ئێمە، تورکیا و ڕۆژئاوا!

29/12/2022
576 جار خوێندراوەتەوە

ئارێز عەبدوڵا

دەڵێی ئەردۆغان فرچکی بە ڕۆژئاوای کوردستانەوە گرتووە، ھەرکە بەیانی لە خەو ھەڵدەستێ تا دەخەوێ بە بۆنە و بێ بۆنە لە دژی کورد زمانی ناچێتەوە کالانێ و ھەڕەشە لە دوای ھەڕەشە لە ڕۆژئاوا دەکات، دیارە بۆ ئەو سیاسەتەی پاساوێکی بێمانا دێنێتەوە، بەڵام سوڵتانە، ھێزی ھەیە و پێی دەخوڕێ! 

لای ھەمووان ڕوونە، کە تورکیای ژێر دەستەی ئەردۆغان نەک ھەر پەیوەندی دۆستایەتی لەگەڵ ھیچ وڵاتێکی دراوسێی خۆی نییە، بگرە لەگەڵ ھەمووانیش دوژمنایەتی ھەیە، کەچی ئەو تەنیا ئەو نیمچە قەوارەیەی ڕۆژئاوا بە ھەڕەشە بۆسەر ئاسایشی نەتەوەیی تورک دەزانێ، ئایا بەڕاستی ڕۆژئاوا مەترسییە، یان ئەوە ئەردۆغان و دەوڵەتەکەیەتی کە لە ھیچ شوێنێک چاویان بەرایی نادا کورد بە ئازادی ببینن؟ 

ئایدۆلۆژیەتی دەوڵەتی تورک ئاشکرایە کە ئەوان بوونی خۆیان لە نەبوونی کورد دەبینن، بۆیە تەنانەت لەگەڵ شەیتانیش ئامادەی ھەموو سەودا و سازشێکن بە مەرجێک لە دژی کورد بێ، نامەوێ لێرەدا شرۆڤەی ئەو بابەتە بکەم، بەڵام دەمەوێ باسی ئەوە بکەم کە ئایا ئەگەر ئەزموونی ڕۆژئاوا لە ناوبرا دڵی ئەرۆغان ئاو دەخواتەوە؟ 

ھەرگیز نا، بەڵکو ئەوە دەبێتە ھەنگاوی یەکەم بە ئاراستەی جێبەجێکردنی ستراتیژیەتێک کە لەناوبردنی ھەرێمی کوردستانیش بەشێکە لێی.

نابێ ئێمە پێمان وابێ ھەڕەشەکانی ئەردۆغان لە ڕۆژئاوا (ئاگرە سورە، لەخۆم دوورە)و بەس، ھەر کەس و لایەنێکیش ئەوەی پێ ڕاستبێ کە ئەوە تەنیا دوژمنایەتی و ناکۆکی نێوان دەوڵەتی تورکیا و پەیەدە یان تەنانەت پەکەکەشە زۆر ساویلکەیە یان وەکو مناڵ بەدەست چاوی ئەگرێ تا پشیلە نەبینێ. 

پیلانە درێژخایەنەکەی تورکیا زۆر مەترسیدارە و پێویستە لەبەر چاو بگیرێ، تا کار لە کار نەترازاوە ڕەنگە ئێمەش بتوانین ڕۆڵێکی مرۆڤ دۆستانەمان بۆ خوشک و براکانمان ھەبێ و مەترسی سەر ھەرێمی کوردستانیش کەم کەینەوە.

نابێ جیاوازی و ناکۆکی نێوان لایەنە کوردستانیەکان پاساوی جێبەجێ نەکردنی ئەرکێکی نیشتمانی بێ لەبەرامبەر ئەو ھەڕەشەیەی کە قۆناغی دووەمی بە دڵنیاییەوە پوکاندنەوەی ھەرێمی کوردستانە.