ئێستا قۆناغی بەدەستھێنانەوەی مافە

24/12/2023
282 جار خوێندراوەتەوە

د. مەجید حەمەد ئەمین

لەنوسینێکی دیکەدا لەکاتی ھەڵمەتەکانی بانگەشەی ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکاندا، ئاماژەمان بەوەدابوو، کە دەربازکردنی ئەم دۆخە ناھەموارەی بەسەر گەلەکەمان و دەستکەوتە وەدیھاتووەکانیدا ھاتووە، تەنھا یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەتوانێت ببێتە فریادڕەس و ئەم واقیعە چەق بەستووەش بگۆڕێت.

بەر لەتۆمارکردنی لیستی ھێزە سیاسییەکان لەلایەن کۆمیسۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکان، سەرۆک و سەرکردایەتی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، بەمەبەستی گێڕانەوەی خۆبەڕێوەبەری ئەم ناوچانە لە ڕێگەی خەباتی دیموکراسی و پرۆسەی ھەڵبژاردندا، سەردانی ھەموو ھێزە سیاسیەکانی کوردستانیان کرد، تکایان لێکردن، یەک لیستی ھاوبەشی کوردستانی، لەناوچە جێناکۆکەکانی دەرەوەی ھەرێمی کوردستان دروست بکرێت، جگە لە حزبی شیوعی کوردستان، کەس بەدەم داواکەی یەکێتیەوە نەھات، بەداخەوە ھەندێکیان لەبەر غروری سیاسی و حساب نەکردن بۆ ھەستی دڵسۆزانەی دەنگدەری کورد و ھەندێکیش بەھۆی وابەستەبوونیان بە ئەجێندای ئەملاو ئەولا، ئەم ھەوڵە نیشتمانیی و نەتەوەییەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانیان لەباربرد، بەڵام کاتی دەستپێکردنی داستانی دەنگدان  دەنگدەرە ئازاو بەھیممەتەکانی کورد، سزایەکی ئەوەندە قورسی ھێزە مەغرورەکانیاندا، پێویستە تامردن لەبیری نەکەن، لەبەرامبەر پەرۆشی بۆ یەکڕیزی، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانیشیان، بردە سەری سەرەوەی شانازیەکانی خۆیان،  وەک ھێزێکی داکۆکیکار لەماف و داخوازیەکانیان.

جێگەی وەبیر ھێنانەوەیە، لەدوای ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لەساڵی ٢٠٢١ گەلەکەمان ڕەش و سپی ناو تەپوتۆزی سیاسەتی ھەڵە زۆر جوان لەیەکتر جیا دەکاتەوە و زۆریش بەئاگایانە، سزای ئەو ھێزە سیاسیانە دەدات، کەدژی خواستەکانی گەلی کوردستانن و بوونەتە ھۆکاری برسیکردن و بەرتەسککردنەوەی ئازادیەکان.

ھێشتا کات ماوە، بۆ ئەوەی بیەوێت ھەڵەکانی خۆی ڕاست بکاتەوەو کۆتایی بەکەتن و گۆبەندەکانی بھێنێت و ڕەچاوی بەرژەوەندیی باڵای نەتەوەیی و نیشتمانیی کوردستانی و ھەمیش عیراق بکات، ئەگەر نا سزاو نەفرەتی داھاتووی گەلەکەمان زۆر قورسترو بەئازارتر دەبێت.