کۆمەڵگەو چەکی بێ مۆڵەت!!

02/05/2023
669 جار خوێندراوەتەوە

ئەڵماس گەرمیانی

پارێزەر

چەک لەکۆمەڵگەی کوردیدا بوەتە ھۆکارێک بۆئەنجامدانی تاوان و کارەسات, لەبری ئەوەی کە ھۆیەک بێت بۆ سەروەربوونی یاسا و پاراستنی سنوور ,چەک بەجۆرێک لەجۆرەکان بەیەکێک لەفاکتەرەکانی تێکدانی شیرازەی کۆمەڵ و خێزان لەلایەک و ھەتیووکەوتنی منداڵ و جەرگ سووتانی دایک و باوک و خوشک و برا و بێوەژن کەوتنی ئافرەتان.

‎ئەوەی ئاسانکاری کردووە بۆئەنجامدانی تاوان لەرێگەی چەکەوە بوونی چەکە بەدەستی زۆرێک لەتاکەکانی کۆمەڵگە ھەروەھا تەواوی ئەندامانی ھێزە ئەمنیەکان, بوونی چەک بەدەستی ئەندامانی ھێزە ئەمنیەکان لەپاش دەوام و بردنەوەی ئەو دوژمنە بۆماڵەوە گرفتی سەرەکی کۆمەڵگەیەو زۆر رێگەخۆشکەرە بۆئەنجامدانی تاوان, بۆیە پێویستە بردنەوەی چەک بۆ ماڵەوە قەدەغەبکرێت، بەدەرلەوە ئەوئاسانکاریەی دەکرێت بەپێدانی مۆڵەتی ھەڵگرتنی چەک مەترسیەکی ترە لەسەر کۆمەڵگە کەبەناوی بەرگریکردن لەخود و دوژمنایەتی ئاسانکاریەکی زۆر کراوە بۆھەڵگرتنی چەک ئەوە لەکاتێکدایە بەھیچ جۆرێک لەکەسی ھەڵگری چەک ناکرێت ئایا تاچەند باری دەروونی جێگیرە یاخود.

‎ھاوکات نابێ ئەوە لەبیربکرێت کە لە بازاڕەکانی ھەرێمی کوردستان بە ئاشکراو بەنھێنی ھاوشێوەی ھەر شمەک و کەرەستەیەکی تر کڕین و فرۆشتن بەچەکەوە دەکرێت,ئیتر چەکی بچوک بێت یان گەورە یاخود راو, بۆئەوەش دەروازەکانی ھەرێمی کوردستان لەگەڵ عیراق لەلایەک و دەروازە سنوریەکان لەگەڵ ئێران لەلایەکی تر ھەمیشە واڵا و بەردەوام بەقاچاخیش بێت چەکی جۆربەجۆر بەچەکی راویشەوە کەمرۆڤی پێ لەناودەبرێت دەھێنرێنە ھەرێمی کوردستانەوە, ئەمە سەرباری ئەوەی لەتۆڕەکۆمەڵایەتیەکانەوە بەتایبەت لە ھەندێک لە پەیجەکانی فەیسبووک بە ئاشکرا ریکلام بۆ چەک دەکرێت.  

‎ ئەم ھۆشداریە لەکاتێکدا دەخەمەڕوو کە بەپێی بەدواداچوونی میدیاکان تاوانەکان لەھەرێمی کوردستان تەنھا لەرێگەی چەکەوە زۆر جاریش لەرێگەی چەکی بێ مۆڵەتەوە ئەنجام دەدرێن زۆرجاریش پاساوی خراپی دۆخی دەروونی دەکرێتە بیانوو یاخود ھۆکاری ئەنجامدانی تاوانەکان.

‎بەدیدی من بوونی حزبی زۆر و ھێزی زۆر لەکوردستان بوەتە ھۆکارێک بۆ ھەڵگرتنی چەک و تەشەنەکردنی لەکاتێکدا دەبوو چەک تەنھا لەسەر سنورەکان بوونی ھەبێت لەگەڵ بنکەکانی پۆلیس. 

‎ناو بەناو لەھەرێمی کوردستان ھەڵمەتی دەست بەسەراگرتنی چەکی بێ مۆڵەت ئەنجام دەدرێت بەڵام بەداخەوە ئەو ھەڵمەتانە لەبری ئەوەی بەردەوام بن کەچی ناو بەناو ئەنجام دەدرێن و نابێتە ھۆکارێک بۆ ریشەکێشکردنی ھەڵگرتنی چەکی بێ مۆڵەت، بۆیە دەبێت پرسی ھەڵگرتنی چەکی بێ مۆڵەت  بەیاسا رێک بخرێت و قەدەغەبکرێت.

‎ھەر لەسەر ئەم پرسە کە مەترسیەکی جدییە لەسەر کۆمەڵگە بەداخەوە رۆژنامەنووسان و میدیاکان رۆڵێکی ئەوتۆیان نەبینیوەو نەگێڕاوە بۆھوشیارکردنەوەی تاکی کۆمەڵگەو مەترسی دوورخستنەوەی ئەودوژمنە لەسەر کۆمەڵگە, ھاوکات دەبێ مامۆستایان لەناوەندەکانی خوێندن و مامۆستایانی ئایینی لە مینبەری مزگەوتەکانەوە بەردەوام رۆڵی خۆیان ببینن لەمەترسیەکانی ھەڵگرتنی چەک ودورخستنەوەی ئەو دوژمنە لەکۆمەڵگە.