مۆرینهۆ لە پۆستەکەی دوورخرایەوە

مۆرینهۆ لە پۆستەکەی دوورخرایەوە
بەهۆی ئەنجامە خراپەکانیەوە، مانچیستەر یۆنایتد جۆزێف مۆرینهۆی لە پۆستی راهێنەرێتیی یانەکە دوورخستەوە.

بەشێوەیەکی رەسمی  یانەی مانچیستەر یۆنایتد، بەهۆی ئەنجامە خراپەکانیەوە لەگەڵ یانەکەی، بریاریدا جۆزێف مۆرینهۆی راهێنەری یانەکە لە پۆستەکەی دووربخاتەوە، ئەمەش دوای ئەوە دێت، لە یارییەکەی رۆژی یەکشەممەدا، شەیتانە سوورەکان بە 3 گۆڵ بەرامبەر بە گۆڵێك بە یانەی لیڤەرپوڵ دۆڕان، ئەمەش بووە هۆی نیگەران بوونی یانەکە لە ئەنجامە خراپەکانی کە لە ئێستادا لە شەشەمی ریزبەندیدایە و بە جیاوازیی 19 خاڵ لە دوای یانەی لیڤەرپولی پێشەنگەوەیە.

جۆزێف مۆرینهۆی پورتوگالی، لە ساڵی 2016ەوە ئەرکی راهێنەریی یانەی شەیتانە سوورەکانی گرتە دەست، لەو دوو وەرزەشدا، توانی لەگەڵ یانەکەیدا خولی ئەورووپا لیگ و جامی رابیتەی یانەکانی ئینگلتەرا بەدەسبهێنێت، هەروەها وەرزی رابردووش توانی ریزبەندی دووەم لە خولی ئینگلیزیدا بەدەستبهێنێت و بگاتە یاریی کۆتایی جامی FA.