کێ هەڵبژاردنی شارەوانیەکانی تورکیا دەباتەوە

31/03/2024
467 جار خوێندراوەتەوە

هاوڕێ تۆفیق

گڵۆپە زەردەکە، یان شەش تیرەکە؟ 

ئەمڕۆ گەلی تورکیا دەنگ بۆ هەڵبژاردنی  شارەوانیەکانی شارەکانی ئەدات. ئەم هەڵبژاردنە لە وەختێکایا کە هەڵئاوسانی ئابوری بە رێژەی لە سەدا ٪٧٠ یە. جەوهەری هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردن لەسەر مەسەلەکانی دارایی و خزموتگوزارییە . چەند سەرنج و زانیارییەکی گشتی لەسەر هەڵبژاردنەکە: 
١: لە هەموو شارەکان لە یەککاتدا وەکو یەکتری ،کاتی دەنگدان دەستپێ ناکات ، لە هەندێک شار کاتژمێر (٧) ی بەیانی و لە هەندێک شوێنی تر کاتژمێر(٨) ی بەیانیە. 

٢: لە یەککاتدا دەنگدەر ،چەند دەنگێک دەدات ، دەنگێک بۆ سەرۆکی گەورەی شارەوانی و دەنگێک بۆ سەرۆکی شارەوانی و دەنگێکی تر بۆ ئەندامانی شارەوانی و دەنگێک بۆ موختار. 

٣: دەوامی فەرمانگەکان و داودەزگای دەوڵەت ئاساییە و پشوو نیە. 

٤: ئیستانبوڵ دڵی هەڵبژاردنەکەیەو هەموو سیاسیەکان چاویان لەسەر ئەنجامەکەیەتی. ئاشکرایە پێگەی ژمارەی دانیشتوان و گرنگی گەشتیاری و بازرگانی شارەکە چەند گرنگە، لەلایەکی تر دوو خولە( کەمال ئوغلو )براوەیە، ئاشکرایە ناوبراو سەر بە پارتی گەلیی کۆمارییە( جەهەپە) کە حیزبێکی کۆنی نەتەوەیی عەلمانی تورکیەو لەسەر دەستی ئەتاتورک دامەزراوە. لە راستیدا جەنگی هەڵبژاردنەکە لەسەر کەوتنی کەمال ئۆغلوە. چونکە ئەگەر جارێکی تر ئیستانبوڵ بباتەوە، بەختی سیاسی بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی داهاتوی تورکیا زیاد دەکات .تەنانەت لەهەڵبژاردنی سەرۆکایەتی پێشوو ،بەهۆی رێگری قانونی نەتوانرا کاندید بکرێ، ئەگەر نا، ئەگەری سەرکەوتنی زۆر بەهێزبوو، لە ئێستادا دووبارە بەهێزەو ئەگەری  بردنەوەی هەیە.

٥: ئاکپارتی دەسەڵاتدار گرەو لەسەر بردنەوەی زۆرینەی شارەوانیەکان دەکات هەتاوەکو پێگەی خۆی بە تەواوی دابکوتێ، لە تورکیا هاوشێوەی وڵاتانی ئەوروپا شارەوانیەکان حکومەتی خۆجێی راستەقینەن و دەسەڵاتی زۆرو فراوانی یاسایی و کارگێریی و دارایی و خزمەتگوزارییان هەیە. راستیەکیش هەیە، ئەو شارەوانیانەی کە بەدەست ئاکپارتیەوەن لەلایەنی پێشکەشکردنی خزموتگوزارییەوە لە شارەوانیەکانی تر باشترن، ئاکپاریی چەکی دەستی خزمەتگوزارییە و هەوڵئەدات پارێزگاری ئەم سیحرەی خۆی بکات. 

٦: شارە کوردەکان بە بارێکی تایبەتدا تێدەپەرن ،سەرۆکی بەشی زۆری شارەوانیەکان لە ناو زیندانن و دادپەروەری وەکو یەکی هەڵبژاردن نەرەخساوە. لەلایەکی تر هەدەپ بە بریاری دادگا هەڵوەشاوەتەوە. لە ئێستایا حزبێکی تازەیان دروستکردوە بەناوی ( پارتی یەکسانی گەلان و دیموکراسی) کورتکراوەکەی (دەم)ە. بە تورکی ناوەکەی( Halkların Eşitlik ve Demokrasi )یە. ئەم پارتە جگە لە کورد تارادەیەک چەپەکانی تورکیاشی لەخۆی کۆکردۆتەوە. 

٧: کورد لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی پێشوی تورکیا دەنگی بە کاندیدی جەهەپە دا.چاوەرێ ئەکرێ جارێکی تر کورد ،تەرازوی بردنەوەی ئیستانبوڵ بەلایەکدا بخات و لە بەرژوەندی کەمام ئوغلۆ دەنگبدات و توڵە لە ئاکپارتی بکاتەوە. 

٨: لەرووی سیاسیەوە ،نرخی ئەم هەڵبژاردنە دیاریکردنی براوەی یەکەمە لە  نێوان دوو لایەند رکابەرە تەقلیدەیەکەدا ،ئەوانیش ئاکپارتی و جەهەپە، ئاکپارتی کە لۆگۆی حزبەکەی گڵپلۆپێکی زەردەو جەهەپەش ئاڵایەکی سور شەش تیری ئاراستەکراوی تیایە کە هەر تیرێکی هێمایە بۆ دروشمێک ئەوانیش( حوکمی کۆماریی، نەتەوەیی ، دەسەڵاتی دەوڵەت، میللەتگەرایی ،چاکسازی، عەلمانیەتی) ئاشکرایە جەهەپە هێشتا تاڵاوی دۆڕاندنی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی لە قورگیدایە و هەوڵئەدات تۆڵەبکاتەوە و ئەو هەڵئاوسانە داراییەی بەرۆکی ژیان و گوزەرانی خەڵکی گرتۆتەوەو تەنگ پێ هەڵچنیون،  ئۆباڵەکەی بخاتە سەر شانی ئاکپارتی ، بەڵام تەنگ پێهەڵجنینەکەی بە ئاکپارتی هێشتا مسۆگەری سەرکەوتنی بۆ نەکردوە. ئاشکرایە جەهەپە دوای شکستی سەرۆکایەتی خۆی رێکخستۆتەوە و سەرۆکی پێشووی حزبەکە (کەمال ئۆغلۆ) دەستی لەکارکێشاوەتەوە، لە ساڵی ٢٠٢٣ وە (ئۆزگور ئۆزیل) ی تەمەن ٤٩ ساڵی دەرمانساز، بۆتە سەرۆک . نازانرێ ئەم دەرمانسازە کە دەرچوی کۆلێژی دەرمانسازییە ،دەرمانی دەردی دۆڕانی جەهەپەی پێیە، ئەم شەو ئەنجامەکان وەڵامەکەیمان پێ ئەڵێت.