وەزیری پەروەردە نامەی دەستلەکارکێشانەوەی پێشکەشکرد

وەزیری پەروەردە نامەی دەستلەکارکێشانەوەی  پێشکەشکرد
وەزیری پەروەردەی عێراق لە بەرامبەر ئەو دەنگۆیەی کە براکەی پەیوەندیی بە تیرۆریستانی داعشەوە ھەبووە، نامەی دەستلەکارکێشانەوەی پێشکەش بە عادل عەبدولمەھدی سەرۆک وەزیرانی عێراق کرد.

شەیما حەیالی وەزیری پەروەردەی عێراق نامەی دەستلەکارکێشانەوەی خستە بەردەم عادل عەبدولمەھدی و لە راگەیەنراوێکیدا جەختی کردووەتەوە لەوەی کەسێکی سەربەخۆیە و سەر بە ھیچ لایەنێکی سیاسی نییە و وەک کەسێکی ئەکادیمی لە زانکۆی موسڵ خۆی بۆ ئەو پۆستە کاندیدکردووە و دوور و نزیک پەیوەندیی بە ھیچ گروپێکی تیرۆریستیەوە نییە، بەڵکو وەک دانیشتوویەکی شاری موسڵ نەھامەتییی بەدەست تیرۆریستان بینیوە کە شارەکانیان وێرانکردوون. 

وەزیری پەروەردەی عێراق لە راگەیەنراوەکەیدا ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەودەمەی داعش لە موسڵ باڵادەستبووە براکەی ناچار بووە لەسەر کارەکەی بەردەوام بێت و پەیوەندیی بە داعشەوە نەبووە.  

رۆژی دووشەممە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەنگی لەسەر شەیما حەیالی دا بۆ پۆستی وەزیری پەروەردە و چەند رۆژێک دوای ئەو دەنگدانە لە تۆرە کۆمەڵایەتیەکاندا ڤیدیۆیەک بڵاوکرایەوە تیایدا برایەکی حەیالی دەردەکەوێت ئەودەمەی داعش لەو شارە باڵادەستبووە.