ئەمریکا یەکەمین جبەخانەی خۆی لە سوریا گواستەوە

ئەمریکا یەکەمین جبەخانەی خۆی لە سوریا  گواستەوە
سوپای ئەمریکا یەکەمین جبەخانەی خۆی لە شارۆچکەی حەسەکە لە باکووری خۆرھەڵاتی سوریا  گواستەوە. 

دوای ئەوەی ھەفتەی رابردوو دۆناڵد ترامپ سەرۆکی ئەمریکا بڕیاری کشانەوەی ھێزەکانی ئەمریکای لە سوریا دەرکرد، ئەمە یەکەمین جبەخانەی ھێزەکانی ئەمریکایە کە لە سوریا بگوازرێتەوە بۆ عێراق. 

ترامپ ئاماژەی بەوەشکردبوو وڵاتەکەی شکستی بە تیرۆریستانی داعش ھێناوە لە سوریا و ھیچ پاساوێک بۆ مانەوەیان لەو وڵاتە نەماوە. 

ھاوکات سارا ساندەرز وتەبێژی کۆشکی سپی رایگەیاندووە: ئەمریکا بە کردەوە کشانەوەی ھێزەکانی لە سوریا دەستپێکردووە، وتووشیەتی: سەرکەوتن بەسەر داعشدا کۆتایی ھاوپەیمانیی نێودەوڵەتی ناگەیەنێت کە لەلایەن ئەمریکاوە سەرکردایەتیی دەکرێت.