تورکیا داوا لە ئەمریکا دەکات شەڕڤانان لەچەک دابماڵێت

تورکیا داوا لە ئەمریکا دەکات شەڕڤانان لەچەک دابماڵێت

وەزیری بەرگریی تورکیا لە ئەنقەرە لەگەڵ سەرۆکی ئەرکانی سوپای ئەمریکا کۆبووەوە و داوای لە ئەمریکا کرد ھێزەکانی سوریای دیموکرات  لە چەک دابماڵێت.

بەپێی راگەیەندراوێکی وەزارەتی بەرگریی تورکیا، خولوسی ئاکار وەزیری بەرگریی تورکیا ژەنەراڵ جۆزێف دانفۆرد سەرۆکی ئەرکانی سوپای ئەمریکا لە ئەنقەرە کۆبوونەوە و  دوایین پێشھاتی سوریا و کشانەوەی ئەمریکا لە خاکی ئەو وڵاتەیان تاووتوێ کردووە، ھەروەھا ھەردوولا باسیان لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆریستانی داعش کردووە و ھاوکات وەزیری بەرگریی تورکیا داوای لە ئەمریکا کردووە ئەو چەکانە لە ھەسەدە وەربگرێتەوە کە لە ساڵانی رابردوودا بە شەڕڤانانی دابوو.

وەزیری بەرگریی تورکیا جەختی لە جێبەجێکردنی نەخشەرێگەی مەنبەج و دەرکردنی شەڕڤانان کردووە لە ناوچەکانی خۆرھەڵاتی فورات.

ئەمەش لەکاتێکدایە، ئاژانسی رۆیتەرز لەزاری سەرچاوەیەکی باڵا ئەمریکاوە بڵاویکردووەتەوە، ھێزی ئەمریکا لەئێستادا لە سەربازگەی تەنەف لە سوریا ناکشێتەوە و لێپرسراوانی باڵای تورکیا جۆن بۆڵتۆن، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی ئەمریکایان دڵنیاکردووەتەوە، کە سوپای تورکیا ئۆپراسیۆنی سەربازیی نوێ لە سوریا ئەنجامنادات.