لەم ھەفتەیەدا بەغداد ٣١٧ ملیار دینارەکە بۆ ھەرێم دەنێرێت

لەم ھەفتەیەدا بەغداد ٣١٧ ملیار دینارەکە بۆ ھەرێم دەنێرێت

ئەم ھەفتەیە بەغداد پارە تەرخانکراوەکەی ھەرێم دەنێرێت و تا ئەو کاتەی بودجەی ٢٠١٩ پەسەند نەکرێت بڕە پارەکە زیاد ناکرێت و ھیچ زانیارییەکیش لەبەردەست نییە کە بەغداد موچەی سێ مانگی ساڵی رابردوو بنێرێت.


بەپێی زانیارییەکانی کوردسات نیوز، لە ماوەی ئەم ھەفتەیەدا حکومەتی عێراق بڕی ٣١٧ ملیار دینار بۆ ھەرێمی کوردستان دەنێرێت کە لەگەڵ داھاتی ناوخۆی ھەرێم موچەی مانگی ئەیلولی ساڵی رابردوی پێدابەش دەکرێت.


زانیارییەکان ئاماژە بەوە دەکەن، رەنگە عێراق لە ساڵی تازەدا ئەو پارەیە زیاد بکات بۆ نزیکەی ٥٠٠ ملیار دینار، بەڵام ئەو بڕیارە ناچێتە بواری جێبەجێکردنەوە تا ئەو کاتەی بودجەی گشتی ساڵی ٢٠١٩ی عێراق لە ئەنجومەنی نوێنەران پەسەند نەکرێت.


پێشتریش کوردسات نیوز بڵاویکردەوە، بە پێی ماددەی ١٠ بڕگەی "جیم" لە پڕۆژە یاسای بودجەی گشتی عێراق، گرەنتی رادەستکردنی مووچەی فەرمانبەران و پێشمەرگە کراوە بەشێوەیەک عێراق مانگانە بڕی "٤٥٤" ملیار دینار بۆ مووچەی فەرمانبەران و ٦٧ ملیار دیناریش بۆ پێشمەرگە دەنێریت.