کێ لەھەڵبژاردن و کەوتن دەترسێت؟؟

02/05/2023
475 جار خوێندراوەتەوە

بنار محەمەد

.

(تۆنی بلێر) سەرۆکوەزیرانی پێشووتری بەریتانیا وتەیەکی ھەیە سەبارەت بەسیاسەت و ژیانی سیاسی پارتە سیاسیەکان دەڵێت؛ 
سەردەمی سیاسی بۆ سیاسەتمدار سێ قۆناغە
یەکەم پێتوایە ھیچ نازانی..
دووەم پێتوایە ھەموو شتێک دەزانی.
سێھەم ‏‎دەزانی کە چی دەزانی و چی نازانی و دەبێ چی بکەیت و نابێت چی بکەیت.

مەترسیە گەورەکە ئەوەیە کە سیاسەتمەدار یان پارتی سیاسی لەقۆناغی دووەمدا بوەستێت و بلکێت و گیربخواو پێیوابێت ھەموو شتێک دەزانێت و ئاساییە ھەرچییەکی بوێت بیکات و بیڵێت و ئەوەی لەخۆیەوە نەھاتبێت، تاڵ و بەتاڵ بێت..

پارتی ڕێک لەقۆناغی دووەمدایەو گەر بۆی بکرێت و بچێتە سەر، ھەموو ژیانی سیاسی کۆمەڵانی خەڵک و حزبەکانی تریش بەو سەردەمەوە دەلکێنێت و گیرۆدە دەکات، پێیی وایە ھەمووشتێک دەزانێت، ھەموو شتێک دەبێت ھەر خۆی بیکات، لەکاتێکدا ھەمووان شایەدی  ئەو حوکمڕانێتیە چەوت و ھەڵەورەن کە پارتی ئێستا پێیدا تێ دەپەڕێت و دەیکات.

‏‎ کاتێک سەرخان و ژێرخانێکی وێران دەبینیت، کاتێک فەرامۆشکردنی وەبەرھێنان دەبینیت، کاتێک سیستمی پەروەردە بەمەبەست سست و پەک دەخرێت و ڕاگەیاندن بەلاڕێدا دەبرێت و کار لەسەر چەواشەکردنی کۆمەڵگەو تێکدانی شیرازەی خێزانی کوردەواری دەکرێت، ئەوە جگە لەدروستکردنی قەیران بەدوای قەیرانی قورسترداو زیاتر بوونی تاوان و تۆڵە لەبری حوکمی دادگاو یاسا، دروست لەھۆکارەکان تێدەگەیت و حکومەتێکی شکستخواردوو دەبینیت.

‏‎کارو ئامانجی تیمی پارتی لەکابینەی نۆھەمی حکومەت ئاشکرا بووە، نەدوو ئیدارەییی و رێز نەگرتن لەزۆنی سەوز، بووە بەکۆیلەی و کلکایەتی بۆ وڵاتانی دراوسێ، بەسامانی وڵاتەکە سەماو ئاھەنگ دەگێڕن، پارتییان کردوە بەو پارتییەی بەتەواوەتی لەھۆش خۆی بچێت، ئەو پارتییەی بەھۆی ساختەکاریی لەھەڵبژاردنەکان و بەکارھێنانی جۆرەھا میکانیزمی ساختەکردن و سوود وەرگرتن لەیاسای ھەڵبژاردنەکانی ھەرێمی کوردستان کە بەجۆرێک دانراوە دەرفەت بدات بەھێزێکی وەک پارتی بۆ سوودی خۆی بەکاری بھێنێت و زۆرینەیەکی  ناڕاستەقینەی لەپەرلەمان و دواتریش لەحکومەتی ھەرێمدا پێ مسۆگەر بکات!!
لێرەدا دەپرسم، ئایا ئەم ھەموو نادادی و چەق بەستوییەی پارتی دەیکات، ئیتر دەبێت کێ ترسی کەوتنی لەھەڵبژاردن ھەبێت؟ 

یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ھێزێکی خاوەن پێگەی گەورەی مێژویی و سیاسی و جەماوەرییە، کە رابەرایەتیی نیشتمانی و جەماوەرێکی بەرفراوان و ھێزێکی سەربازیی گەورە دەکات لەھەرێمدا، ھێزێکی خاوەن کاریگەریی ناوخۆیی و ئیقلیمی و حساب بۆ کراوی نێودەوڵەتییە، ھێزێک کەخاوەنی ئەم پێگە بەھێزە بێت و خاوەنی زیاتر لە٢٠  ھەزار شەھید بێت، ھەرگیز ترسی لەھیچ سەردەمێک و لەھیچ ھەڵبژاردنێک نابێت.