ کەرکوک و خەڵکەکەیدا گرێ دابوو. ھەروەھا راستگۆبوو لەگەڵ پەیامەکانیدا بۆ پارێزگاریکردن لەماف و داخوازییە رەواکانی خەڵکی کەرکوک و پێشتر زۆر ھەوڵیدا کۆتایی بەودەسەڵاتە بەوەکالەتە بھێنێت کە بەزۆر  و زووڵم خۆی سەپاندبوو بەسەر شارەکەدا، ئەو تۆمەتانەش کە بەھۆی رووداوەکانی ١٦ ئۆکتۆبەرەوە خرایە پاڵ یەکێتی ھیچی لە بارودۆخەکە نەگۆڕی  و نەیتوانی پێگەی یەکێتی لە شارەکەدا لاواز بکات چونکە یەکێتی راشکاوانە مامەڵە لەگەڵ ئەم تۆمەتانەدا دەکرد و بەھۆی نەسەلماندنیانی نەیتوانی خەڵکی کەرکوک لە پشتوانی یەکێتی سارد بکاتەوە، زۆر لایەنیش ھەوڵیاندا ئەم بۆچونە لای خەڵکی شارەکە بچەسپێنن بەڵام بینیمان و دەرئەنجامی ھەڵبژاردنی ١٨ دیسەمبەر دەی خست بەھۆی ١٦ ئۆکتۆبەرەوە خەڵکی کەرکوک نەک سزای یەکێتیان نەدا بەڵکو پاداشتیان کرد، ئەوەیان لەیاد نەکرد تەنیا پێشمەرگەی یەکێتی بوو دەبابە بەسەر لاشەی رۆیشت،

‎جگەلەوەش لەم ھەڵبژاردنەدا بەرپرسانی یەکێتی زۆر ھەستیارانە مامەڵەیان لەگەڵ پرسی کەرکوکدا کرد و بەو پەڕی ووردی وووریاییەوە ھەموو ئەگەر و بژاردەکانیان  تاوتوێ کرد و لەبەرچاویان گرت و ھەستی نەتەوەیی خەڵکیان تەواو جۆشدا، ئەوشێوازی بانگەشەو  بەشداریکردنەی بەرپرسانی یەکێتی تەکنیکێکی نوێبوو بۆ  بەخشینی گۆڕوتین و جۆشدانی ھەست وسۆزی خەڵک  بۆ بەشداریکردنیان لە ھەڵبژاردنەکەدا،

‎لەسەرو ھەمووشیانەوە بەشداری فراوان و گرنگی خودی سەرۆکی یەکێتی بافڵ جەلال تاڵەبانی و قوباد تاڵەبانی لە کەمپینی بانگەشەی ھەڵبژاردن و ئامادەبونیان و شێوازی بەشداریکرنیان لە نێو ئاپۆڕای خەڵکی کەرکوکدا , ئەو پەیامە نیشتمانی و نەتەوەییەی کەسەرۆکی یەکێتی ئاراستەی خەڵکی کرد و قسەی دڵی ئەوان و یەکێتی کرد زۆر بوێرانەو راشکاوانە بوو کە ووتی ئێمە ھیچ کات خەڵکی کەرکوکمان بەجێ نەھێشتووە و بەجیایان نەھێڵین و بۆ ھەمیشەش لە گەڵیان دەبین و تاگەیشتن بە  ماف وئامانجەکانیان دەجەنگین و کۆڵنادەین ئەوە ئێمەین خاوەنی راستەقینەی کەرکوک. 

‎ھەڵبژاردنی حکومەتی خۆجێی کەرکوک کە ١٨ ساڵ بوو ئەنجام نەدرابوو زۆر شتی گۆڕی و زۆرێک لە مەترسی و ھەڕەشەو ئەگەرەکانیشی پوچەڵ کردەوە,  ئەگەر کورد دەنگێکی کەمی بھێنایە و بە جیاوازییەکی زۆر پێکھاتەی عەرەب و تورکمان پێش کورد بونایە ئەوکات دەمانبینی عەرەب و تورکمان چەند بێ باک و کوردیش چەند سەرکز و زەلیل .

‎لەکاتێکدا کورد سەنگ و بوونی خۆی لەم ناوچانە تا رادەیەکی زۆر پاراست کە بۆ لایەنە عەرەبی و تورکمانەکان تا ئێستاش جێگەی تێڕامان و شۆکێکی گەورەیە، جێگەی سەرسوڕمانە لە نێوخۆی خۆمان ھەندێک حزبی بچوکی ھەرێمی کوردستان (بەروویەکی زەردەوە) لەبری دان نان بەشکست دوای ھەڵبژاردنەکە کەوتونەتە قسەی بێ بنەما و بێ بایەخ کردنی ئەوەی بەدەست ھاتووە , لە کاتێکدا خۆیان بەھەموو ھێز و بانگەشەی قەبەیان و پەنجە راوەشاندنیان نەک نەیان توانی خەونی گەیشتن بە کورسی پارێزگای کەرکوک وەدی بھێنن بەڵکو نەیان توانی   تەنیا یەک کورسی لە ئەنجومەنی پارێزگاکەش بەدەست بھێنن! حزبەکانی دەرەوەی یەکێتی دەبێت  ئەوەیان لە بەرچاوبێت ئەگەر یەکێتی نەبوایە کەرکوک دەبووە چیرۆکێکی ئازار بەخشی دیکەی میلەتەکەمان ,  بۆ ئەمە دەبێت سوپاسی یەکێتی بکەن کە توانی ئەو ترسە بڕەوێنێتەوە و بۆ لەمەودوا دەتوانن بەجلی کوردییەوە و بەبێ ترس سەردانی کەرکوک بکەن و روویان بێت بڵێن  کوردین .
‎تەنیا بۆ ساتێکیش بێت وەک کوردێک دوور لە چاویلکەی بەرژەوەندی حزبایەتی بیھێننە پێشچاوت ئەگەر لەم ھەڵبژاردنەدا یەکێتی ھاوشێوەی پارتی دوو کورسی بەدەست بھێنایە نەک پێنج کورسی و بەھەموو پێکھاتەی کورد خاوەنی چوار کورسی بوایە نەک حەوت کورسی، ئەو کات کورد پێگەو سەنگی لەکەرکوک چۆن دەبوو رووبەڕووی چی دەبویەوە؟ بەدڵناییەوە ھەر بە رۆژی رووناک کورد لە شارەکەدا نەک پەراوێز دەخرا بەڵکو ئەستەم بوو بە ئاشکرا بە کوردی قسە بکەیت نەک شەڕی گەڕانەوەی کەرکوک و بەدەستھێنانەوە ناسنامە دزراوەکەی بکەین, ئەوەتا کورد زۆرینەیە لە شارەکە دا ھەر دوای ئەنجامەکان تەنیا لەبەر ئەوەی گەنجێکی کورد جلی کوردی لەبەردایە چۆن لە ناوجەرگەی شارەکە ھێرش دەکرێتە سەری و ئازار دەدرێت و سوکایەتی پێ دەکرێت ,بەداخەوە ئەمە دۆخی راستەقینەی کەرکوکە دوای ریفراندرم و لە دەستدانی دەسەڵاتی شارەکە لەلایەن کوردەوە ، 
‎ھەرچۆنێک بێت ئێستا کە کورد قۆناغی دژواری لە کەرکەک تێپەڕاندووە کاتی ئەوەیە لایەنە کوردستانییەکان لە ناوچە دابڕێندراوەکان دەستبادان و ململانیەی سیاسی وەلا بنێن، بەتایبەت پارتی و یەکێتی یەک ھەڵوێست بن لە دانانی پارێزگارێکی کورد بۆ شارەکەو راستکردنەوەی ھەموو ئەو زوڵم ونادادییەی کەدەسەڵاتی خۆسەپێنی شارەکە بەرامبەر بە کورد کردوویەتی و ھاوشێوەی دوای ساڵی ٢٠٠٣ پارێزگارێکی کورد بۆ شارەکە دابنێن و کار لەسەر گەڕانەوەی متمانەبکەنەوە لەنێوان ھەر سێ پێکھاتەی سەرەکی شارەکە " کورد و عەرەب و تورکمان " بۆ ئەوەی ئەو کلتوری پێکەوەژیانی ئاشتیانەی نێوان پێکھاتەکانی شارەکە دووبارە زیندوو بکرێتەوە و ھەر پێکھاتەیەک بە ھێندەی سەنگ و قورسایی خۆی پێگە و رۆڵی بۆ بگەڕێتەوە  وھەموو پێکھاتەو دەنگ و رەنگە جیاکانی شارەکەش بەئاشتی و ئارامی پێکەوەبژین و سەردەمێکی نوێ لە بوژانەوە و ئاوەدانی لە پارێزگاکەدا دەست پێبکات و خەڵکی کەکوک بە ئارامی و خۆشگەزەرانی و دوور لە ململانیەو ئاڵۆزی ژیان بەڕێ بکەن، تەنیا بەمە کەرکوک دەبێتەوە بە خاوەنی ئەو ناسنامەیەی کە بەشێکی دانەبڕواو زیندووە لە مێژووەکەی لەم ساڵانەی دوایدا بەزڵم و سەتەم لێی زەوت کرا…

‎مەریوان عەبدوڵا