وەزارەتی پلاندانان : زیاتر لە ٢ ملیۆن بێوەژن لەعێراقدا ھەیە

January 10th, 2017 | لەلایەن helin sardar | بینین : 279
وەزارەتی پلاندانان : زیاتر لە ٢ ملیۆن بێوەژن لەعێراقدا ھەیە
ڕاپۆرت
0

بەپێی ئاماری وەزارەتی پلاندانانی عێراق رێژەی ھەژاری لەساڵی ٢٠١٦دا بۆ ٣٠% بەرزبۆتەوەو ، ژمارەی بێوەژنەکانیش گەیشتۆتە زیاتر لە دوو ملیۆن بێوەژن .

“عەبدول زەھرە ھینداوی” وتەبێژی وەزارەتی پلاندانانی عێراق رایگەیاند ، بەپێی ئامارەکان رێژەی ھەژاری لە ساڵی ٢٠١٦دا بۆ ٣٠% بەرزبۆتەوە ، لەکاتێکدا کە ئەو رێژەیە لەساڵی ٢٠١٤ دا تەنھا ٢٢% بووە.

ئاماژەی بەوەشکرد ، لەساڵی ٢٠١٣دا رێژەی ھەژاری لەعێراقدا تەنھا ١٣% بوە ، پاشان بە ھۆی داگیرکردنی چەند پارێزگایەکی عێراق لەلایەن داعش و داشکانی نرخی نەوتی خاو لەبازارەکانی جیھان ، ئاستی ھەژاری زیادیکردوو گەیشتە ٢٢% .

ئەوەش لەکاتێکدایە پێشتر وەزارەتی پلاندانانی عێراق رایگەیاندبوو پلانی وەزارەتەکەی بۆکەمکردنەوەی ئاستی ھەژاری و زیادکردنی بەرھەمی ناوخۆ لەنێوان ساڵانی ٢٠١٠ بۆ ٢٠١٤ شکستی ھێناوە، ھەروەھا جەختی لەسەر ئەوەش کردبۆوە کە ھەژاری لە عێراقدا لەسەرووی ئەو رێژانەن کە لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکان دیاریکراون .

وتەبێژی وەزارەتی پلاندانان عێراق ئەوەشی ئاشکراکرد ، بەپێی سەرژمێری ناوەندی ئامار زیاتر لە ٢ ملیۆن بێوەژن لەعێراقدا ھەیە .

بەھۆی بەردەوامی شەڕو ئاڵۆزییەکان، عێراق رووبەرووی بێکاری فراوان بۆتەوە بەتایبەت لەنێو گەنجان و درەچووانی زانکۆکاندا ، ھەروەھا دووچاری قەیرانی نیشتەجێبوون بووەو جگە لەوەش ئاستی خزمەت گوزاری لەبەغدادی پایتەخت و زۆربەی ناوچەکانی دیکە بەشێوەیەکی بەرچاو پاشە کشەی کردووە.