مۆدێرنیزاسیۆنی چینی: دەرفەتی نوێ بۆ جیهان

04/05/2023
524 جار خوێندراوەتەوە

جین گانگ

ڕاوێژكاری دەوڵەت و وەزیری دەرەوەی چین

وتاری سەرەکی ڕاوێژكاری دەوڵەت و وەزیری دەرەوەی چین، جین گانگ لە مەراسیمی کردنەوەی کۆڕبەندی لانتینگ سەبارەت بە مۆدێرنیزاسیۆنی چینی و جیهان
شەنگەهای، ٢١ی نیسانی ٢٠٢٣
بەڕێز جەنابی سکرتێر چێن جینینگ 
 بەڕێز وو هایلونگ،
نێردەی دیپلۆماسی،
میوانە بەڕێزەکان،
هاوڕێیان،
بەیانیتان باش. زۆر خۆشحاڵم کەوا ئەمڕۆ كۆبوومەتەوە لەگەڵتان لە هۆڵی کۆبوونەوەی جیهان لەسەر ڕووباری هوانگپو. ئەمە یەکەمین چالاکیی کۆڕبەندی لانتینگە لە شاری شەنگەهای. سوپاس و پێزانینی خۆم ئاڕاستەی جەنابی سکرتێر چێن جینینگ و حکومەتی شارەوانی شەنگەهای دەكەم بۆ پشتگیری بەهێزیان لەپێناو سەركەوتنی ئەم كۆڕبەندە.
شەنگەهای شوێنێکی زۆر گوونجاوە بۆ بەستنی ئەم كۆڕبەندە بەناونیشانی “ مۆدێرنیزاسیۆنی چینی و جیهان”. وەک زۆرجار دەوترێت، پێویستە بچیتە شەنگەهای ئەگەر بتەوێت دەربارەی ١٠٠ ساڵی ڕابردووی چینەوە بزانیت.  زیاتر لە سەدەیەک لەمەوبەر لێرەوە پارتی کۆمۆنیستی چین دەستی بە گەشتەکەی کرد. لەو کاتەوە شەنگەهای نەک تەنها شایەتی گۆڕانکارییەکانی نەتەوەی چینی بووە، بەڵکو گۆڕانکارییە قووڵەکانیشی لە سەرانسەری وڵاتەکەدا بەخۆیەوە بینیوە. شەنگەهایی کۆن کە زلهێزە بیانییەکان زاڵبوون بەسەریدا، ئەمڕۆ پێشەنگێکە لە چاکسازی و کرانەوەی چین. شارێكی گەورە و قەرەباڵغ و ئاوەدان لە ساڵی ١٩٤٩ لە وێرانکارییەوە سەریهەڵدا. وەک گەورەترین هێزی ئابووری و داهێنانی چین و ناوەندێکی بازرگانی و گواستنەوە لە جیهاندا، شەنگەهای پێشەنگی ڕەوتەکانی سەردەم و گەشەسەندنمانە. نیشانەیەکی درەوشاوەی ڕێگای چینییە بۆ مۆدێرنیزاسیۆن. 
هاوڕێیان، 
داری بەرز بەبێ ڕەگ گەشە ناكات و ڕووباری درێژ بەبێ سەرچاوە دروست نابێت. بە هەمان شێوە سەرکەوتنمان لە مۆدێرنیزاسیۆنی چینیدا لە ئاسمانەوە نەگوازراوەتەوە یاخود لەخۆیەوە سەریهەڵنەداوە. بەڵكو هەنگاو بە هەنگاو لە ڕێگای هەوڵی بەردەوام و یەکلاکەرەوەی  گەلی چین لە ژێر سەرکردایەتی پارتی کۆمۆنیستی چین کە هەمیشە بەوەفا بووە بۆ ئەرکی دامەزراندنی، بەدەست هاتووە. مۆدێرنیزاسیۆنی چینی ڕەگێکی قووڵی لە مێژوو و پراکتیک و فەلسەفەکانی چیندا داکوتاوە.    
 مۆدێرنیزاسیۆنی چینی هەڵبژاردەی سروشتی چینە بۆ گەشەپێدان کە ماوەی 100 ساڵە بەردەوامە. مۆدێرنیزاسیۆن بۆ چین گەشتێک لە سەختی، کۆڵنەدان، ئازار، شکۆمەندی، شەرەف و خەون بووە. لە سەردەمی هاوچەرخدا، ژمارەیەكی زۆر لە نیشتمان پەروەران بەرەو ڕۆژئاوا بەڕێكەوتن بۆ دۆزینەوەی شێوه‌یه‌كی مۆدێرنیزاسیۆن بۆ ڕزگارکردنی میللەت، بەڵام هەموویان شکستیان هێنا. تەنها لەدوای لەدایک بوونی پارتی کۆمۆنیستی چین لە ساڵی ١٩٢١دا، چین پایە و ڕێنمایی بۆ مۆدێرنیزاسیۆنی خۆی دۆزییەوە. لە ژێر سەرکردایەتی بەهێزی پارتی کۆمۆنیستی چین دەستمان بە گەشتێكی گەورە كرد بۆ بنیاتنانی وڵاتێکی مۆدێرن بەشێوەیەكی سەربەخۆ. ئێمە چینمان لە خاکێکی هەژار و دواکەوتووەوە بۆ دووەم گەورەترین ئابووری جیهان گۆڕی، بۆ یەكەمین لە بازرگانی كاڵا، و خاوەن گەورەترین یەدەگی دراوی بیانی، و گەورەترین بەرهەمهێنەر. ئێمە گەورەترین سیستەمی پەروەردەی ناچاری و سیستەمی ئاسایشی کۆمەڵایەتی و سیستەمی پزیشکی و تەندروستیمان لە جیهاندا داناوە. چین لە ماوەی کورتی چەند دەیەیەکدا، پیشەسازیبوونی بەدیهێناوە کەوا وڵاتانی پێشکەوتوو ماوەی چەند سەدەیەکیان پێچوو بۆ بەدەستهێنانی. ئێمە بە هەنگاوی گەورە توانیمان بگەین بە سەردەمدا.   
 مۆدێرنیزاسیۆنی چینی داواكارییەكی سروشتییە بۆ پێشخستنی گەنجبوونەوەی نیشتمانی لە هەموو بەرەکاندا.   
لە ١٨ەمین کۆنگرەی نیشتمانی پارتی کۆمۆنیستی چین، لە ژێر سەرکردایەتی بەهێزی کۆمیتەی ناوەندی پارتی کۆمۆنیستی چین و لە ناوەڕۆكیدا هەڤاڵ شی جینپینگ، دەست نرایە سەر"دوگمەی خێراکردن" لە هەڵمەتی مۆدێرنیزاسیۆنی چیندا. دوو موعجیزە گەورەکە - گەشەسەندنی خێرای ئابووری و سەقامگیری کۆمەڵایەتی درێژخایەن - بەردەوام بوون. هەژاری ڕەها بنبڕ کرا. کۆمەڵگایەکی ئاوەدانی مامناوەند لە هەموو ڕوویەکەوە بوو بە واقیع. بەمەش ئامانجی سەدەی یەکەم هاتەدی. نەتەوەی چین گۆڕانکارییەکی گەورەی لە سەركەوتن و گەشەکردنی خۆشگوزەرانییەوە بۆ بەهێزبوون بەدەستهێناوە. ئێستا گەنجبوونەوەی نیشتمانی لەسەر ڕێگایەكە گەڕانەوەی تێدا نییە. لە دانیشتنەکانی کۆنگرەی نیشتمانی گەل (NPC) و کۆنفرانسی ڕاوێژکاری سیاسی گەلی چین (CPPCC) لە مانگی ڕابردوو، سکرتێری گشتی شی جینپینگ دووبارە بە کۆی دەنگ وەک سەرۆکی کۆماری چینی میللی هەڵبژێردرا. هەڵبژاردنێک بوو كەوا لەلایەن مێژوو وگەلەوە بوو. سەرۆک شی جینپینگ بە قەناعەت و بەرپرسیارێتی "خزمەتکردنی گەل بەبێ خۆپەرستانە"، مۆدێرنیزاسیۆنی چین بەرەو پێشەوە دەبات و لە ڕۆیشتن لەسەر ڕێگای ڕاست بەرەو داهاتوویەکی باشتر سەرکردایەتیمان دەکات.  
مۆدێرنیزاسیۆنی چینی دەرئەنجامێکی سروشتی یاساکانی پەرەپێدانی مرۆڤە.
مۆدێرنیزاسیۆن پرسی هاوبەشی هەموو مرۆڤایەتییە. هەرچەندە ڕۆژئاوا پێش ئەوانی تر چێژی لە بەرهەمی مۆدێرنیزاسیۆن وەرگرت، بەڵام مێژوو لەوەندە کۆتایی نایەت. ١٤٠ ساڵ لەمەوبەر، کارل مارکس پێشبینی بەزاندنی دۆڵی کاودینی سەرمایەداریی دەکرد، کە بنەمایەکی تیۆری تۆکمە بۆ ڕێبازێکی مۆدێرنیزاسیۆنی جیاواز لە ڕێگای ڕۆژئاوا دابین دەکات. لە ماوەی ١٠٠ ساڵی ڕابردوو و زیاتریش، چین بە خۆی ڕێگایەکی بۆ مۆدێرنیزاسیۆن دۆزیەوە، و شێوەیەكی نوێی پێشکەوتنی مرۆڤایەتی دروستکرد. ڕاستییە بەرفراوانەکان سەلماندوویانە کە هیچ مۆدێلێکی جێگیر یاخود یەک چارەسەر بۆ مۆدێرنیزاسیۆن نییە. هەر وڵاتێک دەتوانێت مۆدێرنیزاسیۆن بەدەستبهێنێت، بە مەرجێک ڕێگاکە لەگەڵ بارودۆخی خۆیدا بگونجێت و پێویستی گەلەکەی بۆ گەشەپێدان دابین بكات. بە پێچەوانەوە، کۆپیکردنی میکانیکی مۆدێلە بیانییە نەگونجاوەكان، بە ئەنجامی پێچەوانە دەتگەێنێت، تەنانەت ڕەنگە لێکەوتەی کارەساتبار بەدوای خۆیدا بهێنێت.
هاوڕێیان، 
وتەیەکی چینی دەڵێت: “ئایدیاڵە بەرزەكان بریتین لە دروستكرنی جیهانێك كە هەمووان هاوبەشی بكەن”. چین وەک گەورەترین وڵاتی گەشەسەندوو، هەمیشە چاکەی گشتی هەموو جیهان لەبەرچاو دەگرێت. ڕێگای چینی بۆ مۆدێرنیزاسیۆن نمایشی یەک گوڵ نییە، وتەنها بۆ بەرژەوەندی خۆدی نییە، بەڵكو ڕێگایەکە بەرەو گەشەسەندنی چین، کە لە ڕێگەیەوە وزەی ئەرێنی زیاتر بۆ ئاشتی جیهانی زیاد دەکات و دەرفەتی نوێ بۆ گەشەپێدانی جیهانی دروست دەکات. ئەمانەیە كەوا من باوەڕم پێیەتی: 
 مۆدێرنیزاسیۆنی چینی بەو ژمارەیە زۆرەی دانیشتووان، دەبێتە پاڵنەرێکی بەهێزتر بۆ بوژانەوەی ئابووری جیهانی.
 لە ماوەی ٤٠ ساڵی ڕابردوودا لە دوای پەیڕەوكردنی چاکسازی و کرانەوە، حکومەتی چین زیاتر لە  ٨٠٠ ملیۆن کەسی لە هەژاری ڕزگاركرد، وژمارەی داهاتی مامناوەندی بۆ زیاتر لە  ٤٠٠ ملیۆن کەس زیادكرد. ئەمڕۆ چین هاوبەشی بازرگانی سەرەکی زیاتر لە ١٤٠ وڵات و هەرێمە، ڕۆژانە ٣٢٠ ملیۆن دۆلاری ئەمریکی وەبەرهێنانی ڕاستەوخۆ لە سەرانسەری جیهاندا دەکات و مانگانە زیاتر لە ٣ هەزار بازرگانی بیانی بۆ خۆی ڕادەکێشێت. لە ماوەی دەیەی ڕابردوودا، چین بەشداری زیاتری لە گەشەی جیهانیدا کردووە بەراورد بە هەموو وڵاتانی جی حەوت بەیەکەوە.
بەهۆی ئەوەی زیاتر لە یەک ملیار و ٤٠٠ ملیۆن کەس لە ڕێڕەوی مۆدێرنیزاسیۆنن، کە ئەم ژمارەیە لە كۆی گشتی ژمارەی دانیشتوانی هەموو وڵاتانی گەشەسەندوو بەیەكەوە زیاترە، چین پاڵنەرێکی زۆر بەهێز بە ئابووری جیهانی دەدات. کۆڕبەندی گەشەپێدانی چین و کۆڕبەندی بواوی ئاسیا کە مانگی ڕابردوو بە سەرکەوتوویی بەڕێوەچوو، چەندین سەرکردەی سیاسی و بازرگانی لە سەرانسەری جیهانەوە بۆ خۆی ڕاكێشا. زۆرترین بابەت كە بیستمان لەو دوو كۆڕبەندە، دەستبەسەرداگرتنی ئەو دەرفەتە نوێیانە بوو کە لەگەڵ گەشەپێدانی کوالیتی بەرز و کرانەوەی ستانداردی بەرزی چیندا دێن. ژمارەی یەكەمی ڕوانگەی یەکدەنگی بریتی بوو لە ڕەتکردنەوەی جیابوونەوە و هەنگاونان بەرەو پێشەوە لەگەڵ چین.
 مۆدێرنیزاسیۆنی چینی لەگەڵ خۆشگوزەرانی هاوبەش بۆ هەمووان ڕێگایەکی فراوانتر بۆ گەشەپێدانی هاوبەشی هەموو وڵاتان دەکاتەوە.
 مۆدێرنیزاسیۆن نابێت دەوڵەمەندەكان دەوڵەمەندتر و هەژاران هەژارتر بکات. هەروەها نابێت تەنیا خزمەت بە بەرژەوەندییەکانی چەند وڵاتێک یاخود تاکێک بگەێنێت. خۆشگوزەرانی هاوبەش بۆ هەموو جیهان پێویستی بە گەشەپێدانی هەموو وڵاتان هەیە. دەستپێشخەری پشتێن و ڕێگا (BRI) و دەستپێشخەری گەشەپێدانی جیهانی (GDI) سوودی گشتین کە چین پێشکەشی کۆمەڵگەی  نێودەوڵەتی دەکات. هەروەها سەکۆی کراوەن بۆ بەدواداچوونی گەشەپێدان و خۆشگوزەرانی هاوبەش. دوای تێپەڕبوونی دە ساڵ لە دەستپێکردنی دەستپێشخەری پشتێن و ڕێگا، زیاتر لە ٣٠٠٠ پڕۆژەی هەماهەنگی دەستیپێكراوە، کە دەكاتە وەبەرهێنانی نزیکەی یەک تریلیۆن دۆلاری ئەمریکی و ڕەخساندنی  ٤٢٠ هەزار هەلی کار بۆ وڵاتانی بەشداربوو. بەم شێوەیە زۆرێک لە گەلان خەونەکانیان لە دروستكردنی هێڵی ئاسنین و پردی گەورە و کەمکردنەوەی هەژاری بەدیهێناوە. 
دەستپێشخەری گەشەپێدانی جیهانی پێشوازییەكی بەرفراوانی كۆمەڵگای نێودەوڵەتی بەدەستهێناوە. 
بە پشتیوانی زیاتر لە ١٠٠ وڵات و زۆرێک لە ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان، و لەگەڵ نزیکەی ٧٠ وڵات لە گروپی دۆستانی دەستپێشخەری گەشەپێدانی جیهانی، دەستپێشخەرییەکە پاڵنەڕێكی بەهێز دەدات بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانی پێشوەختەی گەشەپێدانی بەردەوامی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ ساڵی ٢٠٣٠. چین پرسی قەرزی وڵاتانی تازە گەشەسەندوو بە جددی وەردەگرێت. ئێمە بەشێوەیەكی تەواو و چالاکانە دەستپێشخەری ڕاگرتنی خزمەتگوزاری قەرزەکانی ٢٠G جێبەجێ دەکەین، و بەشداریمان بە ڕێژەی لەسەدا ٦٣ی کۆی گشتی پێدانی قەرزە ڕاگیراوەكان كردووە. دەتوانین بڵێین کە مۆدێرنیزاسیۆنی چینی یارمەتیدەر بووە بۆ ئیلهامبەخشینی متمانە بۆ زۆرێک لە وڵاتان لە بەدواداچوونەکانیان بۆ مۆدێرنیزاسیۆن. وەکو سەرکردەیەکی ئەفریقا دەڵێت، ڕێگای چین ئیلهامبەخشە بۆ هەموو وڵاتانی تازە گەشەسەندوو بۆ ئەوەی باوەڕیان بەوە هەبێت کە هەموو وڵاتێک توانای بەدەستهێنانی گەشەسەندنی هەیە تەنانەت لە سفرەوە. 
مۆدێرنیزاسیۆنی چینی بە پێشکەوتنی ماددی و کولتووری-ئەخلاقی، ئاسۆی گەش بۆ پێشکەوتنی مرۆڤەکان دەکاتەوە.
هەندێک وڵات لە کاتێکدا لە ڕووی ئابووری و زانست و تەکنەلۆژیاوە زۆر پێشکەوتوون، بەڵام لەهەمان كاتدا ئەوان لە ڕادەبەدەر بشتیان بە سەرمایەداری بەستووە، هەروەها لە كێشەی بڵاوبوونەوەی ماتریالیزمی ئابووری، هەژاریی کولتووری، تێکچوونی ئەخلاقی و پشێوی گشتی دان. سەرۆک شی جینپینگ جەختی لەسەر ئەوە كردۆتەوە كەوا ئامانجی کۆتایی مۆدێرنیزاسیۆن گەشەپێدانی ئازاد و باشی مرۆڤەکانە، ئەمەش نەک تەنها بە مانای زۆری ماددی دێت بەڵکو دەوڵەمەندکردنی کولتووری وئەخلاقیشە.
وتەیەکی چینی دەڵێت، “خەڵك تەنها کاتێک کە ماڵی پڕ لە دانەوێڵە دەبێت فێری ئەتەکێت دەبێت؛ تەنها کاتێک مرۆڤەکان خۆراکیان دەستدەكەوێت و جلیان لەبەردا بێت، شەرەف و شەرمەزاری دەزانن”. نەتەوەی چین هەمیشە تامەزرۆی جیهانێکی هاوئاهەنگی گەورەیە کە تێیدا مرۆڤەکان لە نەبوونی ئازاد بن و پێوەرێکی ئەخلاقی بەرز پەیڕەو بکەن. ئەمە جیهانێکە کە مرۆڤەکان شوێنکەوتنی کولتووری خۆیان دەخەنە پێش پێداویستییە مادییەکان و وەک بەشێک لە ئایدیالی کۆمەڵایەتی خۆیان دەیبینن. لە سەردەمی ئەکسیاڵیدا ٢٥٠٠ ساڵ لەمەوبەر، فەیلەسوفانی شارستانییەتە گەورەکان، وەک کۆنفۆشیۆس و مێنسیۆس لە چین و ئەفلاتون لە یۆنان، بەردەوام بوون لە هەوڵی دەوڵەمەندکردنی کولتووری و ئەخلاقی. مۆدێرنیزاسیۆن لەناوچوونی شارستانییەتە کۆنەکان نییە، بەڵکو گەنجبوونەوەی کولتوورە نەریتییەکانە. دەستپێشخەری شارستانیەتی جیهانی (GCI) کە لەلایەن سەرۆک شی جینپینگەوە خراوەتەڕوو، بانگەشە بۆ گرنگی میرات و داهێنانی شارستانیەتەکان دەکات، ڕێزگرتن لە هەمەجۆریی شارستانیەتەکان دەكات، هەروەها بنەماکانی یەکسانی و فێربوونی هاوبەش و گفتوگۆ و گشتگیری لەنێو شارستانیەتەکاندا بەرەوپێش دەبات. چینییەکان پێیان وایە تەنانەت بۆ وڵاتێکی دامەزراویش داهاتووی بە خۆنوێکردنەوە بەندە. مۆدێرنیزاسیۆنی چینی هێز و زیندوویی نوێ بۆ شارستانیەتی قووڵی چینی زیاد دەکات، هەروەها بەشداری زیاتر بە حیکمەتی چینی دەکات بۆ ئاشتی و خۆشگوزەرانی جیهانی و پێشکەوتنی مرۆڤ. ئێمە پێشبینی جیهانێکی باشتر دەکەین کە هەموو شارستانیەتەکان لە نەوەیەکەوە بۆ نەوەیەکی تر لە ڕێگەی خۆنوێکردنەوەی بەردەوامەوە خۆشگوزەرانبن، هەم چێژ لە زۆربوونی ماددی و هەم لە پێشکەوتنی کولتووری و ئەخلاقی وەربگرن. 
مۆدێرنیزاسیۆنی چینی بە هاوئاهەنگی نێوان مرۆڤایەتی و سروشت ڕێگایەکی بژاردەتر بۆ جیهانێکی پاک و جوان دەڕەخسێنێت.
وەک سەرۆک شی جینپینگ ئاماژەی پێکردووە، ئاوە ڕوونەکان و چیا بەپیتەكان سەرمایەی بێ نرخن. چین بە ئامادەییەوە بەرپرسیارێتی خۆی لە پاراستنی ژینگە و بەرەنگاربوونەوەی گۆڕانی کەشوهەوا دەگرێتە ئەستۆ، و لە زۆر بابەتدا پێشەنگی جیهانە: لە ڕووی ڕووبەری دارستانەوە، چین چارەکێک لە کۆی گشتی جیهان پێکدەهێنێت؛ لە پەرەپێدان و بەکارهێنانی وزەی نوێبووەوە، توانا دامەزراوەکانی وزەی با و خۆر لە چین یەک لەسەر سێی کۆی توانای دامەزراو لە جیهاندا پێکدەهێنێت؛ و لە بەرهەمهێنان و فرۆشتنی ئۆتۆمبێلی وزەی نوێدا، نیوەی ئۆتۆمبێلەكانی وزەی نوێ لە جیهان لەسەر شەقامەكانی چین کاردەکەن. چین بەڵێنی گەورەی بەدەستهێنانی لوتکەی کاربۆن و بێلایەنی کاربۆن بە جیهان داوە، و پابەند بووە بە گواستنەوە لە لوتکەی کاربۆنەوە بۆ بێلایەنی كاربۆن لە ماوەی تەنها ٣٠ ساڵدا. ئەم ماوەیەش لانیکەم ساڵانێک لە ولایەتە یەكگرتووەكان کەمترە وزیاتر لە  ٤٠ ساڵ لە یەکێتی ئەوروپا كەمترە. چین دەستپێشخەری  دامەزراندنی سندوقی کونمینگ بۆ جۆراوجۆری بیۆلۆجی کردووە، هەروەها بەشداری لە ئەنجامدانی ڕێککەوتنی پاریس کردووە. لە سەرەتای ئەم مانگە، سەرۆک شی جینپینگ و سەرۆک ئیمانوێل ماکرۆن لەسەر پەرەپێدانی ناوەندێکی بێلایەنی کاربۆن بەشێوەیەكی هاوبەش ڕێککەوتن، لە هەوڵێکدا بۆ زیادکردنی زەبری نوێ بۆ گواستنەوەی جیهان بۆ نزمی کاربۆن.
 مۆدێرنیزاسیۆنی چینی لەسەر ڕێگای گەشەسەندنی ئاشتیانە، دڵنیایی زیاتر بۆ ئاشتی و سەقامگیری جیهان دەهێنێت.
 باڵادەستی و هەژموون ئامانجی گەشەپێدانی چین نییە. ئەو تێڕوانینەی کەوا دەڵێت كە هێز دەبێتە هۆی هەژموون، لەگەڵ کەلتووی چینیدا ناگونجێت و ڕووبەڕووبوونەوەی هەژموون کارەکتەری بەرزی دیپلۆماسی چینییە. تا ئەمڕۆ چین تاکە وڵاتە لە جیهاندا کە پابەندبوونی بە ڕێگای گەشەسەندنی ئاشتیانە لە دەستوورەکەیدا داناوە. چین لە نێو ئەندامانی هەمیشەیی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکاندا بەشداربووی سەرەکی هێزەكانی ئاشتیپارێزە، هەروەها تاکە وڵاتە لە نێوان پێنج وڵاتی خاوەن چەکی ئەتۆمی کە بەڵێنی بەکارنەهێنانی یەکەمجاری چەکی ئەتۆمی داوە. ئێمە بەشداریمان لە زیاتر لە ٢٠ پەیماننامەی فرەلایەنەی کۆنترۆڵکردنی چەکمان کردووە، و پاڵمان بە ئەنجامدانی بەیاننامەیەکی هاوبەش لە نێوان پێنج وڵاتی چەکی ئەتۆمیدا سەبارەت بە ڕێگریکردن لە شەڕی ئەتۆمی كردووە. ئێمە بانگەشە بۆ چارەسەرکردنی ئاشتیانەی ناکۆکی نێودەوڵەتی دەکەین لە ڕێگەی ڕاوێژ و گفتوگۆوە.
دەستپێشخەری ئاسایشی جیهانی (GSI) کە لەلایەن سەرۆک شی جینپینگەوە خراوەتەڕوو، ئاماژەی بە ئاڕاستەی دروستی بەدواداچوونی ئاسایشی هاوبەش و گشتگیر کردووە.  
پەندێکی چینی دەڵێت دوژمنایەتی نەهێڵیت باشترە لەوەی بە زیندوویی بمێنێتەوە. بە هاوكاری چین، سعودیە و ئێران پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانیان دەستپێکردەوە. وە جێگەی دڵخۆشییە کەوا ببینین وڵاتانی زیاتر بەیەكەوە تەوقە دەكەن و ئاشتی لەنێوانیان دەگەڕێتەوە. لە بەرامبەر قەیرانی درێژخایەنی ئۆکرانیا، چین قەیرانەكە زیاد ناكات و سوود لە دۆخەكە وەرناگرێت. بەڵکو چین هەڵوێستێکی بێلایەنانەی گرتۆتەبەر و پاڵ بە گفتوگۆی ئاشتیەوە ناوە لەپێناو کەمکردنەوەی گرژی وفشارەکان و هێمنكردنەوەی دۆخەكە. ڕاستییەکان سەلماندوویانە کەوا هەنگاوەكانی چین بەرەو مۆدێرنیزاسیۆن، پاڵنەرێكە بۆ هێزی ئاشتی و دادپەروەری.
هاوڕێیان،
بیستەمین کۆنگرەی نیشتمانی پارتی کۆمۆنیستی چین کە لە مانگی ئۆکتۆبەری ساڵی ڕابردوودا بەڕێوەچوو، نەخشەی گەشەپێدانی داهاتووی چین و ئەرکی پێشخستنی گەنجکردنەوەی نەتەوەی چین بە شێوازی چینی لە هەموو بەرەکاندا بۆ مۆدێرنیزاسیۆن داڕشت. بۆ جێبەجێكردنی ئەم ئەركە سەرەكییە، دیپلۆماسییەتی چینی بەرپرسیارێتی لە ئەستۆی خۆی دەگرێت. ئێمە پابەند دەبین بە ڕێگای گەشەپێدانی ئاشتیانە، و پەروەردەکردنی جۆرێکی نوێی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان کە ڕێزگرتنی یەکتر، یەكسانی، دادپەروەری و هەماهەنگی براوە-براوە لەخۆدەگرێت. ئێمە كار لەگەڵ هەموو وڵاتان دەکەین بۆ بنیاتنانی جیهانێکی کراوە و گشتگیر و پاک و جوان، كەوا چێژ لە ئاشتی هەمیشەیی و ئاسایشی گشتگیر و خۆشگوزەرانی هاوبەش وەربگرێت، و پەرەپێدانی کۆمەڵگەیەک کە خاوەن داهاتوویەکی هاوبەشی بێت بۆ مرۆڤایەتی.
چین بە ئیرادەیەکی زیاترەوە بەرگری لە مافی گەشەسەندنی هەموو وڵاتان دەکات.
 مۆدێرنیزاسیۆن مافێکی بێبەشنەکراوی هەموو وڵاتێکە، نەک ئیمتیازێک بێت كە تەنها بۆ چەند کەسێک تەرخانکرابێت. ئەوانەی  مۆدێرنیزاسیۆنیان بەدەستهێناوە، نابێت پردەکە بڕوخێنن یاخود ڕێگای وڵاتانی تر بۆ مۆدێرنیزاسیۆن بگرن. وە نابێت ئەو وڵاتانەی تر کە ڕێگایەکی جیاواز بۆ مۆدێرنیزاسیۆن هەڵدەبژێرن سەرکوت بکەن، هەوڵی كۆنترۆڵ كردنیان بدەن یاخود بیانوەستێنن. چین هیچ نیازێکی نییە بەشداری لە کێبڕکێی زلهێزەکاندا بکات. ئەوەی ئێمە بە توندی بەرگری لێدەکەین، بەرژەوەندییەکانی گەشەپێدانی خۆمان و مافی گەلی چینە بۆ بەدواداچوونی ژیانێکی باشتر. چین ڕێز لە ڕێگای مۆدێرنیزاسیۆن دەگرێت کە خەڵکی وڵاتانی تر هەڵیانبژاردووە، دژایەتی هەوڵەکانی دروستکردنی ڕووبەڕووبوونەوەی ئایدیۆلۆژی و شەڕی ساردی نوێ و دەستوەردان لە کاروباری ناوخۆیی و سەپاندنی ئیرادەی مرۆڤ بەسەر ئەوانەی تردا دەکات. چین پابەندە بە ئاڕاستەی دروستی جیهانگیری، دژی هەوڵەکانی دروستکردنی دیوار و بەربەست و پاڵنانی جیابوونەوە و پچڕانی زنجیرەکانی دابینکردنە، هەروەها دژی فشارو سزا تاکلاییەكانە. چین هەموو هەوڵێکی خۆی دەدات بۆ دەستەبەرکردنی کارکردنێكی سەقامگیر و بێ کێشەی زنجیرە پیشەسازییەکان و دابینکردن، بۆ ئەوەی بە جیهانگیری ئابووری و مۆدێرنیزاسیۆن، هەموو وڵاتان بتوانن بە هاوبەشی بەرەو پێشەوە بچن و تەواوکەری یەکتر بن. 
چین بە هەوڵی چالاکانەتر، کرانەوەی ستانداردی بەرز بەرەوپێش دەبات. 
مۆدێرنیزاسیۆنی چین لە ڕەوتی کرانەوەدا پێشکەوتنی بەدەستهێناوە، و بە دڵنیاییەوە لە ڕێگای کرانەوە داهاتوویەکی گەشاوەتر بەدەست دەهێنێت. لە میوانداریکردنی کۆڕبەندی پشتێن و ڕێگا بۆ هەماهەنگی نێودەوڵەتی و پێشانگای نێودەوڵەتی چین بۆ هاوردەکردن، چین یەکگرتنی بەرژەوەندییەکان لەگەڵ جیهان قووڵتر دەکاتەوە. ئێمە سەرچاوەی زیاتر لە هەماهەنگییەكانی گەشەپێدانی جیهانیدا وەبەردەهێنین، و هەموو هەوڵێک دەدەین بۆ یارمەتیدانی ڕزگاربوون لە بارگرانییەکانی قەرزەکانی وڵاتانی تازە گەشەسەندوو. هەوڵ دەدەین ئاڵوگۆڕی دارایی و دراوی نێودەوڵەتی لە دۆخی نالەبار و دەستکاریکردن و سزا و فشار ڕزگار بکەین و یارمەتی بدەین  بگەڕێتەوە بۆ ئامانجە بنەڕەتییەکەی کەوا بریتییە لە خزمەتکردنی ئابووری ڕاستەقینە و پێشخستنی مۆدێرنیزاسیۆن. 
حەز دەکەم ئەم دەرفەتە بقۆزمەوە و جارێکی دیکە پیرۆزبایی لە خاتوو ڕۆسێف بکەم کە دەستبەکاربووە بۆ پۆستی سەرۆکایەتی بانکی گەشەپێدانی نوێ. متمانەم هەیە كەوا بانك پشتگیری زیاتری پرۆسەکانی مۆدێرنیزاسیۆنی وڵاتانی تازە گەشەسەندوو بكات.

چین بە شێوەیەکی چالاکتر ئاڵوگۆڕ لە نێوان شارستانیەتەکاندا بەرەوپێش دەبات.
 ئێمە داوا لە هەموو وڵاتان دەکەین کەوا ئاشتی، گەشەپێدان، یەکسانی، دادپەروەری، دیموکراسی و ئازادی و بەها هاوبەشەکانی مرۆڤایەتی بەرەوپێش ببەن و ئاڵوگۆڕییە کولتوورییەکان بەرز بكەنەوە، بە فێربوون لەیەکتر و پێکەوەژیانی ئاشتییانە لە پێکدادان دووربكەونەوە. ئێمە بە توندی دژی هەڵاواردن دژی ڕەگەز و وڵات و شارستانیەتەکان لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکاندا دەوەستینەوە. ئێمە ئامادەین لەگەڵ هەموو وڵاتان بەدواداچوون بۆ بنیاتنانی تۆڕێکی جیهانی بۆ گفتوگۆ و هەماهەنگی نێوان شارستانیەتەکان بکەین، بۆ کردنەوەی ئاسۆی نوێ بۆ بەرزکردنەوەی ئاڵوگۆڕ و لێکتێگەیشتن لە نێوان گەلانی جیاواز و کارلێکی باشتر و یەکخستنی کولتوورە جۆراوجۆرەكان. پێکەوە دەتوانین باخچەی شارستانیەتەکان ڕەنگاوڕەنگ و گەشاوەتر بکەین. 
ئێمە بە هۆشیارییەوە هاوکاری دەکەین بۆ بنیاتنانی کۆمەڵگەیەک کە داهاتوویەکی هاوبەشی هەبێت بۆ  بوونەوەرە زیندووەکانی سەر زەوی.
ئێمە هەوڵەکانمان زیاتر دەکەین بۆ بنیاتنانی پێکهاتەیەکی ئابووری دروست کە ئاسانکاری بۆ گەشەپێدانی سەوز و کەمی کاربۆن بكات، و پێشخستنی گواستنەوە بۆ گەشەپێدانی ئابووری و کۆمەڵایەتی سەوز لە هەموو بوارەكاندا. بە پەیڕەوکردنی بنەمای بەرپرسیارێتی هاوبەش بەڵام جیاواز، ئێمە چالاکانە بەشداری لە هەماهەنگی نێودەوڵەتی بۆ وەڵامدانەوەی کەشوهەوا، بەڕێوەبردنی ئۆقیانوس، پاراستنی جۆراوجۆری بایۆلۆجی جیهانی و بوارەکانی تر دەكەین، و پێشخستنی سیستەمێکی حوکمڕانی ژینگەیی جیهانی یەكسان و دادپەروەرانە بۆ هەماهەنگی براوە-براوە بۆ هەردوولایەن، بەجۆرێک کە بەشداری ڕووبەڕووبوونەوەی ئاستەنگە جیهانییەکان وەک کەشوهەوا و ژینگە و بنیاتنانی جیهانێکی پاک و جوان بکەین. 
چین بە ئیرادەیەکی زیاترەوە سیستمی نێودەوڵەتی دەپارێزێت.
 لەم دواییانەدا هەندێک قسەی بێمانا هەبوون کە چین تۆمەتبار دەکەن بە تەحەدای ئەوەی پێی دەوترێت سیستمی نێودەوڵەتی لەسەر بنەمای یاساکان، و گۆڕینی تاکلایەنەی دۆخی ئێستا لە سەرانسەری گەرووی تایوان لە ڕێگەی هێز یان زۆرەملێ و تێکدانی ئاشتی و سەقامگیری لە سەرانسەری گەرووەکەدا. ئەم جۆرە ئیدیعایانە پێچەوانەی بنەمای بنەڕەتی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانە و دادپەروەری مێژووییە، و لۆژیكێكی بێمانایە و لێكەوتەی جددی بەدوای خوێدا دەهێنێت. چین یەکێکە لەو وڵاتانەی کە زۆرترین زیانی مرۆیی لە جەنگی جیهانی دووەمدا لە چوارچێوەی هاوپەیمانی دژە فاشیستدا بەرکەوتووە، هەروەها یەکەم وڵاتی دامەزرێنەرە کە میساقی نەتەوە یەکگرتووەکانی واژۆکرد، چین سەیری بەرگریکردن لە شکۆمەندی نەتەوە یەکگرتووەکان و پاراستنی سیستمی نێودەوڵەتی دوای جەنگی جیهانی دووەم وەک بەرپرسیارێتی پیرۆزی خۆی دەكات. چین باشترین تۆماری هەیە سەبارەت بە پابەندبوون بە ئامانج و پرەنسیپەکانی میساقی نەتەوە یەکگرتووەکان و یاسا نێودەوڵەتییەکان و ڕێسا بنەڕەتییەکانی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان، بۆیە پێویست ناکات لەلایەن هەندێک وڵات یان كوتلەوە لەم ڕووەوە بیرمان بخرێتەوە. وهەمیشە ڕایەكی گشتی دادپەروەرانە هەیە لەسەر ئەوەی کێ بە شێوەیەکی ڕاستگۆیانە مامەڵە لەگەڵ نەتەوە یەکگرتووەکان دەکات، و کێ  سیستمی نێودەوڵەتی تێکدەدات و هەژموون و چەوساندنەوە بكاردەهێنێت. 

هاورێیان،
تایوان لە کۆنەوە بەشێکی بێبەشنەکراوی خاکی چین بووە و هەردوو دیوی گەرووەکە سەر بە یەک چینن. ئەمە مێژووی تایوانە، هەروەها دۆخی ئێستای تایوانیشە. گەڕانەوەی تایوان بۆ چین یەکێکە لە پێکهاتەکانی سیسته‌می نێودەوڵەتی دوای جەنگ، لە ڕاگەیاندنی قاهیرە و ڕاگەیاندنی پۆتسدام بە ڕەش و سپی نووسراوە. ئەوەی ڕێسا نێودەوڵەتییەکان دەشێوێنێت و دۆخی ئێستا دەگۆڕێت و زیان بە سەقامگیری گەرووی تایوان دەگەیەنێت بە شێوەیەکی تاکلایەنە چین نییە، بەڵکو هێزە جوداخوازەکاني "سەربەخۆیی تایوان" و هەندێک وڵات ترە کە هەوڵی ئیستغلالکردنی "سەربەخۆیی تایوان" دەدەن. پێناسەی ئەوان بۆ ڕێساکان و دۆخی ئێستا و سەقامگیری لە ڕاستیدا مەبەست لێی بەتاڵکردنەوەی بنەمای یەک چین و گەیشتن بە "دابەشکردنی ئاشتیانە"ی چین و لە کۆتاییدا دەستکاریکردنی مێژووی جەنگی جیهانی دووەم و تێکدانی سیستەمی دوای جەنگ و سنوورداركردنی سەروەری چینه‌. ئەمەش بۆ یەک ملیار و ٤٠٠ ملیۆن کەسی چینی قبوڵکراو نییە. چین هیچ بەشێک لە خاکە وەرگیراوەکەی لەدەست نادات. ئەو سیستمە نێودەوڵەتییەی لە دوای جەنگەوە دامەزراوە ناگۆڕدرێت.

پاراستنی سەروەری دەوڵەت و یەکپارچەیی خاک، مافێکی سروشتی و ڕەوای چینە. ئێمە دەمانەوێت بۆ ئەو کەسانە ڕوون بکەینەوە کە بەناوی سیستەمی نێودەوڵەتییەوە هەوڵی تێکدانی دادپەروەری نێودەوڵەتی دەدەن: پرسی تایوان ناوەکی بەرژەوەندییە سەرەکییەکانی چینە، ئێمە درێغی ناکەین لە وەڵامدانەوەی ئەو کەسانەی کە دەستکاری بنەمای یەک چین دەکەن، هەرگیز پاشەکشە ناکەین لە هەر کارێک کە سەروەری و ئاسایشی چین تێکبدات. ئەوانەی لە تایوان یاری بە ئاگر دەکەن لە کۆتاییدا دەسوتێن. 

هاورێیان، 

وەک پەندەکەی چینی دەڵێت، کە هەزاران شاخ لە پشتەوەت بێت، بە دڵنیاییەوە ڕێگاكە بەڵێنی بەهارێكی    گەشەسەندووی هەڵگرتووە. مۆدێرنیزاسیۆنی چینی نەخشێکە کە چین دایهێناوە و جیهان دەتوانێت سوودی لێ وەربگرێت. ئێمە ئامادەین لەگەڵ هەموو لایەنەکان کار بکەین بۆ پێشخستنی شێوازە هەمەچەشنەکانی مۆدێرنیزاسیۆن و دروستکردنی داهاتوویەکی گەشاوەتر بۆ هەسارەکەمان.

لە کۆتاییدا هیوای سەرکەوتنی تەواو بۆ كۆڕبەندەكە دەخوازم. سوپاس!