کورد گورانکاریە ناوچەیی و جیھانیەکان

  یاسین تەھا


لەسەرەتادا ئەوە بڵێم کە لە دێرزەمانەوە تاک بەتاکی خەڵکی نیشتیمان پەروەری کورد خەون و روئیای کوردستانێکی ئازاد وسەربەخوی ھەبووە،لەم پێناوەشدا خوێن و قوربانی بێ شوماری داوە.
لەسەدەی بیستەمدا، کە سەدەی دەوڵەت نەتەوە و گەیشتنی زۆربەی نەتەوەکانی جیھان بە دامەزراندنی دەوڵەت بوو،گەلی کورد بەھۆی نەبونی سەرکردایەتیەکی گەلێری و سیاسی ھاوچەرخی ئەوکات نەیتوانی ببێتە خاوەنی کیان و دەوڵەتێکی سەربەخۆی کوردی.
نەبونی سەرکردایەتیەکی ئاوەھا بووە ھۆی پارچە پارچە بونی کوردستان و ھێشتنەوەی گەلی کورد لەژێر نیری دەوڵەتە داگیرکەرەکانی سەر خاکی کوردستان و سەپاندنی سیاسەت و فەرھەنگی جیاواز بەسەر گەلی کورد دا.
ئێستا لە سەرەتای سەدەی(۲۱) جیھان و ناوچەی رۆژھەڵاتی ناوەڕاست ھەنگاوی گەورەی ناوە بۆ گۆڕانکاری(سیاسی،جوگرافی،ئابوری،ھەروەھا دامەزراندنی سیستەمێکی کۆمەڵایەتی ھاوچەرخ لەژێر چەتری بەجیھانی بون).
خاڵی دڵخوشکەر بۆ گەلی کورد ئەوە بو کە ناوەندی دەستپێکردنی تێکشکاندنی سیستەمی کۆن و دامەزراندنی سیستەمی نوێ رۆژھەڵاتی ناوەڕاست و لەڕوژھەڵاتی ناوەڕاستیش باشور و رۆژئاوای کوردستان خاڵی گرنگن.
پاش ڕوخانی دەوڵەتی (بەعس) لەچوار چێوەی عیراقێکی بەناو فیدرال ھەندێک ھەنگاوی باش لەلایەن کوردەوە بە پشتگیری ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی نرا،بەڵام بەداخەوە سەرکردایەتی کورد لەباشوری ووڵات بەناوی ھەرێمی کوردستان نەیتوانی خوێندنەوەیەکی سەردەمیانەی ھەبێت بۆ گۆڕانکاریە ناوچەیی و جیھانیەکان.
بناخەی دەستھەڵاتی کوردی بناخەیەکی لەڕوی (سیاسی و ئابوری و سەربازی)نەیتوانی پێگەکانی خۆی بەھێز بکات.
لەڕوی سیاسی لەناوخۆ پەرتەوازە و نەیتوانی ببێتە خاوەنی سیاسەتێکی نیشتیمانی و ستراتیژیەک بەناوی ستراتیژی کورد و لەڕوی دیبلۆماسی دەرەوە دیبلۆماسیەکی حزبی و سەرنەکەوتوو، لەڕوی ئابوری نەیتوانی ژێرخانی ئابوریەکی خۆماڵی و بازرگانیەکی بەھێز دابمەزرێنێت، سەرەڕای ھەبونی سەرچاوەی جۆراوجۆر و دەوڵەمەند بەسامانی سروشتی.
لەڕوی سەربازی نەیتوانی ھێزی پێشمەرگە لە چوارچێوەی ھێزێکی نیشتیمانی کوردستان کۆبکاتەوە.
ھێزەکان لەقالبی ھێزی حزبی تێنەپەڕێنران، بەھەمان شێوەی چوارپارچە بونی ووڵات لەلایەن داگیرکەرانەوە گەل و ھێزی کوردی بەسەر حزبەکاندا دابەش کران.
دەتوانین بڵێین سەرکردایەتی سیاسی کورد لەسەدەی(۲۱)دا بەھەمان شێوەی سەدەی(۲۰) نەیتوانی خۆی لە ھەندێک بازنەی تەنگ دەرباز بکات و خۆی لەگەڵ گۆڕانکاریە جیھانیەکان یەک بخات.
وا بەرەو کۆتایی شەڕی داعش دەڕۆین و خەریکە ووردە ووردە دەرفەتە زێڕینەکانیش چرکە بە چرکە لەدەست دەدەین، بە داخستنی پەرلەمان و ئەو ھەموو کەم و کاسیانەی کە لە سەرەوە باسمان کرد تەنگمان بە ڕیفراندۆم ھەڵچنیوە، پەردەیەکمان بەسەر گشت ھەڵە و خاڵی لاوازی خومان ڕاکێشاوە، تەنیا وەک بانگی مەلا بو نوێژ زۆر لە دەزگای میدیای کوردی بەبێ گەڕانەوە بۆ داخوازی و ئیرادەی گەل کە تەنیا بانگی ڕیفراندوم ئەکەن وەک فەریزەی نوێژ، و ئەگەر کەسێک بە پێری فەریزەی نوێژەوە نەچێت لەدین بەدەرە.
دەبێت باش بزانین کە ریفراندوم مافی سروشتی ھەر گەلێکە بە کوردیشەوە ، لە پێناو سەربەخۆیی تەنیا ئامرازێکە نەک ئارمانج، بەڵام بەداخەوە دەبینین لەلای خۆمان کراوە بە ئارمانج تەنیا لەپێناو دەستھەڵاتی سیاسی نەک ئارامی و خۆشگوزەرانی خەڵک، با گەلی کورد ھەر لە برسان بمرێت.
سیاسەت و دەستھەڵات بە میزاج ناکرێت، دەوڵەت بە نایەک ڕیزی نیشتیمانی دانامەزرێت.
دەرفەتی کەممان لەبەر دەست ماوە با بە ھەڵەکانماندا بچینەوە تەنازول کردن لە تموحاتی حزبی و دەستھەڵات لە پێناو یەکڕیزی نیشتیمانی عەیبە نیە بەڵکو بەرەو بەھێزبون و سەرکەوتنمان دەبات.