ھەڵبژاردنی پەرلەمان پێش ریفراندۆم

  مەحمود شێرزاد

 

بۆ ھەر ھەنگاوێکی چارەنووسساز لەرووی سیاسی و یاساییەوە، چەند ئامانج و ناوەڕۆک گرنگە، ھێندەی ئەوەش سات و کاتەکەی گرنگە، لەم گۆشەنیگایەوەو لەسەروبەندی دیاریکردنی ٢٥/٩/٢٠١٧ لەلایەن بەشێک لە ھێزە سیاسییەکانی ھەرێم بۆ ئەنجامدانی ریفراندۆم لەھەرێمی کوردستان و مانگی تشرینی دووەمیش بۆ ئەنجامدانی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و سەرۆکایەتی ھەرێم و سەرەڕای تێبینی سیاسی و یاساییمان لەسەر ئەم پرسە، بەڵام بەباشی دەزانین لەرووی تەکنیکی و ئەولەویەتی کارو ھەنگاوی سەرکەوتووانە بۆی بەئامانجی سەرخستنی پرسی ریفراندۆم و ھەڵبژاردن، وا باشتربوو، کە ئەنجامدانی ھەڵبژاردنی پەرلەمان پێش ریفراندۆم بێت، لەبەر چەند ھۆکارێک، لەوانە: گرفتی پەکخستنی پەرلەمان و کاراکردنەوەی، کە ململانێ و درزی بێ متمانەیی لەنێوان لایەنەکان دروستکردووەو بووەتە ھۆکارێکی سەرەکی چەقبەستنی سیاسی لەھەرێم، راستەوخۆ چارەسەر دەبێت بە دەستبەکاربوونی پەرلەمان لەخولێکی نوێی کاری خۆیدا ئەمە لەلایەک، لەلایەکی تریشەوە، پرۆسەی ریفراندۆم پێویستی بەیاسای تایبەت ھەیە، تا وەکو لەرووی بابەتی "موچوعی" و رواڵەتی "شکلی"رێکی بخات، لەبەرئەوە ئەگەر ھەڵبژاردنی پەرلەمان پێشتر ئەنجامبدرێت، واتە دەزگای یاسادانانی ئامادەی ھەبێت بۆ دەرکردنی ھەر بڕیارو یاسایەکی پێویست، لەھەمان کاتیشدا ئەنجامدانی پرۆسەی چاودێری بەسەر کۆمسیۆنی ھەڵبژاردن و راپرسی ھەرێم، کە بەپێی یاسا گرێدراوە بە پەرلەمانەوە، ھەر لەو چوارچێوەیەشدا، شەرعیەتی یاسایی بۆ پرۆسەکە و کۆدەنگیی نیشتمانی بۆ دروست دەبێت، کە جگە لە رەوایەتی ھاووڵاتیانی کوردستانیش بەشێوەیەکی بەرچاو بەشداری تیادا دەکەن، پاڵپشت بەبنەمای گەل، سەرچاوەی دەسەڵاتەکانە و گەل پیادەی دەکات لەرێگەی نوێنەرەکانی مافی خۆیەتی، کە پێشوەخت نوێنەرەکانی بۆ پەرلەمان و دواتریش بۆ ھەڵگرتنی بەرپرسیاریەتی ریفراندۆم دیاری بکات، ھەر لەو بوارەشدا پرسی ریفراندۆم دەبێتە ئەجندای لایەنە سیاسییە رکابەرەکان لەھەڵبژاردن ئەمەش لەخۆیدا ھەم ئامادەسازی جەماوەری دەستەبەر دەکات، ھەم نموونەیەکی پێش وەختیش دەبێت بۆ پرۆسەی ریفراندۆم، واتە دەبێتە راپرسیی پێشوەختە بۆ زانینی ئیرادەی گەل، بۆیە واباشترە ھەڵبژاردنی پەرلەمان پێش ئەنجامدانی ریفراندۆم بێت.