شکستی داعش لە موسڵ

  ھونەر تۆفیق


نیوەڕۆ رۆژی پێنجشەم، فەرماندەی ئوپەراسیۆنی نەینەوا "موسل" کوتایی دەسەلاتی خەلافەتی داعشی لەو پارێزگایەدا رایگەیاند، پارێزگای موسڵ، خاوەن پێگەیەکی ستراتیجی و جیۆپۆڵیتیکی تایبەتە، ھەم بۆ دەوڵەتی عێراق و بگرە رۆژھەلاتی ناوەڕاستیش. 
دەشتی نەینەوا، لەڕووی پێکھاتەی کومەلایەتی، پێکھاتەیەکی موزائیکی رەنگاو ڕەنگی نەتەوەیی و کەمانەتەوەییەکان، ئایین و ئایینزای لە خۆ گرتووە، ھەر لەسەرەتای مێژووی شارستانی ئاشوور و بابلی و میدیەکان، گۆڕەپانی گۆڕانکاری و خاڵی بەھێزبوونی دەستھەلات بووە، لەمێژووی ئیسلامیشدا، دەشتی نەینەوا، مەیدانی پێکدادانی نێوان خەلیفەکانی ئیسلامی بووە، نامەوێت زیاتر بەنێو مێژووی ئەم ناوچەیەدا بچمەوە، تەنیا مەبەست گرنگی موسڵە. 
ساڵی دووھەزاروچواردە، جارێکی تر، وەک بڵێی مێژوو خۆی دووبارە دەکاتەوە، جارێکی تر وەک سەدەی حەوتەمی زایینی، کە سەدەی لەدایکبوونی ھزری شۆڤینی بیابانیی عەرەبی بوو، دیسان ئەو ھزرە وشک و توندو تیژە خۆی لە موسڵ دا، بەناوی دامەزراندن و پایتەختی خەلافەتی ئیسلامی سووننە مەزھەب کۆکردەوە بەناوی دەوڵەتی ئیسلامی لە شام و عێراق(داعش)، کە بووە سەبەبی کومەڵکوژی کوردانی ئێزدی و بەکەنیزەک بردنی ھەزاران کچ و ئافرەتی کورد، ھەروەھا خاپورکردنی سەدان گوندوشار و ئاوارەبوونی بە ملیۆنان خەڵکی ناوچەکە و دەرکەوتنی شەری تائیفی شیعە و سووننە. 
سەرکەوتنەکانی ئارتەشی عێراق لەشەری دژ بەداعش لە موسل، ئەم سەرکەوتنە خاڵێکی بەھێزە بۆ دەوڵەتی عێراق، ھەم لەناوەوە و ھەم دەرەوە، ئیتر دەوڵەتی عێراق سەردەمی لاوازی خۆی تێپەڕاند لە قۆناغێکی لاواز دەرباسی قوناغی لووتکەی سەرکەتن ھەنگاوی گەورەی نا.
بەبڕوای من، کێشەکانی ھەرێمی کوردستان، تازەبەتازە دەستپێدەکات، کێشەیەک، کە پێویست بوو لایەنی کورد خۆی بۆ گشت پێشھاتەکانی دوای شەڕی موسڵ ئامادە بکردبا، بە داڕشتنی پلان و بەرنامەیەکی گونجاو، ھەروەھا یەکڕیزی ناوماڵی کورد، بەڵام بەداخەوە، ئەم ھەنگاوە نەنرا.
لەمەو بەدواوە دەوڵەتی عێراق لە ڕوانگەی ھێزی عەسکەری و سیاسەتێکی گونجاو لەگەڵ ھاوپەیمانان، سەیری ھەرێمی کوردستان دەکات، لەو ڕوانگەیەوە دەوڵەتی عێراق ھەم لە نەینەوا و ھەم لە کەرکوک کێشەی زۆرگەورەمان بۆ دەنێتەوە، کێشەی مەسیحیەکانی کلدو  ئاشور، ئێزدی، شەبەک، کاکەیی، ئەمانە خاڵی لاوازن، کە عێراق بەجددی لەسەری کاردەکات دژی ھەرێمی کوردستان.
پەرتەوازەی نێوماڵی کورد و ناکۆکی پارتە سیاسیەکانی ھەرێمی کوردستان، دەروازەی دەستدرێژی و دەست تێوەردانی لایەنی عێراقی و دەرەوەی عێراقی ئاوەڵا ھێشتۆتەوە.
خاڵێکی تری پڕ لەکێشەو ئاڵۆزی، ڕیفراندۆمی ھەرێمی کوردستانە، راستە تاک بەتاکی کورد لایەنگری سەربەخۆیی کوردستانە، بەڵام بۆ گەیشتن بەو مافە، کاری زۆری پێویست بوو کە بکرابا، بەئەفسوسەوە، ئەوەی پێوست بوو بکرابا نەکرا، لەجیاتی بەرژەوەندیی گشتی و نیشتمانی، زیاتر بەرژەوەندی حزبی و دەسەڵاتی حزبی بە بنە ماگیرا، داکوکی کردن لەسەرماف و دەستەڵاتی حزبی تا ئەو ڕادەیە، کە وردەوردە خەریکە ئەودەستکەوتانەی کە ھەمانە، بەرەو لەناوبردن دەڕوا و شەڕێکی خۆێناوی گەورە لە پێشمانە.