ھێرۆخان پێشمەرگەی کامێرا لە شان

05/01/2024
1895 جار خوێندراوەتەوە

بڵێسە جەبار فەرمان

زۆرن ئەوانەی لە بوارە جیاجیاکاندا پێشمەرگە ئاسا تێدەکۆشن و هەوڵی بەرەوپێشبردن و پاراستن دەدەن.
میدیا لە ژیانی مرۆڤەکاندا رۆڵی کاریگەری هەیە.

لە رێگای میدیاوە دەکرێت گۆڕان لە کۆمەڵگادا بکرێت و بەرەو پێشەوەی ببرێت.
میدیا بە چەندەها جۆر و لە چەند رووێکەوە دەتوانێت کاریگەری لەسەر  رەوتی ژیان و کۆمەڵگا هەبێ.
ئەرکێکی سەرەکی میدیا پاراستنی سەروەریە مێژوییەکانە لە لەبیرچونەوەو لەناوچوون ئەو سەروەریی و شانازیانە بگوازێتەوە بۆ نەوەی داهاتووە لە رێگای دۆکۆمێنتریەوە.

هێرۆخان ئەو ئەستێرەیەی لە ئاسمانی شۆڕشی نوێ دا دەدرەوشێتەوە نەک تەنها وەک سیاسەتمەدارێک و پێشمەرگەیەک، بەڵکو وەکو کامیراومێن و فۆتۆگرافەرێک.

هێرۆخان بە کامێرا ڤیدیۆکەی و کامیرە فۆتۆگرافەکەی هەموو چرکە و ساتەکانی خەبات و بەرەنگاری و ستەمەکانی داگیرکەری ئەرشیف ئەکرد.

ئەو ژنە باریکەلەیەی بە کامیرەیەکی کۆنی چەندەها کیلۆیی سەرشانیەوە داستانەکانی پێشمەرگەی تۆمار دەکرد و چاوێکەوتنی لەگەڵ ئەنجام ئەدان.

ئەو ژنەی دەیزانی بەڵگەی مێژووی چەندە بەنرخ و گرانبەهایە و چۆن لە رێگای گفتوگۆ لە زاری پێشمەرگەوە داستانەکان بگوێزێتەوە.

ھێرۆخان پێشمەرگەی کامێرا لەشان
ئەو سەرکردە ژنەی بڕوای تەواوی بە ئەرشیفسازی و کاریگەری راگەیاندن ھەبوو
رۆژگار دەرفەتی دا بەشێک لە خەونەکانی بھێنێتە دی و پێشکەشی کوردستانی بکات.

بە دامەزراندنی تەلەفزیۆنی خاک و کەناڵی کوردسات کە لە ھەناوی ئەو کەناڵانەدا بەرنامەی رەخنەیی و رای جیاواز و ھونەرو فەرھەنگ بەمەودای فراوان رەنگی دابوەوە.

لە سەردەمێک دا کە سۆشیال میدیا نەبوو وە کەناڵی ئۆپۆزسیون بوونی نەبوو، لەم کەناڵانە لە رێگای بەرنامەی بەرنامە و چەندەها بەرنامەی جیاوازەوە رەخنە لە حکومەت و دەسەڵات دەگیرا.

یەکەم فیلمی کارتۆنی دۆبلاج کراو بە زمانی کوردی بۆ منداڵان پەخش دەکرا.

ھەر بەوەشەوە نەوەستا گۆڤاری خاک و سیخورمەی وەک بڵاوکراوەی کاغەزین خستە سەر سەرمایەکانی، توانی زمانێکی نوێ لە رەخنەی تەنز ئامێز و کەشکۆڵی توانج لە کەموکوڕیی و نادادیەکان بگیرێت.

ئەو خەونی گەورەتر لە حزبایەتی ھەبوو بۆیە بیرۆکەو داھێنانەکانی لەسەرووی خواستی حزبیەوە بوو ئەو لە بۆتەقەی بابەتی نیشتمانی و نەتەوەیی و مرۆڤایەتیدا ھاوکاری و یارمەتیدەری پرۆژەو بەرنامە میدییایەکان بوو.
زۆری دەکردو زۆری دەبەخشی بەڵام کەمترین خۆپیشاندان و خۆ دەرخستنی ھەبوو، کەم دوو، بەڵام زۆر بەخشش.
بەشێک لە میدیاکارە پرۆفیشناڵ و دەرکەوتوەکانی کوردستان لە سەرچاوەی ئەو میدیایانەوە دەرکەوتن کە ھێرۆخان پاڵپشتی بوە.
کەواتە نەک ھەر بۆ کەناڵی میدیا بەڵکو بۆ پێگەیاندن و دەرکەوتنی میدیاکاری باش و پرۆفێشناڵیش ھێرۆ خان لەم بوارەدا شوێن دەستی دیارە.
ھێرۆخان لەو سەرکردە دەگمەنانە بوو لە کاتی ئاڵۆزیەکاندا دەیویست میدیا رۆڵی ئاو ببینێ بۆ دامرکاندنەوە نەک رۆڵی بەنزین بەو تێرمەش ھانی میدیاکانی دەدا لە کاتی قەیرانەکاندا بەرپرسانە بەرخورد بکەن.

لەناو ئەوجی کێشمەکێشەکانی سیاسەت و بابەتی ھەڵبژاردن و شەڕە دەنووکی میدیاکاندا
ئەو کەناڵانەی ھێرۆخان سەرپەرشتی دەکرد بەھێمنی و بەشنەی شەماڵ و چەپکە گوڵەوە زانیاری ئەبەخشی بە خەڵک و پیشان دەدرا خزمەت تەنیا لە رێگەی سیاسەت و بەرنامەی سیاسیەوە ناکرێ و ژیان بەرفراوانترە لەو تەسکبینیەی لەناو شەڕەکانی ئایدۆلۆژیادا ھەیە.

لەسەردەمی پێش گەشەکردنی سۆشیال میدیا نەبوونی فەیس بوک و ئەنستاگرام و تیکتۆک لەکوردستان، ئەو پرۆژە رەخنەییەکانی لە حکومەت و ھەڵەی دامودەزگاکان بە شێوازی تەنزو بە ھونەر ئاراستە دەکردن. 
لەو بوارەشدا ئەرشیفێکی گەورە ھەیە کە ھەموو ئەو چالاکی و ھەوڵی چاکسازیانە بە بیرۆکەو پشتیوانی ئەو ژنە سەرمەشقەی کوردستان بوو.

لەکاتێکا گەورەکان لە دەست چەماندنەوەدابون ھێرۆخان خەمی مناڵانی بوو بەھەموو شێوەیەک ھەوڵی ئەدا پەروەردەیەکی بنچینەیی نوێ بۆ مناڵانی کورد بونیات بنێت، دەرکردنی گۆڤاری مناڵان و گۆڤاری پەپولە دیاریەکی میدیای مناڵان بوو کە دەیگەیاندە باخچەی ساوایان و قوتابخانەو کتێبخانەی شارەکان. 

لەم بوارەدا بەتایبەتی چەند شیکردنەوە بکرێت و بگەڕێینەوە بۆ ئەو دەمانەی کەناڵەکان دەستیان بەکارو چالاکی کرد 
تێگەیشتن دروست دەبێت چ شۆڕشێکی میدیایی کرد ھێرۆخان لە دوای سەرکەوتنی شۆڕشی چەکداریی.
نازناوی پێشمەرگەی کامێرا لە شان بەشان و باڵای زراڤی ئەو ئەبڕم و لە یادی میدیاکانیدا یادی ئەویش دەکەم.